مستەفا کازمی بەفەرمی بانگهێشتی لیتوانیا کرا

سیاسی
  • 16-01-2022, 15:00
  • +A -A

    به‌غدا-(ئ.ە.ع)
      
    مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران ،ئەمزڕۆ یەکشەممە ئاواتی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ دروستکردنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ لیتوانیا بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و وەبەرهێنانەوە لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی لیتوانیا کارپێلۆس لاندسپێرک بانگهێشتی کازمی کرد بۆ سەردانی وڵاتەکەی.
    نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە راگەیەندراوێکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(ئ.ە.ع)کەوتووە رایگەیاند:"مستەفا کازمی پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریلیۆس لاندسبێرگیس و شاندی یاوەری کرد".
     لە دیدارەکەدا، لەبارەی چۆنیەتی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و لیتوانیا، ھەروەھا پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لەسەرجەم بوارەکاندا، گفتوگۆکراوە.
    بەپێی راگەیەندراوەکە"چۆنیەتی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و لیتوانیا، بەتایبەتیش لە بوارە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا تاوتوێ کراوە و لەوبارەیەوە مستەفا کازمی جەختی کردووەتەوە کە عێراق دەڕوانێتە ئەوەی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ لیتوانیا پتەوتر بکات، بەتایبەتیش لە بوارە ئابوورییەکان و وەبەرھێناندا، ئەوەیش لە سایەی بڕیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەرھێنانی عێراق لە لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەکانی سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.
    لە دیدارەکەدا ھەروەھا لەبارەی پەرەپێدان بە ھاریکارییەکان لە کەرتەکانی فێرکردن، بنیاتنان و دامەزراوەیی گفتوگۆ کراوە و پێشھاتەکانی رەوشی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیش خراوەنەتە بەرباس و لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندووە کە عێراق باوەڕی بەوەهەیە کە پێویستە بە گفتوگۆ ملمڵانییەکان چارەسەر بکرێن و عێراقیش ھەر لەسەر ئەو رێگا، ھەنگاو دەنێت. ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە میانی دیدارەکەدا، چۆنیەتی یارمەتیدانی ئەو کۆچبەرانەی کە لە سنووری یەکێتیی ئەورووپا گیریان خواردووە گفتوگۆکراوە.
    لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریلیۆس لاندسبێرگیس بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی مستەفا کازمی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی لیتوانیا بکات، ھەروەھا ستایشی ھەنگاوەکانی حکوومەتی عێراقی کردووە بۆ بەرگرتن لە کۆچی نایاسایی و راشیگەیاندووە کە لیتوانیا ھەوڵدەدات ھاریکارییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارەکاندا پتەوتر بکات.
    هاوکات گابریلیۆس لاندسبێرگیس ھەروەھا ئاماژەی بەوەیش داوە کە لیتوانیا ئامادەیە ئاسانکاریی پێشکەش بکات لە چوونی عێراقییەکان بۆ ئەو وڵاتە، ئەوەیش لە رێگای ھەماھەنگیی ھاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و گوتوویەتی: "ئامادەین کاری جیددی بکەن، بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ ئەورووپا".