به‌لاغی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم

سیاسی
  • 9-06-2022, 19:54
  • +A -A

    هەولێرـ INA
    پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 9/6/2022 به‌ سه‌رپه‌رشتیی بنێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌بوونی خاتوو جینین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و تیمی پسپۆڕی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر به‌ یونامی، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هەرێم لەڕاگەیتدراوێکدا کە کۆپیەک بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە ڕاگەیاند"كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بابه‌تی ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌وڵدان بۆ له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسی و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌‌.
    كۆبوونه‌وه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ی‌ كرد كه‌ شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 8/6/2022 به‌ درۆنێكی بۆمبڕێژكراو كرایه‌ سه‌ر هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و زیانی گیانی و ماددی هاوڵاتیانی سڤیلی لێكه‌وته‌وه و ئه‌مه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدديی‌ بۆ سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگیریی عيراق لێكدرایه‌وه‌‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ داوا له‌ حكوومه‌تی فیدڕالی عیراق كرا كه‌ پێویسته‌ كۆتایی به‌م ده‌ستدرێژییانه‌ بهێنرێت و به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی جددی بۆ ڕێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ بدات.
    هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی هه‌وڵه‌كانی نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق و په‌رۆشییان بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد، هه‌روه‌ها سوپاسی ئاماده‌بوونی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنیان بۆ داوه‌تنامه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كرد.
    دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌، سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ به ‌جۆرێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و بره‌ودان به‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بێت و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌رده‌وام ‌بێت له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی له‌به‌رده‌م یاسای هه‌ڵبژاردندا ماون. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌ بڕیاری دا سكرتاریه‌تێك پێكبهێنرێت له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمی یۆنامی بۆ به‌دواداچوون و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌‌كان و‌ تا ڕێككه‌وتی 1ی ته‌مووزی 2022 ڕاپۆرتێك له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماده‌ بكات.
    سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌وڵه‌كانی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمیان به‌رز نرخاند به‌مه‌به‌ستی له‌یه‌ك نزیكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ پاڵپشتیی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌بن‌، هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیان كرد