قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

سیاسی
  • 8-08-2023, 18:48
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ سێشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە.

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیندڕاوێکدا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە ستیڤن چارڵس هیچن باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دواپێشهاتە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق و دوا هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کران.
    لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ ٨ی ئابی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ستیڤن چارڵس هیچن کرد وەک باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا. 
    دواتر تیشکی خستە سەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەردوولادابێت. لەمبارەیەوە رایگەیاند ئاساییە ناکۆکی سیاسی هەبێت بەڵام نابێت هاوڵاتییان باجی ئەو ناکۆکییانە بدەن. وتیشی ئێمە دەمانەوێت بەپێی دەستور هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەموو لایەکیش پابەندبن بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە بۆ ئەوەی مافی هەمووان پارێزراو بێت.
    هەرلەوبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشدا نەبوونی متمانە هۆکاری سەرەکی زۆربەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادە، هەربۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەپێناو دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق و کوردستان هەوڵی گێڕانەوەی متمانەی نێوانیان بدەن تا بتوانرێت کێشە کەڵەکەبووەکان چارەسەر بکرێن و چیتر هاوڵاتییان باجی ناکۆکییە سیاسییەکان نەدەن.
    لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند سورین لەسەر جێبەجێکردن و بەرەوپێشبردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و ئەو گرژییەی ئێستا هەیە کاریگەری و رەنگدانەوەی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی نەبێت. 
    وتیشی ئێمە ئامادەین بۆ رێکخستنەوەی باشتری کاروبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و پێویستیشە هەموو لایەک بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکەن و نابێت رێگە بدەن ناکۆکییەکان بمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سیفر. 
    لە کۆتاییدا سوپاسی بەریتانیای کرد لەپای هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەڕووی سەربازییەوە. لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئامادەیی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری دەربڕی هەم بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەم بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.