دادگا بڕیاریدا ماددەهۆشبەرەكان بەخێرایی لەناوببرێن

ناوخۆ
  • 15-05-2022, 19:07
  • +A -A

    بەغداد  - INA
    ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەمڕۆ یەكشەممە، میوانداری لیژنەیەكی بەدواداچوونی كرد لەسەر پشكنین و كۆكردنەوەو لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵیەكان و هاوكات بڕیاردرا بەخێراكردنی لەناوبردنی ئەو ماددانە بۆ دڵنیابوون لەوەی كەڵەكە نەبوون.
    راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە پێنجەمین كۆبوونەوەیدا لە 15ی ئایاری 2022، میوانداری سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی بەدواداچوونی پشكنین و كۆگاكردن و لەناوبردنی ماددەهۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵیەكانی كرد، كە بریتیبوون لە وەزیری تەندروستی دكتۆر هانی موسا و دادوەر سەید سوهەیب دەحام و فەریق عیماد ئەلدلێمی، هەروەها بریكاری وەزیری ناوخۆ لیوا مازن كامل، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەكان  دكتۆر زەید عەلی، بەڕێوەبەری گشتی پزیشكی دادوەری دكتۆر عیماد عەبدولڕەزاق، لەگەڵا ڕاوێژكاری وەزیری تەندروستی بۆ بواری دەروونی.
    بەپێی بەیاننامەكە، ئامادەبوان باسیان لەوەكرد كە چۆن باشترین رێگا بگرنەبەر بۆ لەناوبردنی ئەو ماددانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، هاوكات ئەنجومەنەكە بڕیاریدا بە خێرای لەگەڵ لیژنەكە ڕێكبكەون بۆ لەناوبردنیان بە ڕێوشوێنی پرۆسەی تایبەت و نەهێشتنی دیاردەی كەڵەكەبوونی ماددە هۆشبەرەكان.