چیرۆکی کچە رفێنراوێکی ئێزیدی .. داعش لە شنگال منی رفاند و لە فەلوجە کردمی بە کۆیلە

  • 23-07-2018, 00:00
  • +A -A

    کەناڵی (الحرة) وەرگێڕانی/ صباح کوردستان س. کچە ئێزیدییەکە لەگەڵ یەکێك لە هاوڕێ کچەکانی دیکەیدا لەلایەن داعشەوە رفێنراوە لە مردن رزگاریبووە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٢٦ رۆژ کەوتنە دەستی چەکدارانی ئەو رێکخراوە. س کە  لەترسی رەنگدانەوەی خراپ نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، چیرۆکی تاڵی رفاندنی لەلایەن داعشەوە بۆ ماڵپەڕی "حوڕە" گێڕاوەتەوە، کە لەگەڵ دەستپێکردنی پەلاماری چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە لە گوندەکەی خۆیان کە سەر بە قەزای شنگالە دەستگیرکراوە. ئەو کچە تەمەنی ١٧ ساڵانە و دەڵێت "چەکدارانی داعش لە رۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ گوندەکەیان گەمارۆداوە، لەوکاتەی سەدان خیزان لەهەوڵی ئەوەدابوون بە ئاراستەی چیای شنگال رابکەن، پیاوانیان دەستگیرکرد و لەسێدارەیان دان و ژن و منداڵانیشیان بە ئۆتۆمبێڵ گواستۆتەوە بۆ گوندێکی دیکەی سەر بە شنگال کە لەلایەن چەکدارەکانەوە کۆنتڕۆڵکرابوو، دواتر گوازراونەتەوە بۆ قەزای بەعاجی سەر بە پارێزگای نەینەوا و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر ماونەتەوە و لەوێشەوە رەوانەی شاری موسڵ کراون کە بەتەواوەتی لە ژێر دەستی داعشدا بووە. گواستنەوە و جیاکردنەوەیان بەپێی گێڕانەوەی س چەکدارەکان لە موسڵ ژنانی رفێنراویان لەناو هۆڵێکدا دەستبەسەرکردووە، و دوای هەفتەیەك ژنانی بەساڵاچوویان جیاکردوونەتەوە و منداڵانی سەرووی نۆ ساڵانیشیان بەبیانووی فێرکردنی خوێندن و رێنماییەکانی ئاینی ئیسلام و قورئان لەدایکانیان جیاکردۆتەوە. کچان و ژنانی گەنجیان گواستۆتەوە بۆ "کۆشکێکی زۆر گەورە"، کچانی گەنج ئەوانەی لە خوار تەمەنی ٢٠ ساڵانییەوە بوون بۆ ماوەی دوو تا سێ رۆژ هێشتۆتەوە و دواتر لە ژنانی گەنجیان جیاکردوونەتەوە ئەوانەی کە تەمەنیان لە بیست و سییەکاندابووە س دەڵێت دوای ئەو جیاکردنەوەیە، چەکدارێك ئەمیر و رابەری چەکدارەکان بوە هاتووە و پێیڕاگەیاندوون کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ببن بە موسوڵمان و لەگەڵ چەکدارەکاندا هاوسەرگیری بکەن، هەڕەشەشی کردووە کە هەر کەسێك رەتیبکاتەوە ببێت بە موسوڵمان ئەوا روبەڕووی مەرگ دەبێتەوە، واتا هیچ رێگەیەك لەبەردەم کچەکاندا نەما بێجگە لە ملکەچبوون و راگەیاندنی موسوڵمانبونی خۆیان. دیاری بۆ ئەندامانی داعش دوای ئەوە، ئەو کچە گەنجە ئێزیدییە دەڵێت "فەرماندەکە رۆژانە دوو جار سەردانی دەکردین، هەر جارێك ژمارەیەك کچی دەبرد کچانی تەمەن لە نیوان ١٠ تا ١٦ ساڵان و بەسەر جەکدارانی دابەشدەکردن و دەیانبردنە ماڵەکانی خۆیان". ئاماژەشیدا بە "توندترین رەفتاری وەحشیگەرانە کە مرۆڤ بەخەیاڵیدا بێت بەرامبەر ئەو ژن و منداڵانەی ژێر دەستی داعش ئەنجامدراوە". دوای چەند رۆژێك نۆرەی س هاتووە بۆ ئەوەی بدرێت بە یەکێك لە چەکدارەکان، و وتی "پیاوێکی تەمەن ۆەنجا ساڵی لە فەلوجەوە هاتبوو ئەو و هاوڕێ کچەکەی هەڵبژاردووە و لە گەشتێکدا کە ماوەی یەك رۆژی تەواوی خایاندووە بەرەو شارەکەی خۆی بردوون". ژیان لەگەڵ "دڕندەکان" س نەیتوانی تەواوی وردەکاریی و سروشتی ئەو مامەڵەیەی کە لەفەلوجەدا بەرامبەری ئەنجامدراوە بگێڕێتەوە بەهۆی دڕندەیی مامەڵەکردنەکە، بەڵام ئاشکرای دەکات کە خۆی و هاوڕێ کچەکەی ناچارکراون وەك خزمەتکار کار بکەن و چەکدارەکەش رۆژانە دەستدرێژی دەکردنەسەر، و رێگەی نەدەدا خواردن بخۆن تەنها یەك ژەم نەبێت و چەند جارێکی کەمیش ئاوخواردنەوە. دوای ماوەیەك چەکدارەکان مۆبایلیان بۆ هێناون وپێیانوتوون پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن و پێیان بڵێن بارودۆخمان باشە چونکە بووین بە موسوڵمان، هەروەها لەبەرئەوەی لەگەڵ چەکدارەکان داین". چەکدارەکان ئەم کچە گەنجە و هاوڕێکەیان ناچارکردووە پەیامێك بگەیەننە کەسوکارەکەیان تێیدا هاتبێت "یان دێنە ناو ئاینی ئیسلام یان ئەوەتا روبەڕووی مەرگ دەبنەوە". دوای بەسەربردنی نۆ رۆژ لە فەلوجە هەردوو کچەکە دەرفەتێکیان قۆستۆتەوە کە چەکدارەکە رۆشتووە بۆ بەرەکانی شەڕ، توانیویانە دەرگای ماڵەکە بشکێنن و بە عەبا و پەچەی رەش خۆیان داپۆشن و ناسنامەی راستەقینەیان بشارنەوە و رابکەن. چەکدارەکان کە بە دڕندە وەسفی دەکردن لەهەموو شوێنێکدا بەربڵاوبوون، بەڵام "بەهاوکاری خوا و هەندێك کەسی چاکەکار گەیشتینە بەغدا و چەند خێزانێکی کورد و ئیزید هاوکاری کردوون، و حکومەتی هەرێم فڕۆکەیەکی تایبەت ناردووە و گوازراونەتەوە بۆ هەرێم". ستراتیژیەتی شەڕ چاڵاکوان خدر دۆملی کە گرنگی بەپرسەکانی مافی ژنان دەدات، و رۆڵی سەرەکی هەبووە لە هەماهەنگی گەڕاندەوەی س و هاوڕێکەی بۆ کوردستان، دەڵێت "هەردوو کچەکە یەکەمین رزگاربووانی ژنان بوون لەدەستی داعشدا. دۆمڵی لەوکاتەدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە ماڵپەڕی حوڕەی وتوە "رفاندنی ژنا و مندالانی ئیزیدی لەلایەن داعشەوە "ستراتیژیەتی شەڕە" داعش بەتایبەت دژی کەمینەی ئیزیدی و بەگشتی دژی کورد گرتوویەتیەبەر. هاوکات دەخیل شەمۆ رۆژنامەنوس لە رادیۆی دەنگی ئەمریکا و چاودێری بارودۆخی ئیزیدییەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنید وتویەتی "گێڕانەوەی ئەو کچ و ژنانەی کە توانیویانە رابکەن، جەخت دەکاتە سەر ئەوەی داحش کوشتار و تاوانی گەورەی بەرامبەر بە کچان ئەنجامداوە و لە بازاڕەکاندا فرۆشتویانن ، کاری وایان ئەنجامداوە لەو سەردەمەدا باوەڕ ناکرێت"، وتیشی "بەکەنیزەکردنی ژنان لە شەریعەتی ئەواندا کارێکی ئاساییە". بە هەزار دۆلار جیی ئاماژەیە زیاتر لە چوار هەزار ئافرەت و منداڵی ئیزیدی کەوتنە دەستی داعش، و بەپێی لێدوانی رۆژنامەنوس خدر دۆملی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوی زیاتر لە ٣٥٠٠ کچ و ژن و منداڵی رفێنراویان تۆمارکردووە، هاوکات هەوڵ لەئارادایە بزانرێت چیان بەسەرهاتووە و لەکویدا جێگیرکراون. هەر لەوکاتەدا روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو کە  دەیان لەو کچ و ژنانەی کەوتنە دەستی داعش لە عێراقدا ناچارکراون ببن بە موسوڵمان بەر لەوەی بفرۆشرێن و بەزۆر بدرێن بە چەکدارانی داعش لە سوریا". هێماشی بۆ ئەوەکردووە کە داعش "نزیکەی ٣٠٠ کچ و ژنی ئێزیدی بەسەر چەکدارانی خۆی لە سوریادا دابەشکردووە، لەوانەی کە لەعێراقدا رفێنرابوون لەسەر بنەمای ئەوەی کەنیزەن و دەستکەوتی شەڕن و کافرن". هەروەها روونیکردۆتەوە کە "چەکدارانی داعش کچ و ژنانی رفێنراویان لەنێو خۆیاندا بەیەکتر فرۆشتۆتەوە بە بڕی ١٠٠٠ دۆلار بۆ هەر ئافرەتیك". هەر لەوسەروبەرەدا داعش گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە کە رووداوی بەردبارانکردن و کوشتنی ئافرەتێکە بەتۆمەتی زیناکردن، ئەو ڤیدیۆیە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. رۆژنامەنوس دۆملی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا ئەوەشی وتوە کە "لەرێگەی چاودێریکردنییەوە بۆی دەرکەوتووە ئەو چەکدارانە نەخۆشی دەروونیان هەیە، چونکە زۆر زەحمەتە کەدیك خۆی بە موجاهید لەپیناو خوا دابنێت و لەهەمانکاتدا کچی تەمەن ١٥ ساڵان ببات و  بیکات بە کەنیزە و لەناو ئەندامانی خێزانەکەیدا دایبنێت و وەك دەستکەوتی شەڕ مامەڵەی لەگەڵدا بکات". وتیشی "ئەوانەی کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن هەوڵدەدەن بارودۆخی ژیان و مەینەتییەکانی رفێنراوەکان بزانن"، هێماشی بۆ ئەوەکرد کە چوار کۆمەڵە ژن و منداڵ لەژێر دەستی داعشدا بوون و دابەشکرابوونە سەر چوار ناوچە". باسی لەوەشکردووە کە " بارودۆخی رفێنراوەکان زۆر خراپ بووە، تەنانەت ئەوان کە لەوەرزی هاویندا دەستگیرکرابوون لە وەرزی زستاندا جلوبەرگی زستان و خواردنی پێویستیان یان بۆ دابین نەکردبوون". راکردنی دیلکراوەکان دۆملی دەڵێت "ژمارەیەکی زۆری ژنان توانیویانە خۆیان لەژێر دەستی داعش رزگار بکەن، ئەمەش بەهەوڵی هەندێك لە "خێرومەندان" یان بەیارمەتی بۆمابارانی فڕۆکەکانی سوپای عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ویکایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانراوە ژمارەیەك ئافرەت". "بێجگە لەوەی هەندێك رفێنراو سەرکێشیان کردووە و لەو مالانەی کە تێیدا نیشتەجێکراون رایانکردووە، و هەندێکجار دوبارە دەستگیرکراونەتەوە و هەندێکجاریش توانیویانە دەربازیان بێت و خۆیان بگەیەننە کەسوکارەکانیان". رۆژی حەوتی نۆڤێمبەری ساڵی ٢٠١٤ دەیان ژنی ئیزیدی توانیویانە بەسوودوەرگرتن لە بۆمبارانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە شاری موسڵ لە یەکێك لەو بنکانەی تێیدا دەستبەسەرکرابوون خۆیان و منداڵەکانیان رایانکرد و دەربازیان بوو. دەخیل شەمۆ باسی لەوەش کرد کە 'کەسانێك هەبوو بازرگانیان بەتراژیدیای ژنە ئیزیدیە رفێنراوەکان کردووە، روونیشیکردۆتەوە کە "کەسانێك لە بازاڕەکانی موسڵ و تەلەعفەردا ژن و منداڵەکانیان کڕیوە و دواتر پەیوەندیان بە کەسوکارەکانیانەوە کردووە لەبەرامبەر بەسەلامەتی گەیاندنیانەوە داوای پارەیان کردووە. پێشوازیکردن لە رزگارکراوەکان لیژنەیەکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان چاودێری ئەو ژنانە دەکات کە لەدەستی داعش رزگاریان بووە و هەولدەدات سەربردە و بارودۆخەکەیان بکات بە دۆکیومێنت و بزانرێت ئاخۆ پێویستیان بەچارەسەری تەندروستی دەبێت یان نا، بەپێی لێدوانی خدر دۆملی. ئەگەر پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەبێت پزیشکێکی تایبەت هەیە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی دهۆك بەتایبەت دایناوە بۆ چارەسەرکردنیان، هاوکات لیژنەیەکیش هەیە بۆ هاوکاریکردنی ماددی تاکو بتوانن سەرلەنوێ ژیانێکی ئاسای دەستپێبکەنەوە.