سەرۆک کۆمار جەخت لەسەر بەدواداچون بۆ بڕیارەکانی لیژنەی مادەی 140 دەکاتەوە کە دەبێت ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و گۆرانکارییە دیمۆگرافییەکان چارەسەربکرێن

سیاسی
  • 7-01-2024, 14:00
  • +A -A

    بەغداد-INA
    ئەمرۆ یەک شەممە" لەتیف جەمال رەشید " سەرۆک کۆمار،جەختی لەسەر بایەخی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە.
    لەبەیاننامەیەکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە : ئەمرۆ یەک شەممە"لەتیف جەمال رەشید " سەرۆک کۆمار ، لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە "خالید شوانی" وەزیری داد و "نزار محەمەد سەعید ئامێدی" وەزیری ژینگە، کە "ئەبوبەکر سدیق" ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی (140) و ژمارەیەك لە لێپرسراوان ئامادەیبون.
    لە میانی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵات و شاری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی کرا، سەرەڕای تاووتوێکردنی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
    بەپێی ناوەرۆکی بەیاننامەکە :- سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پاراستنی دەستکەوتەکان کردەوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی ئاستی بژێویی هاووڵاتیان،و بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
    هەر لە دیدارەکەدا،کارەکانی لیژنەی باڵای مادەی (140)ی دەستور خرانەڕو، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار پێویستی بەدواداچوون بۆ کاراکردنی بڕیارەکانی لیژنەکە لەڕێگەی کاری هاوبەش لەگەڵ دامودەزگا حکومییەکان دوپاتکردەوە، بەشێوەیەک کە پاراستنی مافی هاووڵاتیان و پێکهاتەکانی ناو کەرکوك مسۆگەربکات.
    هەروەک سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکان لەڕێی جێبەجێکردنی یاسا و پیادەکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەژێر رۆشنایی تەوافوقی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا.
    هەر بەپێی بەیاننامەکە لە دیدارەکەدا،ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و رێژەی باشی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە دەنگدان لە پارێزگای کەرکوکدا خرایەڕو. لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە، کە پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای کەرکوك لەپێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی پارێزگاکە و ناوچە جێناکۆکەکان بەشێوەیەك ماف بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە و زیانلێکەوتوان قەرەبوبکرێنەوە و دەرهاویشتە کەڵەکەبوەکانی بڕیارە ناڕەواکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، چارەسەربکرێن، کە  بەئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافی دەریکردبون.
    لەلایەن وەزیرانی داد و ژینگەوە ستایشی تێڕوانینەکانی سەرۆک کۆمار کرا لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی مادەی (140)ی دەستور، کە دەبنەهۆی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەهەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی یاسا و تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
    هەروەها بەڕێز ئەبوبەکر سدیق ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی (140) رونکردنەوەی لەبارەی کارەکانی لیژنەکە و ئەوەی بە ئەنجامگەیشتوە و ئاستەنگەکانی بەردەم تەواوکردنی کارەکان پێشکەشکرد، جگە لە خستنەڕوی کۆمەڵێک پێشنیار بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی لیژنەکە و ئەنجامدانی ئەرکەکانی.