قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە کاکەییەکانی موسڵ و هەولێر کۆبووەوە

سیاسی
  • 25-05-2023, 17:56
  • +A -A

    هەولێر/ INA 
    قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییە کاکەییەکانی موسڵ و هەولێر کۆبووەوە.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیانامەیێک دا کە کۆپیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕایگەیاندووە،قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە کەسایەتییە کاکەییەکانی ناوچەکانی موسڵ و هەولێر و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆ بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کێشە و گرفتەکانیان نوێنەرایەتی تایبەت بە کاکەییەکان لە سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دابمەزرێت.
    لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 25ی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال گوێی گرت لە گرفت و کێشەکانی کاکەییەکان و بەڵێنی پێدان لەمەودوا بۆ ئاگاداربوونی بەردەوام لە حاڵ و گوزەران و کێشەکانیان، نوێنەرایەتی تایبەت بە کاکەییەکان لە سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دابمەزرێت.
    قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا کاکەییەکان لە پێکهاتە گرنگ و رەسەنەکانی کۆمەڵگای کوردستانن و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاراستنی کاکەییەکان و داکۆکیکردن لە مافی سەرجەم کەمایەتییەکانی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت.
    لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەی مەزارەکانی کاکەییەکان کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێدان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ گرفتەکە بکات و کێشەی مەزارەکان و شوێنە پیرۆزەکانی کاکەییەکان چارەسەر بکات.