سەرۆک بەرهەم سەرپەرشتی کۆنگرەی یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان دەکات

  • 2-08-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    سەرۆک بەرهەم سەرپەرشتی کۆنگرەی یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان دەکات و لە وتارێکدا رایگەیاند، ئەو تاوانەی شەش ساڵ لەمەوبەر بەرامبەر ئێزیدییەکان ئەنجام دراوە، تاوانێکە وەک جینۆسایدکردنی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت و لە ئێستاشدا حکومەتی عێراق لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە دەخوازێت مافێکی شایستە بۆ ئەوانەی بونەت قوربانی کردەوەکانی دەستی داعش قەرەبو بکاتەوە، ئەوانەشی لەو تاوانەدا کەمتەرخەم بون و بە سزای یاسایی بگەیەنێت.
    سەرۆک بەرهەم لە وتارێكیدا كه‌ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)چاودێرى كردووه‌، باسى لە دواین هەوڵەکانی حکومەتی عێراق کرد بۆ دۆسیەی جینۆسایدی ئێزیدییەکان و رایگەیاند، لە ئێستادا بە پێویستی دەزانن هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو ئێزیدیانە چڕبکرێتەوە کە لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە بێ سەروشوێن کراون، کە بەگوێرەی ئامارەکان لە کۆی شەش هەزار کەس، تائێستا چارەنوسی دو هەزار و 500 ئێزدی دەستی داعش نادیارە، هەروەها داوایان لە پەرلەمانی عێراق کردوە لە رێگەی یاسایەک کە رەشنوسەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەی کردوە بۆ رزگاربوانی دەستی داعش پەسەندبکرێت، بۆ ئەوەی ماف و شایستەکانیان دابین بکرێت.
    ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا و بەهاوکاری تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، هەوڵەکان بۆ بە دۆکیومێنتکردن بەڵگە و تاوانەکانی داعش بەردەوامن و لێپرسینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کەمتەرخەم بون و بونەتە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعش، هەروەها بۆ ئەوەی ئەو روداوە دوبارە نەبێتەوە پێویستە بەرامبەر هۆکار و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی توندڕەوی نەرمی پیشان نەدرێت.
    سەرۆک بەرهەم لەبارەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی شنگالیش وتی، لە ئێستادا نزیکەی 80 گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان هەیە کە هەڵنەدراونەتەوە و وەک بەڵگەی تاوانەکانی داعش شیکاریان بۆ نەکراوە، بەڵام دەوڵەتی عێراق هەمو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی مافی ئێزیدییەکان دەستبەربکات و دوبارە تاوانێکی دیکەی هاوشێوەیان بەرامبەر دوبارە نەکرێتەوە، هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئیسلامی هەماهەنگی دەکەن بۆ ئەوەی فاکتەرەکانی توندڕەوی، دروستبونی گروپە تەکفیرییەکان و ریشەکێشکردنیان دیاریبکرێت.