چاکسازی خێزان و جێبەجێکردنی یاسا سنوور بۆ ئەنجامدانی تاوان دادەنێن

  • 1-09-2018, 00:00
  • +A -A

    کەرکوك/ نەهزە عەلی

    و/ صباح کوردستان

    توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگای نەوجەوانانی کەرکوك زاهیدە مەردان روونکردەوە کە لەئەنجامی ئەزموونی کارکردنیدا لە دادگای نەوجەوانان و ئەندامێتی لیژنە لە دادگای تاوانەکان بۆی دەرکەوتووە هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوانەکان زۆرن و ئەگەر هۆکارێکی ئەنجامدانی تاوانکاری بلێین ئەوا دەبێ باس لە توندوتیژی خێزانی بکەین وەك هۆکار، دەربەدەرکردن و توندوتیژی دایکان و باوکان سەرقاڵبوونیان بە ژیان و کارکردن

    باوکی سەعید تووشی شۆك بوو وەختێك بانگهێشتی بنکەیەکی پۆلیس کرا، لەدوای دەستگیرکردنی کوڕەکەی بەتاوانی دزیکردن لەگەڵ دوو لە هاوڕێکانیدا، و ئاشکرابوو سەعیدی کوڕەکەی کە هەموو بەیانیان بەناوی کارکردن دەچووە دەرەوە بۆ ئەوە بووە چاوی بەو دوو هاوڕێیە خراپەی بکەوێت، و بوو بە یەکێك لە ئەنجامدەری تاوانەکان، ئەو لە بازاڕ کاری دەکرد بەڵام جارجارە لەگەڵ گروپێك لە هاوڕێکانیدا رێکدەکەوێت دزی بکەن، کە سەرەتا لە دزینی پارە لەو ژنانەی بۆ بازاڕکردن دێنە دەرەوە دەستیپێکردووە تا گەیشتۆتە دزینی دوکان و ماڵەکان.

    لەبەردەم ئەم شۆکەدا باوكەکە هیچی نەدەبینی بێجگە لەنیگەرانی و سەرزەنشتکردن کە لەسەریدا وەك هەور دەورەیدابوون بەوپێیەی رۆژێك کە رۆژان گرنگی پێنەداوە و نەیپرسیوە سەعید بۆ کوێ دەڕوات؟ و کاتەکەی چۆن بەسەر دەبات؟

    ئەو پیاوە غەمبارە بەرۆژنامەی "صباح" ی وت "کوڕەکەم زوو وازی لە خوێندن هێنا و لێپرسینەوەم لەگەڵدا نەکرد، بڕیاری خۆیدا لە بازاڕ کار بکات، خۆم و دایکی رێگریمان لێنەکرد چونکە داهاتمان سنووردار بوو، بێجگە لەوەی کوڕەکەمان گەنج بوو داواکارییەکانی زۆر بوون، بەڵام قەدەر وایکرد لەگەڵ هاوڕێی خراپدا فێری سیفاتی ناشرین بێت، دوای ئەوەی لەو ماوەیەدا دوور لە ئەندامانی خێزانەکەمان بۆ ماوەیەکی زۆر لەدەرەوەی ماڵەوە دەمایەوە".

    لەلایەکی ترەوە دایکی نەجاح باس لەخەمی خۆی دەکات لەدوای ئەوەی کوڕە گەورەکەی لەتاوانێکی کوشتندا تێوەگڵاوە، بەهۆی هاتن و چوونی بۆ بەندیخانەی تەسفیرات و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی دیکەدا، تووشی ماندووبوون و نائومێدی بووە، بەڵام هیشتا سەردانی کوڕەکەی دەکات لەچاوەڕوانی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەیەکی جێگیر، و جەختیشدەکاتەوە کە بەهۆی کەمتەرخەمی لە ئامۆژگاریکردندا کوڕەکەی لەدەستداوە و کوڕەکەیشی ئایندەی خۆی لەدەستداوە، یان لەبەرئەوەی زۆر لەدەرەوەی ماڵدا ماوەتەوە، و لە بازاڕ و گەراجەکاندا بووە بۆ کار و پەیداکردنی بژێوی ژیان و دواجاریش بابەتەکە بە ئەنجامدانی تاوانێك کۆتایی هات کە لەدوای دەمەقالێیەکدا دروست بوو".

    نەهێشتنی تاوان

    بۆ زانینی رێژەی تاوان و جۆرەکانی عەقید قەیس عامر ناجی بەڕێوبەری نەهیشتنی تاوان لە کەرکوك بە رۆژنامەی "صباح"ی وت "تاوان لە هەموو کات و سەردەمێکدا هەبووە و هۆکارەکانیشی زۆرن و دەشێ تاوانکار پیاو یان ژن بێت، جۆرەکانیشی بریتین لە دزی و تاوانەکانی هەڵکوتانی چەکداری و تاوانەکانی رفاندن و کوشتن، ناشاردێتەوە کە پاریزگاکەمان بەهۆی ئەوەی خەڵکی جیاوازی پاریزگاکانی دیکەی بۆ هاتووە و تێیدا نیشتەجێبووە، کەسانێکیان تێدا بووە سەر بە ریکخراوی "داعش' بوون، و ئەم ئینتیماکردنەشیان فیری جۆرەها تاوانی کردوون، بەڵام کێرڤی ئەنجامدانی تاوان بەرە بەرە روو لە دابەزینە، لەدوای ئەوەی حکومەتی فیدڕال هێزەکانی خۆی لە پارێزگاکەدا بە هێزی دیکەی وەك دژە تیرۆر چەسپاند و کۆنتڕۆڵکرد، ئەمەش هاوکار بوو لە باشترکردنی دۆخی ئەمنی لەدوای ئازادکردنی ناوچەکان لەدەست باندەکانی "داعش"، ئەمەش رەنگدانەوەی هەبوو بەسەر ئاسایشی کۆمەڵگا،لەدەرەنجامی ئەمەشدا ئێمە لەدوو مانگی دووایدا ژمارەیەکی زۆر کەمی تاوانمان تۆمارکردووە، لەو رووداوانەی کە لەدوای لێکۆڵینەوە و وردەکاری سەرجەم بنکەکانی پۆلیسی پاریزگاکەماندا رەوانەی بەغدا دەکرێن".
    ناجی روونیشیکردەوە کە "ریوشوێنەکانی مامەلەکردن لەگەڵ تاوان دوای ئەوە دەبێت کە ئاگاداردەکرێینەوە لە بوونی هەر حاڵەتێکدا هێزەکان بۆ دەستگیرکردنی باندەکان دادەنرێن و پشت بە سەرچاوەی زانیارییەکان و کامیرای چاودێری دەبەسترێت، هێزی گەڕۆك چاودیری داواکراوان دەکات، و بەپێی زانیاری بەردەست و بەڵگە تاوانکاران دەستگیردەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، دانپیدانانەکانیان تۆماردەکرێن و لەژێر رۆشنایی ئەوەدا رەوانەی دادگا دەکرێن بۆ ئەوە بەپێی یاسا حوکمبدرێن".

    ناجی تیشکیشی خستەسەرئەوەی کە دوا هەلوێست کە لە فەرمانگەکەیدا تۆمارکراوە ١٩ حاڵەتی هەڵکوتانەسەری چەکداری بووە کە ١٧ یان ئاشکراکراون و دووانەکەی تریشیان لەژێر لێکۆڵینەوەدان، و ٢٣ تاوانیش ئەنجامدراون لەةێویاندا ١٨یان ئاشکرابوون، هەرچی تاوانی رفاندنە ژمارەیان گەیشتۆتە ٢٣ تاوان و سەرجەم جێبەجێکاران ئاشکراکراون، هاوکات ئەرکی فەرمانگەکەمان تەنها لەوەدا ناوەستێت چاودێری ئاگادارکردنەوەکان بکات، بەڵکو فەرمانگەکە چاودێری ئەوانە دەکات کە پێشینەیان هەیە بەپێی زانیارییە بەردەستەکان لە بارەگای بەڕێوبەرایەتییەکەدا، هەروەها چاودێری یانەکانی گەنجان و گازینۆ و قاوەخانەکان دەکەن کە تێیاندا گەنجان کۆدەبنەوە، بەدوای هەندێك حاڵەت و دڵنیابوون لە بوونی تاوانباران یان پلانداڕێژەرانی تاوانەکاندا دەگەڕێن".

    هەروەها ئەوەشی وت کە :وەزارەت لەرێگەی رێنماییەکانەوە پرۆگرامێکی کارکردن و میکانیزمی پیشخستنی توانای کارمەندەکانی داناوە لەسەر شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکاندا، ئەمەش بۆ سنووردانانی تاوان یان دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانییەتی، پرۆگرامەکانیش بریتین لە خوولی رۆشنبیرکردنی ئەفسەران و کارمەندان خەڵك هانبدەن لە ماددە هۆشبەرەکان دوورکەونەوە، هەروەها روونکردنەوەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرەکانی تاوان و تاوانکاران، لەژێر رۆشنایی کرانەوە لە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و گواستنەوەی ئەزموونی نێگەتیڤ لە دەرەوە، کە کاریگەریان بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگاوە هەیە بەتایبەت چینی گەنجان، چونکە زۆربەی ئەنجامدەرانی تاوان تەمەنەکانیان لە نێوان ٢٠ تا ٣٠ ساڵیدایە، و زۆربەیان لە ژینگەیەکدان تێیدا هاندەدرێن تاوان ئەنجامبدەن، وەك ئەوەی لە خانەوادەی هەڵوەشاوە بن یان لەدەرەوەی ماڵ پێگەیشتبن، یاخود ئەوانەی کە دایك و باوکیان لەدەستداوە و وەك پێویست چاودێری نەکراون، بەهەمان شێوە ئەوانەی کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و ئاڵودەی خواردنەوە کحولییەکان و هۆکاری دیکە بوون".

    هۆکار و چارەسەرەکان

    توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگای نەوجەوانانی کەرکوك زاهیدە مەردان روونکردەوە کە لەئەنجامی ئەزموونی کارکردنیدا لە دادگای نەوجەوانان و ئەندامێتی لیژنە لە دادگای تاوانەکان بۆی دەرکەوتووە هۆکارەکانی ئەنجامدانی تاوانەکان زۆرن و ئەگەر هۆکارێکی ئەنجامدانی تاوانکاری بلێین ئەوا دەبێ باس لە توندوتیژی خێزانی بکەین وەك هۆکار، دەربەدەرکردن و توندوتیژی دایکان و باوکان سەرقاڵبوونیان بە ژیان و کارکردن، و لاوازی رۆڵی دامەزراوەکانی فێرکردن "قوتابخانە" یان شکستهێنان لەو دامەزراوەیە، و تووشبوون بە ئەو نەخۆشیانەی کە دەکەونە چوارچێوەی پێکهاتەی کەسایەتی کۆمەڵایەتی تاکەکەس لەئەنجامی پەروەردەکردن لە تەمەنی منداڵییەوە، هەروەها بوونی فۆکەسی ئەوەی کە هاوکاری هەرزەکاران دەکات رەفتاری توندوتیژی ئەنجامبدەن، لەرێگەی لاساییکردنەوەی کەسایەتییە ناودارەکان، یان کەوتنە ژێر کاریگەری دەوروبەری خراپ، کە دەبنە پاڵنەر بۆ بوون بە خاوەنی ئامیری توندوتیژی وەك چەقۆ یان هەڵگرتنی چەك بە شێوەیەکی نهێنی، وەك رەنگدانەوەیەك بۆ سەلماندنی کەسایەتییان، بەتایبەت لە تەمەنەکانی دوای هەرزەکاری و تا تەمەنی بیست ساڵی، کە گەنجان بەئاسانی هەڵدەچن و ناسەقامگیر دەبن".

    وتیشی "ئێمە ناتوانین ئەنجامدانی تاوان تەنها بدەینە پاڵ منداڵانی چینی هەژار یان ئەوانەی کە بەدەست خراپ مامەڵەکردن دەناڵێنن، کۆمەڵگا روبەڕووی داگیرکارییەکی نێگەتیڤ بووەتەوە بەهۆی کرانەوە و نەبوونی چاودێری کە کەسانی تەمەن مامناوەندی گرتۆتەوە، ئەمەش لەدەرەنجامی زیانی گواستنەوەی ئەزموونی کۆمەڵگا بیانییەکان لەنیویاندا لاساییکردنەوەی دامەزراندنی باندەکان و سوکایەتیکردن بە یاسا.

    باسی لەوەشکرد کە "چارەسەری سەرکەوتوو لەرێگەی هێزێکی جێبەجێکاری یاسا دەبێت لەلایەنی پەیوەندار و چاکسازیکردنی دەزگای بەرپرس و دژایەتیکردنی گەندەڵی یاسایی لەرێگەی ئامرازەکانی دەوڵەتەوە، هەروەها بایەخدانێکی تایبەت بە گەنجانی کوڕ و کچ لە چاڵاکییە دامەزراوەییەکانی و گەشەپێدانی بەهرەکان و ئاراستەکردنیان بەم ئاقارە و بەباش بەکارهێنانیان،، ئەم رۆڵە لەئەستۆی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیشدایە، بەهەمان شێوە زەرورەتی فەراهەمکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کە خۆی لە شوێنی نیشتەجێبوون و خواردن و خوێندن و خۆشگوزەرانی دەگرێتەوە، هەروەها فەراهەمکردنی دامەزراوەکان بۆ لەخۆگرتنی دەربەدەربووەکان و ئەوانەی کە لە دایك و باوکیان جیابوونەتەوە، و دوورخستنەوەی تارمایی بێکاریی لەسەر لاوان".

    ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە لەدرێژەی قسەکانیدا هێماشی بۆ ئەوەکرد کە "پێویستە رۆڵی دایك و باوکانیش نەشارینەوە لە ئامۆژگاریکردن و ئاراستەکردنی رۆڵەکانیان و چاودێریکردنیان بۆ ئەوەی نەبن بە نێچیرێکی ئاسان بۆ هاوڕێ خراپەکانیان، ئەمەش بەهۆی گەشەپێدانیان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا، و دوورکەوتنەوە لە گیانی تۆڵەسەندنەوە، چونکە پەروەردە بەتەنها دابینکردنی خواردن و خواردنەوە و پیدانی پارە و دابینکردنی پێداویستییەکان نییە، ئەوەتا لەدادگاکاندا تاوانبارانی رۆڵەی دایك و باوکانی خوێندەوار و ئاستبەرز هەن، بەڵام لەرۆڵی خێزانی خۆیاندا کەمتەرخەمیان نواندووە".