سەرۆك وەزیران: بڕیاری حەماس بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست بەرپرسیارانەیە و لە بەرزنرخاندنی بەرژەوەندییە باڵاكانەوە سەرچاوە دەگرێت

سیاسی
  • 8-05-2024, 17:26
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە بڕیاری حەماس بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست بەرپرسیارانەیە و لە پێزانینی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی فەڵەستینەوە سەرچاوە دەگرێت.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی،  پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی ئیسماعیل هەنیە پێگەیشت.
    بە پێی بەیاننامەكە، سەرۆك وەزیران جەختیكردەوە: كە ئەو بڕیارەی حەماس بۆ ڕازیبوون بە ئاگربەست بڕیارێكی بەرپرسیارانەیە كە لە پێزانینی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی فەڵەستینەوە سەرچاوە دەگرێت، و ئاماژەشی بە پشتیوانی عێراق كرد بۆ ئەم هەنگاوە كە دەبێتە هۆی وەستاندنی ئازارەكانی گەلی فەڵەستین، هەروەها نوێنەرایەتی وەڵامدانەوەی هەوڵەكانی برا عەرەبەكان دەكات بۆ كۆتایی هێنان بە ئازارەكانی گەلی فەڵەستین.
    سودانی تەئكیدیكردەوە: پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستیان هەبێت بۆ وەستاندنی شەڕی غەززە، هەروەها دەوڵەتە گەورەكان دەبێ بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن لە ڕێگریكردن لە بەردەوامیی دەستدرێژی، بەتایبەتی لەگەڵ پێداگریی هێزەكانی داگیركەر لەسەر هێرشكردنە سەر دەروازەی ڕەفەح و دروستكردنی كارەساتی مرۆیی، و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی قێزەون دژی خەڵكی مەدەنی.
    لای خۆیەوە هەنیە لە میانی پەیوەندییەكەدا ڕوونكردنەوەیەكی وردی سەبارەت بە بڕیاری بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە ڕازیبوون بە ئاگربەست بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە و وەڵامی هەوڵەكانی عەرەبی خستەڕوو، هاوكات ناوبراو سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتی عێراق  بۆ حكومەت و گەلەكەی پێشكەشی كرد و جا چ هەڵوێستی سیاسییەكان بێت یان لەڕێگەی ناردنی هاوكاری مرۆیی بۆ هاوڵاتیانی سڤیلی غەززە كە گیریان خواردووە.