ھەر سێ سەرۆکایەتی لە بارەی کارەساتەکەی شاری موسڵ، کۆبونەوەیەکی نائاساییان ئەنجامدا

ناوخۆ
  • 22-03-2019, 00:00
  • +A -A

    ھەر سێ سەرۆکایەتی ، سەرۆک بەرھەم ساڵح و سەرۆک وەزیران د. عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەدحەلبوسی، ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ٢٢|٣|٢٠١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی نائاساییان ئەنجامدا لە بارەی کارەساتی شاری موسڵ ، کە دەیان قوربانی بێ تاوانی لێکەوتەوە، هاوكات تاوتوێ بارودۆخی شارەکەیان بەگشتی كرد.

    لە کۆبوونەوەکەدا جه‌خت له‌پشتیوانی  رێوشوێن و ھەنگاوەکانی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیران د. عادل عەبدولمەھدی تایبەت بە رووداوە دڵتەزێنەکەی موسڵ کرایه‌وه‌.

    هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تی  لە سەر زنجیرەیەک ڕێو شوێنی ئیداری و ئەمنی وئابووری رێکەوتن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەڕێوەبردنی شارەکە، ھەروەھاجەختیان لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەپەلە بۆ سزادانی کە متەرخەمان و سەبەبکارانی روودانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە و چارەسەرکردن ھۆکاری رووداوەکە و رێگانەدان بە دووبارە بوونەوەی کرایەوە.
      
    لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە قەرەبووكردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و جێبەجێکردنی داوا رەواکانیان لە ڕێگای پێکھێنانی لێژنەیەکی پەیوەست بە سێ سەرۆکایەتیەکەوە کرا.

    هاوكات بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی کارەساتەکە کرد و ھیوای خێرا چاکبوونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست.