سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان سەردانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

سیاسی
  • 30-06-2023, 17:23
  • +A -A

    هەولێر/ INA 

    ئەمڕۆ هەینی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان مسرور بارزانی سەردانی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە تێیدا هاتووە،ئەمڕۆ هەینی 6/30، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری پردێ کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و هەواڵپرسین و پیرۆزبایی جەژنی قوربان .
    سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ستایشی خۆڕاگری و قوربانیدانی پێشمەرگەی کرد کە وەک هەمیشە بەرگری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
    سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندە بە دەستوور و ئەو ڕێککەوتننانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراون و لە هەمانکاتدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانیشی نابێت.
    سەرۆکی حکومەت باسی لە کێشەی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد کە لەمبارەیەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووە و داوایکردووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە دابنرێت و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش، هەندێک ڕێکاری گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە .
    سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی ماددەی 140 ی دەستوور کردەوە.