قۆباد تەلەبانی: لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە

ناوخۆ
  • 14-06-2023, 16:36
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەبێت ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە ئیدارەی راپەڕین بە زوویی تەواو بکرێت

    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی 9/4ی ساڵی رابردووی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای سلێمانی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا کرا و بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا و تا کۆبوونەوەی دووەم کێشە و گرفتی بەردەم سەرجەم پڕۆژەکانی ئیدارەی راپەڕین دیاریبکرێن کە داوای مۆڵەتیان کردوە و ئامادە بکرێن بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.
    لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 14ی حوزەیرانی 2023 لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، بە وردی قسە لەسەر گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەر‌هێنان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی راپەڕین کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گلەیی و ناڕەزایی وەبەرهێنەران و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە لە سستی بەڕێوەچوونی کاروباری هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی مامەڵەی یاسایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنەران و رایگەیاند ئەم دۆخە قبوڵکراو نییە و دەبێت لە ئەمڕۆوە هەڵمەتێکی گەورەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە دەست پێ بکرێت.
    لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی تایبەتی دروست کرد بە نوێنەرایەتی ئۆفیسەکەی خۆی و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کە ئەم لیژنەیە دەبێت تا کۆبوونەوەی دووەم کە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەکرێت، پۆلێنی هەموو ئەو پڕۆژانە تەواوبکرێت و ئامادەکاری بکرێت بۆ کەوتنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. راشیگەیاند هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێک کێشە بۆ پڕۆژەکان دروست بکات یان کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی کاروباری هاوڵاتییان، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
    هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکەدا کرا و بڕیاردرا بە زوویی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەکان تەواو بکرێن و بکەونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. 
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر کێشەکانی شارەوانی و تەرخان کردنی زەوی بۆ پڕۆژەکان کرا، لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد لە تەرخانکردنی زەویدا ئەولەوییەت بدرێت بە پڕۆژەکانی پیشەسازی و بازرگانی و ئەو پڕۆژانەی کە زۆرترین هەلی کار بۆ دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین دابین دەکات.
    تەورەێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی دەروازی سنوری کێلێ و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی کرد بە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق کە بڕیاریانداوە پێکەوە کار بکرێت بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی دەروازە سنورییەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو دەروازەیە.
    ئەم کۆبوونەوەیە هاوشێوەی کۆبوونەوەکەی ساڵی رابردوو بوو لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای سلێمانی کە لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکەدا ٣٩ پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە ملیارێک و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار کەوتنە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و ئامادەکاری تەواویش کرا بۆ جێبەجێکردنی ١٥ پڕۆژەی دیکەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە ملیارێک و ١٠٠ ملیۆن دۆلار کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن.