سەرۆك وەزیران لەگەڵ جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاپۆرتی كارەكانی یونامی لە عێراق تاوتوێ دەكات

سیاسی
  • 17-02-2024, 11:28
  • +A -A

    بەغدا - INA
    محەممەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ ڤۆڵكەر پێرێتس جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ڕاپۆرتی تایبەت بەكارەكانی نوێنەرایەتی یونامی لە عێراق تاوتوێ كرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و تیایداهاتووە :ئێوارەی دوێنێ هەینی محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران چاوی كەوت بە جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی پێداچوونەوەی ستراتیژی بۆ كارەكانی نوێنەرایەتی یونامی لە عێراق ڤۆڵكەر پێرێتس لە پەراوێزی بەشداریكردنی جەنابی لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن 2024.
    ئاماژەی بەوەشكرد : لە میانی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو ڕاپۆرتە كرا كە لەلایەن پێرێتسەوە ئامادە دەكرێت كە لە مانگی ئازاری داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و كارەكانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) و ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاریكاری نێوان عێراق و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی، هەروەها پێداچوونەوە بە بەرنامەكاندا كرا.
    سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا بەپێی بەیاننامەكە : ئەو پێشكەوتنانەی بەدەست هاتوون لە دامەزراندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوخۆ، كە بووە هۆی ئەوەی بتوانرێت كۆتایی بە ڕۆڵی سیاسی نوێنەرایەتی یونامی بهێنرێت لە عێراق، جەختیشی لەوە كردەوە كە چالاكی و بەرنامە هاوبەشەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێت بەردەوام بێت بە گواستنەوەی چالاكییەكانی بۆ ڕێكخراوە پسپۆڕەكان.
    سودانی هەروەها پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی ئەم دواییەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە دەستدرێژی بۆ سەر غەززە، و هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست و پێشگرتن لە جینۆساید دژی گەلی فەلەستین دەربڕی و ڤۆڵكەر پێرێتسی ئاگاداركردەوە كە سڵاوی خۆی بگەیەنەتە  بە گۆتێرێس.
    لای خۆیەوە جێگری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو پێشكەوتنە ئەمنییانەی لە عێراقدا ڕوودەدەن، بەم نزیكانەش ڕاپۆرتی گشتگیری خۆی سەبارەت بە كارەكانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەخاتەڕوو، بەو پێیەی پێشهاتە ئەرێنییەكان ڕێگەیان پێدەدەن ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كە وردە وردە كۆتایی بە كارەكانی ئەركەكە بهێنێت.