ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ژمارەیەك بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەدات

سیاسی
  • 27-03-2024, 20:15
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەمە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێم دا.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەدا، كە تەوەری سەرەكی بوو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، كورتەیەكی دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو. لەمیانەی ڕوونكردنەوەكانیدا، ئاماژەی بە هەموو ئەو ڕێكار و هەنگاوانە كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامیداوە بە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران، لە ناویشیاندا زانیاری تایبەت بە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی ئاسایش كە ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی وردبینی لە لایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حكومەتی فیدڕاڵ كرا، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لەبەر ئەوەی هیچ پاساو و بیانویەك نەماوە بۆ خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێم.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە سەرۆك وەزیرانی هەرێم سوپاسی وەزیری دارایی كرد بۆ ڕوونكردنەوە و خستنەڕووی ڕاستییەكان بە داتا و زانیاری وردەوە دەربارەی بارودۆخی دارایی بۆ ڕای گشتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران.
    سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا: كە پێویستە هەموومان داكۆكی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین و ڕێگە نەدەین سازش لە سەر مافەكانمان بكرێت و هەڵوێستی نەگۆڕی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دووپات كردەوە كە خوازیاری ڕێكەوتنی هاوسەنگانەیە لە نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەركە دەستووریەكانی، بەم ئاراستەیەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم هەموو ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردوە و ئیتر دەبێت حكومەتی فیدڕاڵ ئەركی دەستووری خۆی جێبەجی بكات لە ناردنی شایستەی داراییەكانی هەرێم بۆ تەواوكاری مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی ئاسایش بۆ مانگی شوبات و هەروەها مووچەی تەواوی مانگی ئادار و مانگەكانی داهاتووش.
    سەبارەت بە پرۆسەی تەوتین كردنی مووچەی هەرێم، سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لە گرنگیی پڕۆژەی ( هەژماری من ) كرد كە پڕۆژەیەكی پێشكەوتووە و لە لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانكی ناوەندیی عێراقە، چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و ئاسانكارییەكی زۆریش پێشكەشی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات كە بەشێكە لە پرۆسەی تەوتینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
    دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە بڕگەی یەكەم لە كارنامەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە كۆی دەنگ ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:-
    1-    ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024 و ڕاسپاردنی گشت وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم بۆ ئامادەكردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئاداری 2024 تاوەكو ئاراستەی حكومەتی فیدراڵ بكرێت بۆ خەرجكردنی، لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی دەستووریی حكومەتی فیدراڵ بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی بۆ مووچەی مانگەكانی شوبات و ئادار و مانگەكانی داهاتوو، لە بەرامبەردا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەركەكانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ كردووە كە لە دوا هەنگاویشدا ئەمڕۆ 27ی ئاداری 2024 سەرجەم زانیارییەكانی پەیوەندیدار بە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی ئاسایش لە دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حكومەتی فیدراڵ كراوە.
    2-     ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشكردنی زەویی نیشتەجێ بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و كارمەندانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون.
    3-    داشكاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی كرێی ئاو و كارەبای كەڵەكەبوو لەسەر هاووڵاتییان تا ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.
    4-    داشكاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی ڕسوومات و كرێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە دەكەوێتە ئەستۆی كاسبكاران و پیشەوەران تاوەكو ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.
    5-    كەمكردنەوەی ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردەكراو بۆ مەبەستەكانی سەربڕین و بەخێوكردن بە ڕێژەی (50%) لەسەدا پەنجا لە ڕەسمی ئێستا و پێویستە لە دوای یەك ساڵ پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.
    6-    لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواكەوتنی كەڵەكەبوو لەسەر خاوەنكاران، تایبەت بە بەشداریی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ماوەی (90) نەوەد ڕۆژ بە مەرجێك لەو ماوەیەدا، تەواوی پارەی بەشداریی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بدات.
    7-    لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ لەسەر هاووڵاتییان بە ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی سزاكانی كۆن و بەردەوام لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە تا كۆتایی دەوامی ڕۆژی 2024/9/30.
    8-    پێشكەشكردنی كارئاسانیی پێویست لە چوارچێوەی یاساكانی باج بۆ باجدەران لە چین و توێژەكانی كاسبكاران و پیشەوەران و لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواكەوتنی پێدانی باج كە دەكەوێتە ئەستۆی ئەم چین و توێژانە.
    9-    داشكاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگا و دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ئەو ڕێژەی داشكاندنانەی پێشتر كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەردراوە.
    10-     پێویستە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارانە جێبەجێ بكەن.
    بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بڕیار و ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی تایبەت بە ڕاكێشانی كاش بە دراوی دۆلاری ئەمەریكی كە لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری خرایەڕوو، ئامانج لەم بڕیارانە كۆنتڕۆڵكردنی نرخی دینارە لەبەرامبەر بەهای دۆلاری ئەمەریكی.
    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا كە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ بابەتەكە بكەن، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەن بڕیاری پێویستی لێ بدرێت.