عەوادی: سەردانەكەی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ بەغدا بە ئاگاداری و رەزامەندی حكومەت بووە

سیاسی
  • 8-03-2023, 16:37
  • +A -A

    بەغداد - INA
    گوتەبێژی حكومەت باسم عەوادی ئەمڕۆ چوارشەممە، دووپاتیكردەوە: كە سەردانەكەی لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ بەغدا بەئاگاداری و ڕەزامەندی حكومەت بووە، ڕوونیشیكردەوە: ئۆستن پەیامێكی سەرۆكی ئەمریكای پێبوو بۆ پشتیوانیكردن لەسەقامگیری عێراق.
    عەوادی لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: سەردانەكەی وەزیری بەرگری ئەمریكا لوید ئۆستن بۆ بەغدا ڕۆژی سێشەممە بە ئاگاداری و ڕەزامەندی حكومەت بووە و سەردانێكی لەناكاو نەبوو، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لایەنی ئەمریكی كە نزیكەی هەفتەیەك پێش وادەی سەردانەكە پێیڕاگەیاندین وەك لە چوارچێوەی پرۆتۆكۆڵدا هەیە.
    ئەوەشی وت: لە دیدارەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریكا سەبارەت بە گەشەپێدانی دیمەنەكانی هاریكاری ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات گفتووگۆكرا، ئاماژەی بەوەشدا: كە ئۆستن پەیامێكی لە جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ سەركردەكانی عێراق پێبوو كە تێیدا هیواخوازە عێراق ئارام بێت و لە هەر ئاژاوەیەك بەدوور بێت.
    ئاشكراشیكرد: محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان زیاتر لە جارێك ئاماژەی بەو بنەما بنچینەییە دا كە عێراق پێویستی بە هیچ هێزێكی جەنگی دەرەكی نییە، پێویستە هەوڵەكانی هاوكاری جەخت لە ڕاهێنان و گەشەپێدان و هاوكاری هەواڵگری بكات لە شەڕی دژی پاشماوەكانی داعش.
    ئاماژەی بەوەشدا: سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە بەرنامەی حكومەت سیاسەتی میانڕەوی و هاوسەنگییە لەنێوان لایەنەكاندا بەپێی بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش بۆ سەروەری و كاركردن بۆ سەرخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان.
    محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران لە میانەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریكا، ڕۆژی سێشەممە، جەختی لە پەرۆشی حكومەت كردەوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هاوكات لۆید ئۆستن ئاماژەی بە پابەندبوونی وڵاتەكەی كرد بۆ پشتگیریكردنی سەقامگیریی عێراق و چاوەڕوانی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پەرەپێدانی هاوبەشیەكانیان لەبوارە جیاجیاكاندا.