سەرۆك كۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ

  • 2-09-2020, 00:00
  • +A -A

     بغداد – واع

    به‌رهه‌م ساڵح سەرۆك كۆمار جەختیکردەوە لەگرنگی دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا. 
    سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌"بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە،  لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا".
    وتيشى سەرۆك كۆمار و سەرۆکی فەرەنسا كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵیان ئەنجامدا و گفتوگۆیانكرد دەربارەی پەیوەندیی دۆستانەو چۆنیەتی پەرەپێدان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاریی بونیادنەر لە تەواوی بوارەكان، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی عێراق و فەرەنسا بکات، هاوكات گفتوگۆشكرا سەبارەت بە دواین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و عەرەبی و دۆزە ھاوبەشەکانی جێی بایەخی هەردوولا. 
    سەرۆك بەرھەم جەختیكردەوە لەسەر مکۆر بوونی عێراق بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ فەرەنسا لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی زیاتر لە روانگەی ئەو پەیوەندییە مێژینەیەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، ھەروەھا دووپاتیشیكردەوە لەسەر پابەندبوونی عێراق بە بەرنامەی كاری نەگۆڕی خۆی لە دروستكردنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ و دۆست و هاوپەیمان و پشت بەستن بە هاریكاری و هەماهەنگی لە بوارەكانی ئابووری و وەبەرهێنان، وەك رێگەچارەیەك بۆ بونیادنانی پردی پەیوەندی نێوان گەلانی ناوچەكە دوور لە سیاسەتی جەمسەرگیری و سەپاندنی ئیرادە.
    لە بەشێکی دیکەی وتەکانی، سەرۆك كۆمار رایگەیاند عێراق بە گرنگییەوە لە پشتیوانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەڕوانێت بۆ هەوڵەكانی لە پتەوكردنی سەروەری تەواو و پارێزگاركردن لە ئاسایش و رێگریكردن لە پێشێلكاری سەربازی بۆ سەر خاكەكەی، جەختیشیكردەوە لەگرنگی خستنەگەڕی هەوڵەكانی ھەمووان بە ئاراستەی رێزگرتن  لە سەروەری وڵاتان و رێگەش بگیرێت لە دەست خستنە ناو كاروباری ناوخۆی یەكتر وەك بەرژەوەندییەكی هاوبەش بۆ هەمووان كە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایشی ھەرێمایەتی.
    ھەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بۆ گرنگی كاری هاوبەش لە پێناو بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە رێکخراوە تیرۆریستیەكان و وشككردنی سەرچاوەی داراییان و رێگریكردن لە بیری توندڕەوی، تاوەکو ببێتە مایەیی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە، هەروەها رۆڵی كارای فەرەنسای بەرزنرخاند لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر بەو پێیەی كە هاوبەشێكی سەرەكی عێراقە لە جەنگی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
    لەلای خۆیەوە سەرۆك ماكرۆن جەختیكردەوە لەسەر پشتیوانی وڵاتەكەی شان بەشانی عێراق بۆ پارێزگاریكردن لە سەروەریی و ئاسایش و سەربەخۆیی بڕیارەکانی، ھەروەھا ئاماژەشیكرد بەگرنگی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاریكاری لە جەنگی دژ بە تیرۆر و رێگری لە گەڕانەوەی هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر گەلانی جیهان و پێویستی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و رێگری لە گرژییەکانی ناوچەكە و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان. دواتر هەردوو سەرۆک کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو شاندی عێراقی و فەرەنسا، جەختکرایەوە لە پێویستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی هاریکاری و هاوبەشی ئابووری نێوان هەردوو وڵات و کاراکردنی  وەبەرهێنان و سود وەرگرتن لە شارەزایی هاوبەش و هەماهەنگی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و سنوردارکردنی لێکەوتەکانی لە رووی تەندروستی و ئابووریەوە.
    هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و هێورکردنەوەی گرژیەکان و ڕاگرتنی پەرەسەندنەکان لە ناوچەوکەدا، بەجۆرێک ببێتە مایەی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.