كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی نێوان سەرۆك كۆماری عێراق و پادشای ئوردن و سەرۆكی فەلەستین لە عەممان به‌رێوه‌چوو

  • 24-05-2019, 00:00
  • +A -A

    ئەمرۆ پێنج شەممە ٢٣|٥|٢٠١٩ لە كۆشكی بسمان لە عەممانی پایتەختی ئوردن كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی هەر یەك لە سه‌رۆك كۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵح و شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردن و مەحمود عەباس سەرۆكی فەلەستینی بەرێوەچوو.

    لە كۆبوونەوەكەدا كه‌ وه‌لی عه‌هدی ئوردن ئامادەی بوو گفتوگۆ كرا دەربارەی په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویه‌كانی نێوان عێراق و ئوردن و فه‌له‌ستین و دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌. 

    هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كێشەی فەلەستین كرا و جه‌خت لە پێویستی پشتیوانیكردنی فەلەستینیەكان كرایه‌وه‌ بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانیان و بنیادنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە پایتەختەكەی قودسی خۆرهەڵات بێت.

    لەو كۆبوونەوەیەدا ئاماژە كرا بە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و راوێژ لە زۆربەی بابه‌ته‌ جیاوازەكان كە خزمەت به‌ ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچەكە بكات.

    سه‌رۆك كۆماری عێراق و پادشای ئوردن و سه‌رۆكی فه‌له‌ستین جه‌ختیان له‌ پێویستی یەكخستنی هەڵوێستەكان و پتەوكردنی كاری هاوبەش كرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌كان، بۆ تێپەراندنی ئاستەنگ و قەیرانەكانه‌كان كە رووبەڕووی ناوچه‌كه‌ دەبێتەوە.

    دوا به‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ پادشای ئوردن له‌ سه‌ر شەرفی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی فەلەستین خوانی بەربانگی ئامادەكرد كە لێپرسراوانی باڵای هەر سێ‌ وڵات ئامادەی بوون.

    شایه‌نی باسه‌ پاش ته‌واو بوونی به‌رنامه‌ی سه‌ردانه كورته‌كه‌ی بۆ وڵاتی ئوردن دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پادشای ئوردن و سه‌رۆكی فه‌له‌ستین و گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئوردن، هه‌ر ئه‌م شه‌و سه‌رۆك كۆماری گه‌رایه‌وه‌ عێراق.