سەرۆک کۆمار: بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی پاپای ڤاتیکان کرد بۆ سەردانکردنی عێراق

  • 20-06-2019, 00:00
  • +A -A

    سەرۆک کۆمار د. بەرھەم ساڵح، ئەمڕۆ  پێنج شەممە ٢٠١٩/٦/٢٠  لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لە میانی پێشوازیکردنی لە پاتریارکی بابل و کلدان کاردینال مار لویس ڕۆفائیل ساکۆی یەکەم و بانگهێشتنامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی پاپای ڤاتیکان کرد بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.

    لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ساڵح، ئاماژەی بەوەکرد کە سەردانەکەی پاپا گرنگییەکی مێژویی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت، بەھۆی ئەو مانا گەورەیی سەردانەکەی پاپا لە خۆی دەگرێت ، ھەروەھا دەبێتە مایەی بەھێزکردنی یەکریزی کۆمەڵایەتی لە نێوان گشت پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق.

    ھەر لەدیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار ڕۆڵی گرنگی کریستیانەکانی عێراقی لە بەھێزکردنی پەیوەندی برایانە وبڵاوکردنەوەی بنەمای ھاووڵاتی بوون و لێبوردەیی لەنێوان ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا  بێ جیاوازی  بەرزنرخاند.

    لەلای خۆیەوە، پاتریارکی ساکۆ ڕۆڵی گرنگی سەرۆک کۆماری لە پشتیوانیکردنی کریستیانەکان و ھەوڵەکانیشی لە پێناوی بەھێزکردنی پەیوەندی لە نێوان چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی عێراقدا بەرزنرخاند.