سه‌رۆك كۆمار جه‌خت له‌پێویستى هه‌ماهه‌نگى نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت

  • 20-04-2020, 00:00
  • +A -A

     به‌غدا-اه‌ع

     
    بەرهەم سالح سەرۆك كۆمار ،ئەمڕۆ دووشەممە، لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، پێشوازیکرد لە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری. 
    نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك كۆمار له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ده‌ستى ئاژانسى هه‌واڵى عێراقى(اه‌ع)كه‌وتووه‌،بڵاویكرده‌وه‌،لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار، جەختی لە ڕاوێژ و هەماهەنگی لە نێوان ھەموو لایەن و هێزە سیاسییەکان کردەوە، بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەجۆرێک نوێنەرایەتی گشت پێکهاتەکانی عێراق بکات و توانای جێبەجێکردنی خواستە رەواکانی هەبێت و چاکسازی پێویست بھێنێتە کایەوە.
    سەرۆک بەرهەم، ئاماژەی بەگرنگی پابەندبوون بەدەستوور و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کرد، لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە دید و بۆچونێکی هاوبەش بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و پاراستنی مافی گشت گەلانی عێراق.
    لەلای خۆیانەوە شاندی هەرێم، دووپاتیان لە لێکگەیشتنی هاوبەش کردەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بارەی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان و بەرجەستەکردنی هاریکاری و کاری هاوبەش لە پێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستا عێراقی پێدا تێدەپەڕێت.
    هەر لە دیدارەکەدا، باس لە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و هەماهەنگی هاوبەش کرا، بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە و پێویستی ھاریکاری کارمەندانی تەندروستی و پابەندبوون بەڕێنمایە تەندروستییەکانەوە.