مسرور بارزانی:لایەنە په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن

سیاسی
  • 22-06-2023, 17:58
  • +A -A

    هەولێر/ INA 

    ئەمڕۆ پێنچشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مسرور بارزانی ڕایگەیاند،کە  لایەنە په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکی بەردی بناخەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابین- لە بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر دانا .
    سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە کە لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لابدرێت .

    ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتە:

    بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
    ئامادەبووانی بەڕێز:

    سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان دەکەم و زۆر زۆر بەخێر بێن . بەخێرهاتنێکی تایبەتی د.چن کوانفۆ و شاندی یاوەری دەکەم بۆ کوردستان. زۆر زۆر بەخێر بێن.
    بەختەوەرم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە لە هەرێمی کوردستان کە کارگەی چیمەنتۆی دابین-ە و بڕیارە ببێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بنیاتنانەوەی کوردستان .
    دەستخۆشی لە کۆمپانیاکانی دابین و پاوەر چاینا دەکەم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و دروستکردنی کارگەکە. هیوادارم پڕۆژەکە وەک بەڵێندراوە بە کوالیتیەکی بەرز و لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت و لە دروستکردنیشیدا، هەلومەرجەکانی سەلامەتی کرێکارەکان و هەروەها ژینگەپارێزی لە بەرچاو بگرن.
    بێگومان چ لە قۆناخەکانی دروستکردنی کارگەکە و چ لە کاتی دەستبەکاربوونیشیدا، سەدان هەلی کار دەڕەخسێنرێت کە پێویستە 75٪ی دەرفەتەکانی کار لە هەر پڕۆژە و پیشەیەکیش، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و ڕاهێنانیش بە کرێکاران و ئەندازیارانی کوردستان بکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییان لەم کارەدا.
    هیوادارین لە دروستکردنی ئەو کارگەیەدا، هەتا دەکرێ بابەتی ژینگەپارێزی و گەرمبوونی زەوی و سنووردارکردنی دەرچوونی گازە پیسەکان لە بەرچاو بگرن.
    حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی کارنامەکەی لە بواری هەموجۆرکردنی ئابووریدا، بایەخێکی زۆر بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدات. دەڤەرەکەمان کەرەستەی خاو و سەرەتایی زۆری هەیە کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستکردنی زۆر کارگە و بووژانەوەی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەناردەکردنیشی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش . جێی خۆشحاڵیشە کە بیستم ئەم کارگەیەش، بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە کەرەستە و ماددەی خاوی ناوخۆ بەستووە .

    بەڕێزان:
    ئەگەر سەیرێکی مارکێت و مۆڵەکانی کوردستان بکەین ، دەبینین زۆرینەی هەرە زۆری بەرهەم و کاڵاکانیان تا ئێستا هاوردەکراون . لە کاتێکدا دەتوانین بەشێکی زۆری ئەو بەرهەم و پێداویستییانە لە کوردستان دروست بکەین ، بەمەش هەم کەرتی پیشەسازیمان دەبووژێتەوە و هەم بێکاریش کەمتر دەبێت و پشتبەستن بە بەرهەمی دەرەوەش زۆر سنوودار دەبێت . لەم ڕووەوە، هەر هاریکاری و یارمەتییەک لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویست بێت ، ئامادەین بیکەین بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازیمان گەشەسەندنێکی باش بەخۆیەوە ببینێت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی حکومەتی هەرێم ڕاده‌سپێرم، ئاسانكاری زیاتر بۆ پێشخستنی كه‌رتی پیشه‌سازی بکەن و هەر ئاستەنگ و لەمپەرێکیش هەبێت پێویستە لابدرێت .
    من جارێکی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم و هیوادارم پڕۆژەی هاوشێوە، لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان ئەنجام بدرێن.