سەرۆکایەتی کۆمار: گرنگی پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات

سیاسی
  • 26-10-2021, 20:30
  • +A -A

    به‌غدا-اه‌ع   
     بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار ،ئەمڕۆ سێشەممە،میوانداری کۆبونەوەیەکی کرد بە بەشداری دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەرانی هێزە و لایەنە سیاسییەکان، و سەبارەت بە دۆخی گشتی وڵات و هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم گفتوگۆکرا.
    لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی(اەع) کەوتووە رایگەیاند:"د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆمار ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە  لە کۆشکی بەغداد میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد بە بەشداری دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەرانی هێزە و لایەنە سیاسییەکان، و سەبارەت بە دۆخی گشتی وڵات و هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم گفتوگۆکرا".
    ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە لە پێویستی یەکخستنی یەکڕیزی و یەکدەنگی و برەودان بە گیانی برایەتی و سازان و یەکتێگەیشتنی نیشتمانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و بەھێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و زاڵکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و گرتنەبەری چوارچێوەی دیموکراسی بۆ پاراستن و پتەوکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، بە پشتبەستن بە دیالۆگ و گفتوگۆ بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە و بۆچوونە جیاوازەکان.
    لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەکرا بە ناڕەزاییەکان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەپێی یاسا و رێساکانی هەڵبژاردن و دووپاتیشکرایەوە کە پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکرێت، ھەروەھا جەختکرایەوە پێویستە دەربڕین و مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە چوارچێوەی یاسای و ئاشتدا بێت، ھاوکات جەخت لەسەر رۆڵی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەتمەند کرایەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی تەواو و جددیی بکات بۆ دۆسیەکە و رەچاوی هەموو سکاڵا و داواکارییەکان بکرێت کە پێشکەش کراوە لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پیشەیی و بێ لایەنی و بە شەفافی وەک پێویستیەکی گرنگ بۆ بەھێزکردنی متمانە بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان.
    ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەگرنگی هەوڵ و کۆششی هاوبەش کردەوە بە ئاڕاستەی هەنگاونان رووەو بەرژەوەندی نیشتمانی و پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران کە رەنگدانەوەی ئیرادە و خواستی خەڵک بێت بۆ چاکسازی و گەشەپێدان و باشکردنی دۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان، ھەروەھا پێکهێنانی حکومەتێکی کارای کاریگەر کە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت و وەڵامی ئاستەنگ و بەرکەوتەکان بداتەوە و دەرفەتی یەکسان بۆ هاووڵاتیان مسۆگەر بکات و ئابووری و بازرگانی و گەشەپێدان و ژێرخانی ئابووری بەرەو پێشەوە ببات.