سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی دەکات

سیاسی
  • 6-06-2023, 19:22
  • +A -A

    هەولێر/INA 
    ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مسرور بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی کرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،ئەمڕۆ سێشەممە 6/6 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی کرد کە لە کانسوکی ناگائۆکا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و فوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان پێکهاتبوو.
    سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوە دا کە ئەزموونی ناوازەی ژاپۆن ، شایانی سوود لێ وەرگرتنە بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لە سەر داهێنان و ئافراندن کە لەمبارەیەوە ، ئەزموونی ژاپۆن مایەی پێزانین و سەرسامییە و دەکرێ زۆر سوودبەخش بێت .
    شاندی ژاپۆنی جەختیان لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ، لە ڕووی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا زۆر پێشکەوتووە.
    لە کۆبوونەوەکەدا ، بیرو ڕا لە بارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەريمی کوردستان و ژاپۆن لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵ و خوێندن و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ کرا.