سەرۆك وەزیران ڕێنمایی دەدات كە ئەو پارانەی بۆ پڕۆژەكان تەرخانكراوە نەگەڕێنەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت

سیاسی
  • 17-05-2023, 19:56
  • +A -A

    بەغداد - INA

    سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكایەتی شەشەم دانیشتنی دەستەی باڵای هەمانگی نێوان پارێزگاكانی ناپەیوەست بە هەرێمی كرد و ڕێنمایی دا كە ئەو پارانەی بۆ پڕۆژەكان تەرخانكراوە نەگەڕێنەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكایەتی شەشەم دانیشتنی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كرد و تێدا رەوشی گشتی لەسەرجەم پارێزگاكان و پێداچوونەوە بەچۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەم پارێزگایانە تاوتووێكرد.
    هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە سەرۆك وەزیران داوایی لەپارێزگارەكان كرد زەویەكانی تایبەت بەپرۆژەكانی قوتابخانە نوێیەكان ئامادە بكەن كەلەچوارچێوەی جێبەجێكردنی بودجەی 2023 دروست دەكرێن.
    هەروەها داوایی كرد هەموو پارێزگاكان رەوشێكی لەبار بۆ ئەنجامدانی ئەزموونەكان بۆ هەموو قوتابیان برەخسێنن، و لەوەرزی پشووی هاوێنیش هەڵمەتێكی گشتی بۆ ئامادەكردنەوەی قوتابخانەكان جێبەجێ بكەن.
    هەروەك سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لەوەكردەوە كەپێویستە پارێزگارەكان سەردانی رۆژانە بۆ فەرمانگا خزمەتگوزاریەكان ئەنجام بدەن و ئاگاداری چۆنیەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان بن بەشێوەیەكی مەیدانی بەهاووڵاتیان.
    سودانی تەكەزی لەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت و خەرجكردنی شایستە دارایەكانی كۆمپانیەكانی جێبەجێكاری پرۆژەكان كردەوە و نابێت دوابخرێن. 
    بەیاننامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە سەرۆك وەزیران داوایی كار بكرێت بۆ دابینكردنی دەرفەتی كار بۆ لاوان بەڕێگای هاندانی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران بەڕێگا پێشكەشكردنی ئاسانكاری و ئاسانكردنی ڕێكارەكان، و دەبێت هەر پارێزگارێك راپۆرتێك سەبارەت بەچالاكییەكانی بواری وەبەرهێنان لەپارێزگای خۆی لەهەموو كۆبوونەوەیەك پێشكەش بكات، هەروەەها داوایی كرد پێداچونەوە بەمۆڵەتی وەبەرهێنانەكان لەپارێزگاكان بكرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت كام پرۆژە راوەستاوە و كامەی جێبەجێ دەكرێت.  
     هەروەها سودانی داوایی لەپارێزگارەكان كرد خۆیان ئامادە بكەن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەچوارچێوەی بودجەدا، و ئەو پارەیەی بۆ پرۆژەكان تەرخانكراوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت نەگێرنەوە، بەڵام پرۆژەكانی پێ تەواو بكەن بەپێی مواسفاتی پێویست و چاودێریكردنی جۆری كاری باش.  
    هەروەها دانیشتنەكە رەزامەندی دا لەسەر پێشنیاری پەیرەوەی ناوخۆیی دەستەی باڵای گشتی هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان.
    بەیاننامەكە ئاشكراشیكرد: بەهۆی تێكچوونی ڕێگاكانی نێوان بەغدا و كەربەلا و ئەو نەخۆشیانەی كەسەردانیكەرانی شوێنە پیرۆزەكان لەكاتی هاتن و چونیان بۆ كەربەلا دەبێنن، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەردانی ملیونی و لەپێناو ئاسانكردنی گواستنەوە و كەمكردنەوەی ڕێگاكانی سەردانیكەرانی شوێنە پیرۆزەكان، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران داوایی كرد كار بكرێت بۆ دروستكردنی ڕێگایەكی نوێ بۆ بەستنەوەی بەغدا بەكەربەلا، و بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەك درا بەسەرۆكایەتی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامێتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانیە گشتیەكان و پارێزگاكانی (بەغدا، كەربەلای پیرۆز، و بابل) و بەڕێوبەری بەشی چاودێریكردن لەنووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران. 
    لیژنەی ناوبراو ئەركی سەردانی ڕێگاكانی نێوان هەردوو پارێزگای بەغدا و كەربەلا و بەتێپەربوون بەپارێزگای بابل لەئەستۆ دەگرێت لەگەڵ پێشكەشكردنی راپۆرتێك سەبارەت بەرەوشی پردی فازلییە، و دانانی تێروانینێكی ستراتیژی بۆ پێشخستنی ئەم ڕێگایە كەببێتە ڕێگایەكی سەرەكی لەگەڵ پێشكەشكردنی تێروانینێكی بەپەلە بۆ ئامادەكردنێكی وەختی، و دەبێت لیژنەكە راپۆرتی خۆی لەماوەی یەك هەفتەدا لەڕێكەوتی دەرچوونی بڕیاری پێكهێنانی پێشكەشبكات.
    هاوكات بەمەبەستی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی چاودێری لەسەر دارایی گشتی، بڕیار درا: 
    1- پارێزگاكان داتاكانی دارایی پێویست پێشكەش دەكەن بۆ تەواوكردنی كارەكانی چاودێری و وردبینی بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی، لەماوەی كە لە (٢٠) رۆژ زیاتر تێپەر نەبێت، و بەپێچەوانە ئەو پارێزگایەی پێگیری ناكات هەموو دەرئەنجامێكی یاسایی لەئەستۆ دەگرێت. 
    2- سكرتاریەتی گشتی كاروباری پارێزگاكان ئەركی چاودێریكردنی پێشكەشكردنی داتاكان لەلایەن پارێزگاكانەوە لەئەستۆ دەگرێت.
    لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بۆ ئەوەی خاوەن موەلیدەكان پێگیربن بەپارەی رەسمی دیاریكراو، بڕیاردرا: 
    1-كردنەوەی دەروازەكانی هەموو پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێم بۆ فرۆشتنی گازوایل بەنرخی بازرگانی بەخاوەن موەلیدە ئەهلیەكان بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستیەكانیان لەسوتەمەنی.
    2- كردنەوەی دەرگا بۆ تۆماركردنی ئەو موەلیدانەی تۆمارنەكراون، بۆ ئەوەی بەشی گازوایل بەپێی پێداویستی گەرەكە نوێیەكان وەربگرن، و بەپشتگیری ئەو لیژنەیەی كەپارێزگار پێكیدەهێنێت. 
    3- پشت بەستن بەهاوكێشەی 2 لتر ×12× توانای موەلیدە× 0.6= بەشی مانگانەی پارێزگا، لەداوایی وەرگرتنی رەزامەنی سەرەكی بۆ ئەو بڕەی كەلیژنە دیاریكردووە بەپێی فەرمانی دیوانی (22435) ی ساڵی 2022، و لەسەر بنەمای ئەنجامی ژماردنی كەئەو لیژنەیە بەفەرمانی دیوانی پێشتر پێكهاتووە، كەداوایی كردووە بۆ زیادكردنی كاتژمێرەكانی موەلیدە ئەهلیەكان، بەمەبەستی پێدانی كارەبا بەهەموو ناوچەكانی پارێزگاكان، و دەبێت بەپێی ئەنجامی ژماردنەكە دووبارە دابەش بكرێنەوە. 
     لەچوارچێوەی بەگەرخستنی وەبەرهێنان و فراوانكردنی لەپارێزگاكان، دەستەی باڵا بڕباریدا: 
    1- پێكهێنانی لیژنەیەك لەهەموو پارێزگایەك بەسەرۆكایەتی پارێزگار و ئەندامێتی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومی لەپارێزگا، كەئامادەكردنی نەخشەی وەبەرهێنان بۆ پارێزگا لەئەستۆ دەگرێت، و بەرزی دەكاتەوە بۆ دەستەی هەماهەنگی بەمەبەستی دیراسەكردن و پێشكەشكردنی بەدەستەی هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان، بۆ پەسەندكردنی و لەبەرچاوگرتنی دابەشبوونی نیشتەجێبووان. 
    2- پێدانی دەسەڵات بەپارێزگار بۆ تەرخانكردنی زەوی (لەچوارچێوەی نەخشەی وەبەرهێنان) بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسنووری شارەوانی لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بەشارە نوێیەكان. 
    3- وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانیە گشتیەكان پێداچوونەوە بەنووسراوی خۆی 13 شوباتی 2023 دەكاتەوە. 
    بەمەبەستی ڕێكخستنی كاری موختارەكان لەپارێزگاكان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەداكانیان، بڕیاردرا:
    1-هەموو پارێزگاكان پێشنیارەكانی خۆیان سەبارەت بەهەمواركردنەوەی یاسایی موختارەكان ژمارە (13)ی ساڵی 2011 بۆ سكرتاریەتی گشتی كاروباری پارێزگاكان دەنێرن. 
    2- پێشنیارەكان یەكدەخرێن و وردبینی بۆ دەكرێت لەلایەن سكرتاریەتی گشتی كاروباری پارێزگاكانەوە، و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت بۆ لەبەرچاوگرتنی لەكاتی هەمواركردنەوەی یاساكە.
    3- بەڕێگاری سكرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەیوەندی بەئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەكرێت، بۆ كشاندنەوەی یاساكە بەمەبەستی دیراسەكردن و دەربڕینی رەزامەندی لەسەری.