پڕۆژە یاسای ژنانی ئازادکراوی ئێزدی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرا

  • 7-04-2019, 00:00
  • +A -A

    سه‌رۆکایه‌تی کۆمار داوای دابینکردنی موچە و پێدانی زەوی بۆ ژنانی ئازادکراوی ئێزیدی ده‌کات

    لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک بەرھەم ساڵح، سەرۆکایەتی کۆمار پڕۆژە یاسای ژنانی ئازادکراوی ئێزدی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد.

    پڕۆژە یاساکە تایبەتە بەژنانی ئازادکراوی ئێزدی کەباندە تیرۆریستیەکانی داعش لە دوای ٢٠١٩/٦/١٠ 
    رەفاندبونیان ، ئامانجیش لەم پڕۆژەیە یاسایە،
    قەربوکردنەوەی مادی و مەعنەوی ژنانی ئازادکراو و سەرپەرشتی کردنیان و دابین کردنی ژیانێکی باشتر و دووبارە تێکەڵبونەوەیان بەکۆمەڵگە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان. 

    پرۆژە یاساکە، ئاماژەی بەدامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی تایبەت بەسەرپەرشتی کاروباری ژنانی ئێزدی ئازادکراو کردوە، کەڕاستەخۆ پەیوەست بێت بەئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە و بنکەکەی لە پارێزگای موسڵ بێت، و کاریشی بریتی بێت لە ئامادەکردنی داتا لەسەر ژنانی ئێزدی ئازادکراو  و چاودێریکردنیان و پێشکەشکردنی ھاریکاری پێویست و دابین کردنی ھەلی کار وخانووی گونجاو بۆ دووبارە نیشتەجێکردنەوەیان، لەگەڵ دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ منداڵانیان و کردنەوەی بنکەی تەندروستی تایبەت بە چارەسەرکردنی نەخۆشەکان و دووبارە رێکخستەوەیان لە رووی دەرونی و کۆمەڵایەتی و پێشەییەوە. 

    ھەر لەپڕۆژە یاسەکەدا ھاتووە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ژنانی ئێزدی ھەڵدەستێت بەدابینکردنی موچەی مانگانە بۆ ژنانی ئازادکراوی ئێزدی، کە نزیک بێت لەموچەی خانەنشینان، پارچەیەک زەوی بەبێ بەرامبەر یان پێ ببەخشرێت.

    وەک رێزلێنانیش لەکارەساتی ئێزدیەکان لەپڕۆژە یاساکەدا ھاتوە کە ڕۆژی (٣/٨)ی ھەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژێکی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئەو تاوانەی کە بەسەریاندا ھاتووە لەڕیگای بەرنامەیەکی تایبەت بەم کارەساتەوە، لە دەزگاکانی راگەیاندنی بینراو و بیستراو و نوسراودا بڵاوبکرێتەوە، ھەروەھا دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری و ئەمینداریەتی بەغدا و لایەنە پەیوەندیدارە کانیش ھەڵسن بەڕێوشوێنی یاسایی، بۆ  زیندو راگرتنی قوربانیان و دروستکردنی مۆنۆمێنیت و پەیکەر و پێشانگە بەم بۆنەیەوە.

    بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، تاوانبارانی تاوانی رفاندن و بەکۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی نابێت بەھیچ جۆرێک لێبوردنی گشتی و تایبەتی بیانگرێتەوە و بەھیچ شێوەیەک نابێت لەسزادان ببەخشرێن و لیژنە یاسایی و ئیداریەکانیش دەبێت چاودێری پرۆسەی دەست بەسەرکردنی تاوانکاران و بکەران و ھاوبەشەکانی ئەو تاوانە بکەن بەپێ یاسا.

    ھەروەھا پڕۆژە یاساکە، ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەو تاوانەی ژنانی ئێزدی دووچاری ھاتبوون بەتاوانی کۆمەڵکوژی بناسرێت لە رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.  

    نوسینگەی ڕۆژنامەوانی
    سەرۆکایەتی کۆمار 
    ٢٠١٩/٤/٧