بڕیار و راسپارده‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

سیاسی
  • 29-08-2023, 22:57
  • +A -A

    به‌غدا- INA
    سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودان ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکایەتی سی و چوارەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد کە تیایدا باس لە بارودۆخی گشتی وڵات کرا و تاوتوێی ژمارەیەک دۆسییە کرا کە لە لیستی پێشینەکانی حکومەتدان جگە لەتاوتوێی کردنی ئەو بابەتانەی کە لەناو بەرنامەی کاردا بوون.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران له‌راگه‌یندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌ راگه‌یاندووه‌" لە دانیشتنەکەدا چوارچێوەی گشتی کارەکانی ناوەندی زانیاری نیشتمانی خرانەڕوو، کە پەیوەستە بە پڕۆژەی بەڕێوەبردنی ئەلیکترۆنی ستراتیژی و هەنگاوەکانی دواتر بۆ گۆڕینی دیجیتاڵی، سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن و لەم بارەیەوە سەرۆکی ئەنجومونی وەزیران فەرمانی کرد کە ئەولەویەتی گۆڕانکاری دیجیتاڵی بدات بەو بەشانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەیە.
    سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی ڕاسپارد کە هەموو هەفتەیەک ڕۆژێک دیاری بکەن بۆ پێشوازی کردن لە هاوڵاتیان و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان و چارەسەرکردنیان لەلایەن وەزیرەکانەوە.
    هەروەها جەختی کردەوە لە گرنگی هەوڵەکانی وەزیرەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕاونانی گەندەڵکاران، و جەختیشی کردەوە کە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکان بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی وەزیرەکان و ئاستی ئەنجامدانیان بریتییە لە بڕی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی دۆسیەکانی لەناو وەزارەتەکانیان.
    هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی بە هەموو وەزارەتەکان کرد کە بە تەواوی پابەند بن بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (28) ی ساڵی 2019 سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسان.
    ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو کە دەکاتە بەرواری 6 و 7 ی ئەیلوول بکرێتە پشووی فەرمی، بەبۆنەی ڕێوڕەسمی زیارەتەوە، و یادکردنەوەی چلەی ئیمام حوسێن و هاوڵەکانی (سلامیان لێ بێت) و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووی دیاری کرد بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران.
    لەم بارەیەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەموو وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە زۆرترین هەوڵ بدەن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ زیارەتکاران، و پشتگیری لێژنە تایبەتەکان بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە پێناو سەرکەوتنی مەراسیمی زیارەتدا.
    لە بارەی پاڵپشتی بەردەوامەوە بۆ هەموو نەتەوە برا عێراقییەکان، و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیەی کە لە چوارچێوەی کارنامەی وەزیراندا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەموارکردنەوەی بڕگەی یەکەمی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (364 ی ساڵی 2022)  بە لەخۆگرتنی ئەو نەتەوە و ئایینانەی دیکە کە کەمینەن و ئێزیدی نین لەو کۆمەڵانە دەژین کە جێگیرکراون و لە بڕگەکەی سەرەوەدا ئاماژەی پێکراوە.
    هەروەها بڕیاردرا لەسەر هەموارکردنەوەی ڕێکارەکانی فرۆشتنی زەوی و خانووی نیشتەجێبوونی کە لە لایەن هاوڵاتیانی ئێزیدییەوە بەکار دەهێنرێن، بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە (23193 لە 2023) بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە.
    ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ڕاسپاردەکانی ئەمیندارێتی بەغدا تایبەت بە پڕۆژەی چارەسەرکردنی پاشەڕۆ و بەرهەمهێنانی وزە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
    1. یەکلاکردنەوەی بابەتی تەرخانکردنی زەوییەک کە زنجیرەی خانووبەرەی (43626/1/3) لە خۆدەگرێت نەهراوان، لە ڕەسەنەکەی جیاکراوەتەوە (42785/1/3) نەهراوان، بە ڕووبەری (1000) دۆنم، چونکە ڕێنماییەکانی وەزارەتی کارەبا دەیگرێتەوە تایبەت بە خەرجکردنی بەرهەم هێنان (150) مێگاوات وەک بەرزترین ئاست.
    2. دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی (1000) دۆنم، لەوانە (900) دۆنمی تایبەت بە ئەمانەتی بەغدادە و (100) دۆنەمی تایبەت بە وەزارەتی کارەبایە، لەسەر ئەو پارچەیە کە لە لیستی خوارەوەیە لە قەزای ئەبو غرێب لە دەرەوەی سنوورەکانی دیزاینی بنەڕەتی شاری بەغدادە لەوانە:
    - بەشيک لە پارچە ژمارە (504/30) ، ناوچەی (4) عورەیبە و سولەیمان، کە ڕووبەرەکەی دەکاتە (18418) دۆنم و (4) ئولک، و خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی داراییەوە.
    3. ئەمانەتی بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی هەڵدەستن بە سەرنج ڕاکێشانی ئۆفەری وەبەرهێنان بۆ دیاریکردنی تەکنەلۆژیایەکی گونجاو بۆ ئەمانەتی بەغداد، بە مەرجێک وەزارەتی دارایی بڕیار لەسەر تەرخانکردنی زەوی بدات بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

    بە ئامانجی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و پاراستنی ئاسمانی عێراق و بەدەستهێنانی سەروەری ئاسمانی لە سەرانسەری وڵاتدا و دابینکردنی پشتیوانی بۆ هێزە چەکدارەکانمان لە ناوچە بەرپرسیارەکاندا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گرێبەستی وەزارەتی بەرگری لەگەڵ کۆمپانیای فەڕەنسی تالیس بۆ کڕینی ڕادار، جگە لەو شێوازە گرێبەستانەی کە لە ماددەی (3) ی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکاندا هاتووە (3 بۆ ساڵی 2013).

    لەسەر بنەمای ڕێنماییە بەردەوامەکانی سەرۆک ئەنجومەنی وەزیران بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خێزانەکان و و پشتیوانی کردنی نرخەکان، ئەنجومەنەکە ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری (230192) ی پەسەند کرد، کە بریتیە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی باجی گومرگی سەپێنراو لەسەر ئاژەڵە زیندوە هاوردەکراوەکان بۆ مەبەستی سەربڕین (مەڕ و ماڵات) بۆ (4٪) و پاش (6) مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەوە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

    لە هەنگاوێکدا بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی کلتووری گشتی لە کۆمەڵگادا، ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ پەرەپێدانی مرۆیی (23022ب) ی پەسەند کرد بۆ ساڵی 2023، کە ڕۆژی 3ی ئازاری هەموو ساڵێکی دیاری کرد وەک ڕۆژێک بۆ خوێندنەوە لە عێراق لەژێر دروشمی (عێراق دەخوێنێت)و ڕادسپاردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردنی پلانەکانیان بۆ چالاککردنی بابەتەکە.

    لە چوارچێوەی پاڵپشتی حکومەت بۆ فیدراسیۆنە وەرزشییەکان و یانەکان، ڕەزامەندی دەربڕا لەسەر زیادکردنی تەرخانکردنی دارای بۆ یانەی وەرزشی زەورا بە بڕی یەک ملیار دینار بۆ ساڵی 2023، لە هەژماری خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمپانیای گشتی بۆ بەندەرەکانی عێراق، لەسەر بنەمای بڕگەکانی یاسای کۆمپانیا گشتییەکان (22ی ساڵی 1997) هەموارکراوە و جگە لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (25ی ساڵی 2021).

    ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد بۆ خێراکردن لە پەسەندکردنی ژمارەیەک پڕۆژە یاسا، کە پەیوەستن بە پڕۆژە گرنگەکانی بەرنامەی حکومەتەوە، بەم شێوەیە:

    1. پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یەکەم بۆ یاسای ڕاگرتن  و دەستبەسەرداگرتنی موڵکی جوڵاو و نەجوڵاو کە تایبەتە بە سەرکردەکانی ڕژێمی پێشووە ژمارە (72) ی ساڵی 2017.
    2. پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای دامەزراوەی شەهیدان ژمارە (2) ی ساڵی 2016.
    3. پڕۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە.
    4. پڕۆژە یاسای پاراستنی منداڵ.
    5. پڕۆژە یاسای پاراستن لە توندوتیژی خێزانی.
    6. پڕۆژە یاسای وەزارەتی پەیوەندییەکان.
    7. پڕۆژە یاسای پەیوەندی و زانیاری.
    8. پڕۆژه یاسایی جیاکردنەوەی زەوی ئەو باخانەی کە دەکەوێتە چوارچێوەی دیزاینی بنەڕەتی شاری بەغداد و شارەوانییەکان
    9. پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵکەکان بۆ خاوەنەکانیان، کە هەندێک بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش-ی هەڵوەشێنراو (مجلس قيادة ثورة) دەیانگرێتەوە.
    10. پڕۆژە یاسای بەکرێدانی زەوی کشتوکاڵی.
    11. پڕۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراقی.
    12. پڕۆژە یاسای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
    13. پڕۆژە یاسای دژە تیرۆر.
    14. پڕۆژە یاسای ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان.
    15. پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای دووەمی یاسای هەڵوەشاندنەوەی دەقە یاساییەکان کە ڕێگری لە دادگاکان دەکات لە گوێگرتن لە سکاڵاکانی ژمارە (17) ی ساڵی 2005.
    16. پڕۆژە یاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی بە فەرمانبەران.
    17. پڕۆژە یاسای لە دایک بوون و مردن.

    ئەنجومەنی وەزیران چەند تەوەرێکی دیکەی لەناو کارنامەکەیدا تاوتوێ کرد و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دەرکرد:

    یەکەم: پەسەندکردنی ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئابووری ژمارە (230200ق) سەبارەت بە دواخستنی کۆکردنەوەی باجی گومرگ بۆ کاڵا و شتومەکی هاوردەکراوە بە ناوی وەزارەت و ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە وەزارەتەوە نییە بەم شێوەیەی خوارەوە:
    دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر درێژکردنەوەی کار بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (23035) بۆ ساڵی 2023 تا 31ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەم درێژکردنەوەیە دوا درێژکردنەوە بێت.

    دووەم: وەزارەتی دارایی (400) ملیۆن دۆلاری دیکە تەرخان بکات بۆ وەزارەتی کارەبا بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی کە وردەکارییەکانیان جێگیرکراوە لەسەر بنەمای ماددەی (60) ی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ژمارە (13) ی ساڵی 2023.

    سێیەم: پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ژمارە (19) ی ئەنجومەنی نیشتمانی دانیشتوان کە لە نوسراوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکان و کارە گشتییەکاندا هاتووە بە پێی فەرمانی دیوانی (23550) ی ساڵی 2023، کە بریتین لە:
    1- بریندارەکانی وەزارەتی بەرگری، کە لە سەدا سەد کەمئەندامن، شوقەیەکی نیشتەجێبون بەدەست بهێنن لە کۆمەڵەکانی نیشتەجێبوونی لە پارێزگاکان، وەک بنەماڵەی شەهیدان.
    2- دیاریکردنی ڕێژەی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونەوە جێبەجێ دەکرێن بەسەر چینی کۆمەڵایەتی (شەهیدان، ئاوارەکان، قوربانیانی تیرۆر، بێوەژنان، خەڵکی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەو هاوڵاتیانەی کە فەرمانبەر نین، فەرمانبەرانی دەوڵەت) ، بەپێی ڕێژەیەکی دیاریکراو.
    3- کوژاندنەوە قەرزەکانی سەر دانیشتوانی هەردوو کۆمەڵەی سەدر و شەموخی نیشتەجێبوون لە پارێزگای زیقار.
    4- کەمکردنەوەی نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ
     سوودمەندانی وەزارەتی کۆچ و کۆچ بەران و ئەو کەسانەی لە لە ئاوارەبوون لەناو عێراقدا گەڕاونەتەوە تەنها بە ڕێژەی 50٪.
    5- دیاریکردنی ڕێژەیەک لەلایەن لیژنەی باڵای وەزیرانەوە بۆ شارە نوێیەکانی لە یەکەکانی نیشتەجێبوون کە بۆ وەبەرهێنان ڕادەگەیەنرێت، بگوازرێتەوە بۆ فەرمانگەکانی نیشتەجێبوون لە پارێزگا پەیوەندیدارەکان.