مانچستەریۆنایتد له‌ رابیته‌ى یانه‌كان كشایه‌وه‌

وەرزش
  • 19-04-2021, 12:33
  • +A -A

    چاودێرى-اه‌ع




    یانه‌ى مانچستەریۆنایتدى ئینگلیزى له‌ رابیته‌ى یانه‌كان كشایه‌وه‌ .
    نزیكەی 12 یانەی گەورەی ئەوروپا رایگەیاند پاڵەوانێتی سوپەڕ لیگ لەسەر ئاستی تۆپی پێی ئەنجام دەدەن بەسەرۆكایەتی فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید.


    بەم هەنگاوەش كەوتە بەر رەخنەی توندی بەرپرسانی تۆپی پێ و سیاسیەكان لەوانەش بۆریس جۆنسۆنی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا تا ئەم پاڵەوانێتیە شوێنی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بگرێتەوە.


    ماڵپەری فەرمی یانەی ریال مەدرید بەیانێكی بەناوی 12 یانەی دامەزرێنەر بڵاو كردەوە كە پێكهاتوون لە یانەكانی ئەرسناڵ و ئەتلەتیكۆمەدرید و میلان و چێڵسی و بەرشلۆنە و ئینتەرمیلان و یۆڤینتۆس و لیڤەرپول و مانچستەرسیتی و مانچستەریۆنایتد و ریال مەدرید و تۆتنهام".


    بریاریشە بانگهێشتی سێ یانەی تر بكرێت لە وەرزی كردنەوە بەر لەوەی لە نزیكترین كاتدا پاڵەوانێتیەكە دەست پێ بكات.


    هەر لە بەیانەكەدا هاتووە بریارە لە داهاتوو یانەكان گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپی و جیهانی بكەن بۆ دیاری كردنی باشترین بژاردە خزمەت بە پاڵەوانێتیەكەو تۆپی پێی جیهانی بكات.


    بریارە 20 یانە بەشداری لە پاڵەوانێتیەكە بكەن 15 یانەی دامەزرێنەر و پێنج یانەی تر پاش پۆڵینی ساڵانە و ئاستی تیپەكە لە وەرزی پێشوو.


    بریاریشە وەرز لە مانگی ئاب بەبەشداری سەرجەم یانەكان دەست پێ بكات و تیپەكان بەسەر دوو كۆمەڵە دابەش دەكرێن و هەر كۆمەڵەی لە 10 یانە پێكدێت و یارییەكانیش بە شێوازی چوون و هاتن بەڕێوە دەچن، سێ تیپی پێشەوەی ریزبەندی هەر كۆمەڵەیەك سەردەكەون بۆ قۆناغی هەشتەم، تیپەكانی چوارەم و پێنجەمیش یارییەكی تری زیاد كراوی چوون و هاتن ئەنجام دەدەن براوەیان دەگاتە پۆناغی هەشتەم.


    یاری كۆتایش یەك یاری دەبێت لە یاریگایەكی بێ لایەن ئەنجام دەدرێت، دوای بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی پیاوان بۆ ئافرەتانیش دەكرێتەوە.


    هەر لە بەیانەكەدا هاتووە ئەم پاڵەوانێتیە لەرووی ئابورییەوە پێشكەوتنێكی باشی دەبێت و دەبێتە پاڵپشتی بۆ تۆپی پێی ئەوروپی، پێشبینی دەكرێت هاوكارییەكان زۆر زیاتر بن لەوەی یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپی لە پاڵەوانێتیەكان پێشكەشی دەكات و پێشبینی دەكرێت قازانجەكەی بگاتە 10 ملیار یۆرۆ.


    بریاریشە هاوكاری دارایی پێشكەش بە یانەكان بكرێت بەتایبەتی یانە دامەزرێنەكان چونكە بەهۆی كۆرۆنا زەرەری زۆریان بەركەوتوە.


    پێرێزی سەرۆكی ریال مەدرید گوتی هەوڵ دەدەین لەهەموو ئاستەكان یارمەتی تۆپی پێی بدەین تا بگەڕێتەوە رێگای دروستی خۆی ، تۆپی پێی تاكە وەرزشە زیاتر لە چوار ملیار بینەری هەیە، بەرپرسیاریەتی ئێمەیە وەك یانە گەورەكان وەڵامی داواكاری هاندەران بدەینەوە.


    ئەندریا ئەنییلی سەرۆكی یۆڤینتۆس و جێگری سەرۆكی سوپەر لیگ گوتی :" ئێمەی دامەزرێنەر لەسەر ئاستی جیهان 12 ملیار هاندەرمان هەیە لەگەڵ ئێمەن بۆ گۆرانكاری لە تۆپی پێی ئەوروپی، بەمەش یارمەتی هاندەران دەدەین یاری گەورە لە داهاتوو ببینن".


    لەلایەن خۆشیانەوە فیفا و یویفیا بریاریانداوە ئەگەر یانەكان لەم بابەتە پەشیمان نەبنەوە سزایان بدەن و بریاریشە هەڵوێستی فەرمی خۆیان رابگەینن.