یادی 27 ساڵەی كۆڕەوی هەرێمی كوردستان .. تاوانێكی تری رژێمی پێشوو

  • 3-04-2018, 00:00
  • +A -A

    بەدواداچوون – ا ه ع كەمتر لەمانگێك دوای راپەرینی ساڵی 1991 ی هەرێمی كوردستان كاتێك حكومەتی بەعس هێرشی سەربازی كردە سەر هەرێم كۆڕەو دروستبوو. تێكڕای خەڵكی هەرێم گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەعسیان رەتكردەوە و  رویانكردە سنوورەكانی توركیا و ئێران، لەو كۆڕەوەدا بە سەدان كەس گیانیان لە دەستدا، لەبەرامبەردا ئەنجومەنی ئاسایش بریاری لەسەر پێكهێنانی ناوچەی دژەفڕین دەركرد. بۆ روماڵكردنی ئەو كارەساتە مرۆییەش بەدەیان میدیای جیهان رۆژانە دیمەنەكانی كۆڕەویان  دەگواستەوە، دواجار بووە هۆی ئەوەی ئەمەریكاو ئەوروپا هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و فڕینی فرۆكە جەنگیەكانی بەعس بەسەر ئاسمانی زۆرینەی ناوچەكانی هەرێم قەدەغە بكەن. كۆڕەوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەشێكی ترە لە دڕندەیی دەسەڵاتی بەعس كە میللەتێكی ناچاركرد ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و روو لەوڵاتانی دراوسێ بكەن. سەركوتكردنی راپەڕینی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و ئاوارەبوونی دانیشتوانەكەی، دوای سەركوتكردنی راپەڕینی پارێزگاكانی تری باشوری عێراق هات كە دەسەڵاتی بەعش بە دڕندانەترین شێوە رەفاتاری لەگەڵ هاوڵاتیان كرد و چەندین كۆمەڵكوژی ئەنجامدا. دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەكانی كۆڕەوی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، لەرێی میدیا جیهانییەكانەوە هاوسۆزییەكی گەورەی میللەتان بۆ روداوەكە دروست بوو كە زۆرینەی هاوڵاتیانی شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك رویان لە شاخەكانی سەر سنوری ئێران و توركیا كردبوو، لەبەرامبەردا ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری 688ی لە دژی دەسەڵاتی بەعس كرد و ناوچەی ئارامی پێكهێنا. دیمەنەكانی كۆڕەوی ملیۆنی جارێكی تر دڕندەیی دەسەڵاتی بەعسی بۆ جیهان دوپاتكردەوە و ئەو راستیەی سەلماند كە دوای كیمیاباران كردنی هەڵەبجەو پرۆسەی ئەنفال بەعس بەردەوامە لەسەر سیاسەتی قڕكردنی میللەتەكەی و بە دڕندانەترین شێوە لەناویاندەبات. كۆڕەوی پارێزگانی هەرێمی كوردستان و كۆی تاوانەكانی تری دەسەڵاتی بەعس زەمینەی خۆش كرد لەساڵی 2003دا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپرۆسەیەكی سەربازییدا كۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنێت و قۆناغێكی نوێی حكومڕانی لە عێراق دەستیپێكرد.