ئاشکرابوونی پرسیاری تاقیکردنەوەکان هەڕەشە لە ئایندەی خوێندن دەکات

  • 11-07-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغدا/ بەشیر خزعەل وەرگێڕانی/ صباح کوردستان  جەختیشیکردەوە کە :لیژنەی تاقیکردنەوە گشتییەکان رێنمایی دەرکردووە سەبارەت بە پێویستی ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی لق و بەڕێوبەری گشتی پەروەردە و بەڕێوبەرانی بەشەکانی ئەزموونەکان لە بارەگای لیژنە و لەکاتی دابەشکردنی پرسیارەکان سەرلەبەیانیان، لەگەڵ راسپاردنی نوسینگەکانی پشکنەری گشتی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دابەشکردنی پرسیارەکان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا، لەسەرووی ئەمەشەوە تۆماری ئامادەبوونیان هەبێت.     بەهۆی دزەپێکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکان بەر لە وادەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەوە وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەی پەروەردەی ئیسلامی سەرجەم لقەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٧-٢٠١٨ هەڵوەشێنرایەوە، ئەو رووداوە بووە مایەی وروژاندنی چەندین پرسیار لای پسپۆڕانی بواری پەروەردە و فێرکردن سەبارەت بە رۆڵی لیژنەکانی تاقیکردنەوەکان و دامەزراوەکانی چاودێریکردن و رۆڵیان لە رێگریکردن لەپێشێلکاری لەو شێوەیە کە هەوڵ و ماندووبوونی هەزاران خوێندکاری بەهەدەردا. بەدڵنیاییەوە پرسیارە دزەپێکراوەکان نەگەیشتوونەتە دەستی سەرجەم خوێندکارەکان، بەڵکو تەنها هەندێك یان توێژێکی دیاریکراو سوودیان لێوەبینیوە، کەواتە تاوانی ئەوانەی تر چییە؟ کاتێك پرسیارەکان دزەیان پێدەکرێت ئایا هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوەکە بەسە وەك هەڵوێستێك دژ بەدزەپێکەران یان چارەسەر تەنها لەگۆڕینی وادەی تاقیکردنەوە یان تەنها لە دووبارە ئەنجامدانەوەیدایە، شارەزایانی بواری فێرکردن داوایانکردووە رێوشوێنی یاسایی توند لەدژی گەندەڵاکاراندا بگیرێتەبەر و لەکار دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی ناوبانگی خوێندن لە عێراقدا پارێزراوبێت.   پرسیارەکان ئاشکرابوونی پرسیارەکان لە نێوەندەکانی کۆمەڵگادا بووە مایەی گاڵتەجاڕی و وێنەیەکی رەشی داوە بەهەندێك بواری فێرکردن، بەتایبەت کە لەبەرئەوەی ئەرکی سەرەکی دامەزراوەکانی فێرکردن بونیادنانی عەقڵ و تواناکانی عێراقە، ئەگەر پرسیارە وەزارییەکان ئاشکرابن دەبێ حاڵی پرسیارە ناکۆتاکانی دیکە چۆن بێت؟ وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی پەروەردەی ئیسلامی ساڵی خوێندنی  2017 – 2018 ی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی لەتەواوی پارێزگاکاندا هەڵوەشێتەوە، تەنها لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەبێت، بەهۆی بڵاوبونەوەی زانیاریی کەسەر ئاشکرابوونی پرسیارەکان، و لەو کاتەشدا خشتەیەکی نوێی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە راگەیەنرا. بەڕێوبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی پەروەردە زەینەب تاریق ئەحمەد لەوبارەیەوە دەڵێت: وەزارەت بڕیاریداوە تاقیکردنەوەی پەروەردەی ئیسلامی هەڵەوشێتەوە و خشتەیەکی نوێی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی راگەیاند و پشتدەبەستێت بە خشتەیەك کە لەسەر بنەمای گۆڕانکاری وادە و زنجیرەی تاقیکردنەوەکانەوە دانراوە. جەختیشیکردەوە کە :لیژنەی تاقیکردنەوە گشتییەکان رێنمایی دەرکردووە سەبارەت بە پێویستی ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی لق و بەڕێوبەری گشتی پەروەردە و بەڕێوبەرانی بەشەکانی ئەزموونەکان لە بارەگای لیژنە و لەکاتی دابەشکردنی پرسیارەکان سەرلەبەیانیان، لەگەڵ راسپاردنی نوسینگەکانی پشکنەری گشتی بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دابەشکردنی پرسیارەکان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا، لەسەرووی ئەمەشەوە تۆماری ئامادەبوونیان هەبێت. هێماشی بۆ ئەوەکرد کە لەرێنماییەکەدا جەختکراوەتە سەر پاراستنی پرسیارەکان لە قاسەی ئاسنیندا کە سێ کلیلیان هەبێت، هەر یەکێکیان لای ئەندامێکی لیژنەی تاقیکردنەوە بێت، هەروەها وتی :لیژنە جەختی کردۆتە سەر ئەوەش کە دەبێ بەڕێوبەرە گشتییەکانی پەروەردەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان هەماهەنگی بکەن بۆ پارێزگاریکردن و دڵنیابوون لەگەیشتنی پرسیارەکان بۆ بنکەکانی تاقیکردنەوە، بێجگە لە پاراستنی چاودێران لەماوەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکاندا.   پرسیارکردن حەسەن موسەوی توێژەر لە کاروباری پەروەردە و فێرکردن ئاماژە دەدات بە بونی مەترسییەکی گەورە لە بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوە، چونکە وەزارەت دڵنیابووە لە ئاشکرابوونی کۆپییەکی پرسیارەکان، ئەگەرنا بۆچی ناچاربووە تاقیکردنەوەکە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، چۆن و کێ پرسیارەکانی ئاشکراکردووە؟ لەکۆتاییشدا چەند کەسێکی دیاریکراوی بەرپرسیارن لە پاراستنی پرسیارەکان و راسپاردنیان بۆ بەن‌ینی پاراستنی پرسیارەکانن تا کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان، و پێویستە لەسەر وەزارەتی پەروەردە بەوپەڕی شەفافیەتەوە تێوەگڵاوان دەربخات، چونکە پرسەکە پەیوەندی بە ناوبانگی پەروەردەیی عێراقەوە هەیە، موسەوەی باسی لەوەش کرد کە : خەڵکی شارە هەژارەکان و گوند و دێهاتەکان و زۆربەی پارێزگاکان خوێندکاری بەتوانایان هەیە هیچ بەرژەوەندییەك یان پەیوەندییەکیان بەو بابەتەوە نییە، بەڵکو ئەمە کارێکە لەلایەن هەندێك لە خێزانە خۆشگوزەرانەکانەوە ئەنجامدراوە کە لە خوێندن و فێربووندا شکستیان خواردووە و دەیانەوێ بە پارە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەمەش بەهۆی بونی کەسانێکی لاوازەوەیە کە لەبواری پەروەردەدا کاردەکەن. کڕین حوسێن کازم خوێندکاری پۆلی شەشی ئامادەیی بەشی زانستی دەڵێت : تاقیکردنەوەی پەروەردەی ئیسلامی بابەتێکی زانستی ئاڵۆز نییە پێویست بکات ئاشکرابکرێت و دزی پێبکرێت، دەبوو سەرەتا پرسیارەکانی دیکەی زۆر زەحمەتی وەك بیرکاری و زمانی ئینگلیزی و کیمیا و فیزیا دزەیان پێبکرایە، بەڵام پێدەچێت ئەو پرۆسەیە بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە و بەوەی پرسیاری دیکەش بەدوایدا ئاشکرابکرێن، لەبەرئەوە وەزارەت زووتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوە و گۆڕینی وادەی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی داوە، بەڵام تاکە زەرەرمەند لەم کارەدا هەزاران خوێندکارە بەهۆی گروپێکی کەمی تەمبەڵ کە دەیەوێت سەرکەوتن بەپارە بکڕێت لەرێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێك گەندەڵکاردا. متمانە خوێندکار ئەحمەد عەبدوڵلا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوەی پەروەردەی ئیسلامییەوە بێهیوا بووە، و دەیەوێ نمرەیەکی باڵا بەدەستبهێنێت بتوانێ خۆی بگەیەنێتە کۆلیژی پزیشکی، ئەم کارەش کاریگەرییەکی گەورەی دەروونی بەسەر تەواوی هەوڵی ساڵێکی تەواودا هەیە، ناوبراو دەشڵێت: تاوانی ئێمە چییە دووبارە تاقیکردنەوە ئەنجام بدەینەوە بەهۆی گەندەڵکاری هەندێك فەرمانبەر و کەمتەرخەمی شارەزایانی وەزارەتی پەروەردە لە پاراستنی پرسیارەکان و ئەمانەت، ئایا هیچ رێوشوێنێکی کارگێڕی و سیتسماتیکی نەبووە بۆ پاراستن و دابەشکردنی پرسیارەکان، یان پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئاژاوەگێڕی بەڕێودەچێت؟ لەماوەی چل رۆژی بەر لە تاقیکردنەوەکان و لەدۆخێکی سەختی بژێویدا بەدەست هەردوو کاردا ناڵاندوومانە، لەپێناو تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەکان بەپێی ماندوبوون و سەرکەوتنی راستەقینانەی خوێندکار نەك بەپێی ساختەکاری و گزی و فێڵ لە دزینی پرسیارەکان، ئەم کارە متمانەی ئێمە بە دامەزراوەی پەروەردەیی لاواز دەکات کە چارەنوسی هەزاران خوێندکار دەستنیشان دەکات.    یاسا سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی خانەنشینکراو کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە روونیدەکاتەوە کە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوە مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە و مەترسییەکی گەورەیەی و بۆیەکەمجارە رووبدات، چی پێویست بەهەڵوەشاندنەوە دەکات، خۆ لیژنەی ئەزموونەکان پرسیاری یەدەگی هەیە، ئەوەی کە پێیدەوترێت پرسیارەکانی A و Bو C واتا کاتێك گومانی لە دۆخی پرسیارەکانی (A) دەبێت پرسیارەکانی (B) رادەگەیەنێت و بەم شێوەیە، ئایا مەعقوولە لیژنەکانی ئازموونەکان تا دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوە نەیتوانیوە ئاشکرای بکات پرسیارەکان دزەیان پێکراوە و ئاشکرابوون؟ ئەم کارە چۆن ئاشکرا بووە؟ کێ بەرپرسی راستەوخۆی ئاشکرابوونی پرسیارەکانە؟ و چۆن پرسیارەکانی دەستکەوتووە؟ پێویستە ئەو پرسیارانە بدرێن بە لیژنەی ئەمنی و دادوەریی تایبەت بۆ ئەوەی تێوەگلاوان بدرێنە دادگا، و دەبێت لەناو دامەزراوەی پەروەردەییدا رێوشوێنی کارگێڕی رێکخستنی نوێ دابنرێت، و نابێ پرسی ئاشکرابوونی پرسیارەکان هەروا بەئاسانی تێپەڕبێت، چونکە ئێمە وەك باوك و خوێندکار و کۆمەڵگا متمانەمان بە دامەزراوەکانی پەروەردە نامێنێت.  تایبەتەکان تێکەڵبوونی کاری مامۆستایان لە دامەزراوە حکومییەکان و خوێندنگا تایبەتەکان یەکێکە لەهۆکارەکانی ئەو پێشێلکارییانەی کە لە دامەزراوە حکومییەکان روودەدەن، بەپێی لێدوانی توێژەری یاسایی دکتۆر عەلی عەبدوڵساحب، روونیشیکردەوە کە کارکردنی هەندیك مامۆستا لە خوێندنگا حکومییەکان و خوێندنگا تایبەتەکان لەیەککاتدا بووەتە هۆی کێبڕکێکارییەکی گەرموگوڕ لەبەر هۆکاری بەدەستهێنانی پارە لەبەرامبەر بەدەستهێنانی سەرکەوتن و زۆرترین نمرە بەهەر شێوازێك بێت، لەبەرئەوە بابەتی فیرکردن بەمەترسی گەورە دەورەدراوە، لەوانە لاوزای فێرکردنی حکومی، و تێکچوونی خوێندنگاکان کە زۆربەیان باڵەخانەی کۆنن، هەروەها زۆری ژمارەی خوێندکاران لەناو پۆل و نەبوونی خزمەتگوزاریی و قەرەباڵغی ناو پۆل بەجۆرێك لەپۆلێكدا چل خوێندکار بەسەرەوە دادەنیشن، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی لاوازی ئاستی زۆربەی مامۆستایان و لەنێویشیاندا بەشێکیان خۆیان بۆ وانەوتنەوەی تایبەت تەرخانکردووە، لەسەر حسابی فێرکردنی حکومی، کە دواجار بووەتە هۆی پێشێلکاری مەترسیدار، بۆیە دەتوانین بەبێگومان بڵێن ئەو پرسیارانەی کە ئاشکرابوون بەخۆڕایی نەبووە، و پێویستە یاسایەکی نوێ و کاریگەر هەبێت رێگری بکات لە دووبارەبوونەی ئەو کارە.   بەرژەوەندی خوێندکار وەزارەتی پەروەردە جەختدەکاتەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوەی بابەتی پەروەردەی ئیسلامی لەبەرژەوەندی خوێندکاران و نایەکسانی خوێندکاری سەرکەوتوو بوە لەگەڵ ئەوانەی تردا، لەهەمانکاتدا ژمارەیەك خوێندکار داوا لە وەزارەتەکە دەکەن بەبڕیارەکەی خۆیدا بچێتەوە. بەڕێوبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی پەروەردە زەینەب تاریق ئەحمەد روونیدەکاتەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تاقیکردنەوەی پەروەردەی ئیسلامی لەلایەن وەزارەتەوە دەرچووە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لەنێوان خوێندکارانی زیرەك و تەمبەڵ، بۆئەوەی هەر خوێندکارێك لە تاقیکردنەوەدا مافی خۆی وەرگرێت کە بەپێی خشتەی نوێی تاقیکردنەوە لە دواهەمین رۆژی تاقیکردنەوەکاندا دووبارە دەکرێتەوە. وتیشی: ئەو خوێندکارەی بەبێ پشتبەستن بە پرسیارە ئاشکرابووەکان تاقیکردنەوەیان ئەنجامداوە دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەکە بۆ ئەوان کارێکی ئاسایی دەبێت، واتا وەکو پێداچوونەوەیەك دەبێت، بەڵام ئەوانەی کە توانیویانە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پرسیارە دزەپێکراوەکانیان دەستکەوێت بەدەست دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوەکەدا دەناڵێنن، بەهۆی قورسی تاقیکردنەوەکە کە دواتر ئەنجامیدەدەن، لەدەرەنجامی بایەخنەدانیان بە خوێندنەکەیان. هەروەها وتی : دەرچوونی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە گۆڕینی وادەی تاقیکردنەوەکان و دواخستنیان لە رۆژی یەکشەممەوە بۆ چوارشەممە بۆ دڵنیابون بووە لە بنکەکانی تاقیکردنەوە و پارێزگاریکردن لە پرسیارە دزەپێکراوەکان بووە، بەوەی کە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکاندا هەماهەنگی کراوە بۆ دڵنیابوون لە پرۆسەی گواستنەوەی پرسیارەکان بۆ ناو بنکەکانی تاقیکردنەوە، و پرۆسەی گواستنەوەی دەفتەرەکان لەدوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی بابەتەکانی دیکە، تاکو پارێزگاری لە پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بکرێت، لەهەمانکاتدا ئاشکراشیکرد لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بەردەوامە کە هۆکاری ئاشکرابوونی پرسیارەکان بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.