كازمى ساعدى ده‌گه‌رێنێته‌وه‌ ولیژنه‌یه‌كى باڵا بۆ به‌دواداچوونى ڕاستییه‌كان پێكده‌هێنێت

  • 9-05-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

    مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران ،ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌،دووپاتیكرده‌وه‌،گه‌ڕاندنه‌وه‌ى فه‌ریق روكن عه‌بدولوه‌هاب ساعدى بۆ ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر،جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ساعدى ده‌بێته‌ سه‌رۆكى ده‌زگاكه‌.
    كازمى له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا له‌دواى كۆتایی هاتنى دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،ڕایگه‌یاند،یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سازكرا وژماره‌یه‌ك بڕیاریش ده‌ركرا له‌سه‌رووى هه‌موویشیانه‌وه‌ خه‌رجكردنى مووچه‌ى خانه‌نشینان وپه‌رۆشى بۆ دوانه‌خستنى.
    وتیشى،بڕیار دراوه‌ به‌پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى یاسایی باڵا بۆ به‌دواداچوونى ڕاستییه‌كانى هه‌موو ڕووداوه‌كان هه‌ر له‌ یه‌كى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 تاوه‌كو ئه‌مڕۆ ڕوویانداوه‌،به‌و پێیه‌ى داد ویه‌كسانى به‌جێ بگه‌یه‌نێت وكه‌سانى تێوه‌گلاو به‌خوێنى عێراقى لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت وخانه‌واده‌ى شه‌هیدان قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه‌ وبریندارانیش چاودێرى بكرێن.
    باسى له‌وه‌یش كرد،رێنمایی دراوه‌ته‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌ئازادكردنى سه‌رجه‌م به‌ندكراوه‌كان كه‌به‌شدارى خۆپیشاندانیان كرد وهه‌روه‌ها داوایش كراوه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى  هه‌ماهه‌نگ بن بۆ ئازادكردنی ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی كه‌ دۆسیه‌ی بچوكیان له‌سه‌ره‌ و ده‌ستیان نه‌چوه‌ته‌ خوێنی عێراقیه‌كان.
    مسته‌فا كازمی بڕیاریشداوه‌، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ قه‌یرانه‌كان له‌ كه‌سانی پسپۆڕ له‌ كاروباری ده‌ره‌وه‌ و په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان پێكبهێندرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكای تایبه‌ت به‌پێداچونه‌وه‌ به‌رێكه‌وتنی ستراتیژی نێوان هه‌ردولا له‌چوارچێوه‌ یه‌كڕیزی و پاراستنی سه‌روه‌ری عێراقدا
    له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كان كازمى ڕایگه‌یاند،بڕیارێك ده‌ركراوه‌ به‌پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك له‌شاره‌زایان به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ نه‌هێشتنى ئاسته‌نگییه‌كانى به‌رده‌م ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت وبێگه‌رد ودادگه‌رانه‌.
    كازمی له‌به‌شێكی دیكه‌ی بڕیاره‌كانیشیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، "بڕیاریانداوه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌ریقی روكن عه‌بدولوه‌هاب ساعدی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر،ئاماژه‌یشى دا حكومه‌ت ڕوون ده‌بێت ونابێته‌ حكومه‌تى ژووره‌ داخراوه‌كان وسه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ى ده‌یانگرێته‌ به‌ر بۆ خزمه‌تكردنى به‌رژه‌وه‌ندى گشتییه‌.
    كازمى داوایشى له‌ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن كرد به‌وردى وهۆشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ى زانیارى وبڕیاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكه‌ن وته‌نها پشت به‌سه‌رچاوه‌ى فه‌رمى ببه‌ستن ،ئه‌و هه‌واڵانه‌ى ڕۆژانى ڕابردوویشى ڕه‌تكرده‌وه‌.