سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڵێن دەدات بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی یاسای پێشکەوتنی پزیشکی ڤێتێرنەری بکات

سیاسی
  • 22-06-2022, 18:02
  • +A -A

    بەغداد/ INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە "شاخەوان عەبدوڵا" جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بۆ جێبەجێکردنی یاسای پێشکەوتنی پزیشکی ڤێتێرنەری بەڵێنیدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات.
     نووسینگەی ڕاگەیاندنی " شاخەوان عەبدوڵا" لە بەیاننامەیەکدا کە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە ڕایگەیاندووە، کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە وەفدێکی پزیشکانی ڤێتێرنەری لە عێراق کرد. 
    لە دانیشتنێکدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی پزیشکی ڤێتێرنەری لە پاراستنی تەندروستی گشتی و پەرەپێدانی ئاژەڵداری، هەروەها تاوتوێکردنی یاسای پێشکەوتنی پزیشکی ڤێتێرنەری ژمارە 136ی ساڵی 1980 و هەموارکراوی ساڵی 2021کرا .
     ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ھاتوە کە ، "شاخەوان عەبدوڵڵا " ئاماژەی بە پێویستی گرنگیدان بە لێهاتووییەکان و وەبەرهێنانی توانا زانستییەکانیان کردووە وەک سەرچاوەیەکی بەھێزی مرۆیی ، هەروەها رۆڵی سەرەکی پزیشکانی ڤێتێرنەری لە زیندووکردنەوەی سامانی ئاژەڵداری و پاراستنی کۆمەڵگا و بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی بەگرینگ نیشاندا ، بەڵێنیشیدا کە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسای پێشکەوتنی پزیشکی ڤێتێرنەری و دابینکردن و تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ زیادکردنی کادیری پزیشکی ڤێتێرنەری لە سەرتاسەری وڵات.