قوباد تاڵەبانی: رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز دەبێت ئەولەوییەتی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بێت

سیاسی
  • 27-07-2022, 16:54
  • +A -A

    هەولێرـ INA
    قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مارك برایسن ڕیچاردسن  باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز و رایگەیاند دەبێت رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز ئەولەوییەتی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بێت.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەت لەڕاگەیندراوێکدا کەکۆپیەک بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە راگەیاند: لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوار شەمە ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٢ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دەیڤید هەنت کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، باسی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کرا. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت و پێویستە لایەنەکان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا گفتوگۆکانیان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەکان و چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتێکی کارای خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕبکەنەوە.
    قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە لەم قۆناغەدا رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز و پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز دەبێت لە ئەولەوییەتی دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بێت چونکە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە زەمینەی لەبار دروست دەکات بۆ رێککەوتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانیتر.
    لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بۆ خێراترکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەکانی حکومەتدا. داواشیکرد لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکان رێک بخات بۆ باسکردن و تاوتوێکردنی پرۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی کەردستان.