قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە هەرێم كۆبووەوە

سیاسی
  • 17-01-2024, 19:26
  • +A -A

    هەولێر - INA
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تۆركیڵد بیگ، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ تۆركیڵد بیگ، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و پێكەوە چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ كرد.
    لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باسی چۆنییەتی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان لە هەرێمی كوردستان كرا. لەم چوارچێوەیەشدا جەخت كرایەوە لەسەر پشتگیریكردنی پڕۆژەی بازرگانی بچوك و بە تایبەتیش ئەو پڕۆژانەی لەلایەن گەنجان و بە بیرۆكەی گەنجانەوە پێشكەش دەكرێن.
    لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی داوایكرد یەكێتیی ئەوروپا زیاتر هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات، بە تایبەتیش لەڕووی گواستنەوەی ئەزمونی وڵاتانی ئەوروپا لە پێشخستنی پڕۆژە بازرگانییە بچوكەكان.
    لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قسە لەسەر پلاتفۆرمی سمارت سولی و كۆڕبەندی  نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ داهێنان و كارسازی كرا كە بڕیارە رۆژی 25ی ئەم مانگە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت. هەردوولاش هاوڕابوون كە پلاتفۆرمی سمارت سولی پڕۆژەیەكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی حكومڕانی لەڕێگەی بەشداری پێكردنی هاوڵاتییان لە چارەسەركردنی كێشەكاندا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم داوایكرد یەكێتی ئەوروپا هاوكاری پێشخستنی پلاتفۆرمەكە بكات.
      پلاتفۆڕمی سمارت سولی دەستپێشخەرییەكی نوێی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی شار لەڕێگای بەشداریكردنی هاوڵاتییان و كەسانی پسپۆڕ لە دۆزینەوەی چارەسەری زیرەك و داهێنان لە بوارە جیاوازەكاندا. ئامانجی پڕۆژەكەش پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە هاوڵاتییان و پێشخستنی سیستمی بەڕێوەبردن و حكومڕانییە لە هەرێمی كوردستان.