نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی به‌ئافره‌تان ده‌دات بۆ گه‌یشتن به‌مافه‌كانیان

سیاسی
  • 11-12-2023, 10:08
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA

    له‌په‌یامێكدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان به‌بۆنه‌ی یادی ٧١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەڵێت، ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم و‌ دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانتان ھاوکار و پشتیوانتان دەبم.
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ كه‌تێدا هاتووه‌"
    یادی (71) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بە گەرمی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەم. خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانیان لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ئازادی و یەکسانیدا، بەڕێز و پێزانینەوە ھەڵدەسەنگێنم و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
     هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا راگه‌یاندووه‌" یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک ڕێکخراوێکی پێشەنگی پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان، لە ھەردوو سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ڕۆڵێکی دیاری لە خەباتی مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە. وێرای پارێزگاریکردن لە مافەکانی ئافرەتان، بە سەدان ئافرەتی بەتوانای لە ھەموو بوارەکاندا و چەندین کادیر و سەرکردەشی پێگەیاندووە کە لە ھەموو کایەکانی ژیاندا خزمەتیان بە وڵات کردووە و دەکەن.
    کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی، بۆیە لەم یادەدا ھەموو پشتگیرییەک لە خەباتی ئافرەتان دووپات دەکەمەوە. با یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ھەموو ڕێکخراو و بزووتنەوەیەکی ژنان لە کوردستان دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانیاندا، ھاوکار و پشتیوانیان دەبم.