سەرۆك كۆمار داوادەكات كاری جدی بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم

  • 20-12-2017, 00:00
  • +A -A

    بەغدا – ا ه ع فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار ئەمرۆ چوار شەممە داوا دەكات بە جدی كاربكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ( ا ه ع) نێردراوە سەرۆك كۆمار دەڵێت پێویستە كێشەی نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەربكرێت و كۆتایی بەو نەهامەتیانە بهێنرێت كە روبەروی هاوڵاتیانی هەرێم بوەتەوە. ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە بەناوی پەروەردگاری بەخشندەو میھرەبانەوە ئەی گەلی عیراقی بەڕێز ‬ سڵاوی خواتان لێ بێت‬، ژمارەیەك شار و شارۆچكەی ھەرێمی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایی ھاوڵاتیانیانیان بە خۆوە بینی كە زۆربەیان فەرمانبەران و كرێكاران بون و داوای موچە دواكەوتو و شایستەكانیانی چەند مانگی رابردو و باشكردنی ھەلومەرجەكانی ژیانی ئابوریی و سیاسیی یان دەكرد كە شایستەی ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان بێت بۆ رەتكردنەوەی دیاردەكانی گەندەڵی و شكستەكان لە بوارە جیاجیاكاندا. لە ھەندێك لەو خۆپیشاندانانەدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر ئاگریان بەردایە بینا و بارەگای دامەزراوە حكومیی و حزبە سیاسییەكان لە ئەنجامدا شەھید و دەیان برینداری لە ریزەكانی ھاووڵاتیانی بێ دیفاع لێ كەوتەوە. ئێمە لە كاتێكدا داوا لە ھەمو رۆڵەكانی گەلمان دەكەین بە تایبەتیی خۆپیشاندەران كە ھێمنی و پابەند بون بە قانون و دان بەخۆدا گرتن زاڵ بكەن بەسەر خۆیاندا زیان نەدەن لە بینا و موڵكی حكومیی و بارەگای حزبە سیاسییەكان، داواش لە كاربەدەستە ئەمنییەكان دەكەین لێكۆڵینەوەی بە پەلە بكەن لە بەرپرسیارانی روداوەكان و لێپێچینەوەی كەمتەرخەمەكان، ھاوكات داوا لە لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی دەكەین كاری جدیی و بە پەلە بكەن بۆ بەدەنگەوە چونی داواكاریە رەواكانی خۆپئشاندەران و ھەنگاوی جدیی و پراكتیكیی بگرنە بەر بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەی پێدانی موچە بە رێكوپێكی شایستە دواكەوتوەكانی تر و چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی كە ھاوڵاتییان لەشارە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستاندا بەدەستییەوە دەناڵێنن. لە كاتێكدا بەوپەڕی باوەڕەوە دوپاتیشی دەكەینەوە كە خۆپیشاندان و ناڕازیی بە ئاشتیی كارێكی مەدەنیی و مافێكی رەوایە دەستور زامنی كردوە و پرسە لە خانەوادەی شەھیدانی روداوە نەخوازراوەكان دەكەین لە پەروەردگارمان داوایە شیفای خێرای بریندارەكان بدات، داواش لە ھێزە ئەمنییەكان دەكەین لە ھەرێم ئاسایشی خۆپیشاندەران بپارێزن و مافی دەڕبڕینی تەواویان بۆ داوا و مافە رەواكانیان بۆ زامن بكەن و رێ بگرن لە لادانی خۆپیشاندانەكان لە رێیە راستەكەی و كار بكەن بۆ پارێزگاریكردن لە موڵك و ماڵی گشتیی و تایبەتیی. بەم بۆنەیەوە سەرلەنوێ ئەوپەڕی پێویستی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگی جدیی و دەستبەجێ ھەمەلایەنەی نێوان حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوپات دەكەینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەردولا لەسەر بناغەی دەستور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی، تەئكیدیش دەكەینەوە لەسەر گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی ھاوڵاتیان لە ھەرێمی كوردستان و لابردنی گەمارۆی گەشتە ھەواییەنێودەوڵەتییەكان لە ھەردو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئەربیل و سلێمانی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان تەواوی رۆڵەكانی عێراق و كۆتایی ھێنان بە ھەمو شێوەیەكی گرژیی. چاوەڕێی ھەنگاوی حكومەتی عێراقیش دەكەین بۆ جێبەجێكردنی پابەندبونی بە پێدانی موچەی كارمەندانی ھەرێمی كوردستان و سوككردنی كۆت و بەندەكان لەسە بانكە تایبەتییەكان لە ھەرێم و ئامادەیی بۆ دیالۆگ لەسەر بناغەی دەستور، پێویستیی خۆ لەقەرەنەدانی بەرژەوەندییەكانی ھاوڵاتیان و ژیانی رۆژانەیان و ئایندەیشیان دوپات دەكەینەوە. راگەیاندنی حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی ھەرێمی كوردستان كە ئامادەی دەستپێكردنی دیالۆگن بۆ چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێراوەكانی نێوانیان، ھەنگاوێكی باشە و پێویستی بە ھەنگاوی پراكتیكیی و كاریگەرە بۆ زامنكردنی بەدەنگەوەچونی مافە رەواكانی دانیشتوانی ھەرێم، ئەوەش بەردەوامیی پەیوەندییەكانی گەرەكە لە پێناوی بەھێزكردنی لێك تێگەیشتنی نیشتمانیی و دۆزینەوەی رێگە چارەكان لەسەر بناغەی دەستور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی. دڵنیاین لە پەرۆشیی ھەموان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پراكتیكیی و بەپەلە و ھەستكردن بە لێپرسراوێتیی نیشتمانیی. پەروەردگار ھەموان سەربخات بۆ خۆشیی و ئاشتیی و پێشكەوتن.‬ فوئاد مەعسوم ‪ سەرۆك كۆمار 20-12-2017