گۆی زەمین لەناو گۆڵدا

  • 4-07-2018, 00:00
  • +A -A

    لەمڕۆدا تۆپی پێ حاڵەتێکە لە مێژوودا هیچ ڕابردوویەکی نیەو نزیکترین مومارەسە لێیەوە "ئۆڵۆمپیادی یۆنانی"یە، بەڵام ئەو ئۆڵۆمپیادەی لە سەردەمی ئێمەدا بەردەوام دەبێت‌و ناوی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی لەخۆی ناوە، لە کرۆکدا لە تۆپی پێ جیاوازە، چونکە نوێنەرایەتی "پاڵەوانێتی" مرۆیی دەکات لە بوارە جیاجیاکانی توانای جەستەیی مرۆییدا، لە بازدان و ڕاکردن و هەڵگرتن و شتی تردا. بەم مانایەش بۆ ژیانیه مرۆڤ و پێشخستنی تواناکانیان پیویستە.   شەوقی عەبدولئەمیر و/صباح کوردستان ئەم ڕۆژانە لە مۆسکۆ خولی جامی جیهان بۆ تۆپی پێ بەڕێوە دەچێت، لەوێداو وەک هەموو خولێکی تر "گۆی زەمین" بە گەلان‌و ململانێ‌و زمان‌و هەموو چالاکی‌و جووڵەکانییەوە، دەگۆڕێت بۆ "تۆپ"ێک لەبەر قاچی یاریزانەکاندا بازبازێن دەکات، کە بلووسەکانی بەریان وەک ئاڵا دەشەکێنەوەو دەبن بە گراترین و مەزنترین بونەوەری سەر ڕووی زەمین، بە جەماوەرێتییان‌و خۆشەویستیی خەڵكەوە بۆیان، دەچنە سەرویی پیاوانی سیاسەت‌و ئابوری‌و ڕۆشنبیریی‌و هونەر. ئەمە گۆی زەمینە. هەسارە شینەکەمانە کە لە ئیستادا لەپاڵ خولی تۆپە چەرمینەکەدا دەسوڕێتەوە، وەک بڵێی خولگە گەردونییەکەی خۆی لەیاد کردووە، ئەوەتا ئەو تۆپە چەرمینە باڵی بەسەر چارەنوس‌و ژیانی مرۆڤی هەموو کیشوەرەکاندا کێشاوە، باسی ئەو هەموو پارەیەش مەکە کە بۆی‌و تێیدا سەرف دەکرێت... ئەم دیاردەیە نوێ نیە، بەڵام ڕەهەندێکی وەرگرتووە کە لەسەر هەموو ئاستەکاندا، هەموو پێشبینییەکانی تێپەڕاندووە، چاوی ملیارەها مرۆڤ تەنها بە ئاڕاستەی جووڵەی تۆپەکەدا دەڕوانێت، وێڕای ئەو چەردە پارە زۆرەی کە ئەستێرە مەزنەکانی ناو ئەو یاریگایانە وەریدەگرن، بەجۆرێک داهاتی ساڵانەی یاریزانێکی ناسراو لە داهاتی دەوڵەتێکی هەژاری ئەم جیهانە زیاترە. من نامەوێت لێرەدا ئەم دیاردەیە هەڵبسەنگێنم، بەڵکو پێویستە تێبگەین لەوەی چی ڕوودەدات، چونکە مەسەلەکە هەروا سەرپێی نیە، بەتەنها سروتێکی وەرزشی نیەو تەواو، بەڵکو ئەمە "تاکە سروتی مرۆڤایەتییە" کە هەموو چالاکی‌و مومارەسەکانی بەزاندووە وەک ئەوەی "سروت" ێک بێت تێیدا هەموو پێکهاتە دینی و ڕەچەڵەکی و کەلتوریی‌و شارستانێتییە جیاجیا ناتەباو بگرە ناکۆکەکانی جیهان یەکیان گرتووە. دەبێت لێکدانەوەو شیکاریی بۆ ئەم نهێنییە بکەین، ئێمە لێرەدا تەها بینەر نین کە دوای تۆەکە بکەوین کە دەکەوێتە ناو یەکێک لە گۆڵەکانەوە. ئێمە "گۆی زەمین"ەکەمان دەبینین کە دەکەوێتە ناو گۆڵێکەوە کە نازانین کامەیە، یان لانیکەم لە ماناکەی تێناگەین. (فیلیپ میرێ)ی بیرمەندی فرانسەیی باسی تیۆری "مرۆڤی ئاهەنگگێڕ"ی دەکرد، من لە وتارێکی پێشووتردا باسی ئەمەم کردووە، مەبەستەکەش ئەوەیە کە ئەم بەرزبوونەوەیەی تۆپەکە پێوەستە بە "ئاهەنگگێڕیی" مرۆڤی هاوچەرخەوە کە سیماکانی ئاهەنگ تێیدا بووە بە گرنگتریین مومارەسەی بوونەوەری مرۆیی، ئەمڕۆ مرۆڤایەتی مرۆڤ – بەڕای میرێ- لە تویی دیمەنێکی ئاهەنگییانەی تاکانە یان دەستەجەمییەوە نەبیت، بەدینایەت. واتە ئاهەنگ بریتییە لە "بوونی مێژووییانەی واقیع" و بە کورتی: من ئاهەنگ دەگێڕم کەواتە من هەم. ئەمە لایەنێکی گرنگی دیاردەکەیە، بەڵام بەس نیە، چونکە لەمڕۆدا تۆپی پێ حاڵەتێکە لە مێژوودا هیچ ڕابردوویەکی نیەو نزیکترین مومارەسە لێیەوە "ئۆڵۆمپیادی یۆنانی"یە، بەڵام ئەو ئۆڵۆمپیادەی لە سەردەمی ئێمەدا بەردەوام دەبێت‌و ناوی یارییە ئۆڵۆمپییەکانی لەخۆی ناوە، لە کرۆکدا لە تۆپی پێ جیاوازە، چونکە نوێنەرایەتی "پاڵەوانێتی" مرۆیی دەکات لە بوارە جیاجیاکانی توانای جەستەیی مرۆییدا، لە بازدان و ڕاکردن و هەڵگرتن و شتی تردا. بەم مانایەش بۆ ژیانیه مرۆڤ و پێشخستنی تواناکانیان پیویستە. بەڵام تۆپی پێ، سەمایەکە لەگەڵ تۆپداو چێژوەرگرتنێکە، هیچ لەگۆڕێ نیە جگە لە "گۆڵ" کە بەهەموو مانایەک گۆڵە، بۆیە ئەو تۆپەی کە تۆڕەکە دەلەرێنێتەوەو هاوکات هەسارە مرۆییەکەش لەتوێی ملیارەها بوونەوەرەوە کە متەقیان لەخۆیان بڕیوەو چاودێریی ئەو ساتە دەکەن، دەلەرێتەوە. ئەمە شتێکە لەگەڵ هیچ مومارەسەیەکی دیکەدا ڕوونادات، ئیتر هەر جۆرێک بێت، لە مێژووشدا وێنەی نەبووە. تۆپەکە هیچ ناڵێت.. یاریزانەکان خۆشیان هیچ نامەیەکی ئایدیۆلۆژیی یان هزریی یان ئاینییان بەلاوە گرنگ نیە، "یاریگاکان"یش، ئەم پەرستگا نوێیانە هیچ خواوەندێکیان نیە تۆپ نەبێت، بەڵام "پەرستیارەکانی" لەهەموو ڕەگەزو هەموو ئاینەکانن.. کەواتە چی؟ چی ملیارەها مرۆڤی هەموو کیشوەرەکان بەڕێ دەخات، ئەوان کە ڕۆژانە لەنێوان خۆیاندا بەشەڕدێن‌و داکۆکی لە نامەیەک یا باوەڕێک یاخود نەتەوەیەک دەکەن واتە لەسەر "مانا"یەک بۆ بوونی خۆیان؟ کەواتە ئەمەیە هاوکێشەی ناکۆکییە مەزنەکە. تۆپێک بە تەنها لەناو خۆیدا هەموو ماناکان هەڵدەگرێت، نابۆچوون باڵ بەسەر هەموو بۆچوونەکاندا دەکێشێت‌و خەڵک هەموویان قایلن و بگرە ئاسودەشن. ئەمە هەمووی چۆن ڕوویدا؟ ئایا ئەوە جوانیی ئەداو سیحیری سەما خڕیلەکەیە؟ ئایا ئەمە هەناسەیەکە بۆ سۆزی گەلانی جیهان بەرەو دەرچوون لە تەڵەزگە نەتەوەیی‌و ئاینیی‌و ئابورییەکانیان؟ ڕەنگە.... هەرچۆنێک بێت، لێرەدا بواری ئەوە نیە زیاتر بڕۆین، بەڵام هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم تۆپە بە تەنها توانیوێتی کیشوەرەکان‌و زمانەکان و دروشمەکان‌و ئینتیماکان کۆبکاتەوەو هەموویان لە سەمایەکی هونەریی دڵگیردا کۆدەکاتەوە، کە دروشمەکەی ئاشتی و خۆشەویستییە کە هەندێجار دەبێتە هۆی مردنی هەندێک لە بینەرانیش... کەواتە ئەی ئەوانەی لە داکۆکی‌و جوامێری‌و قوربانیداندا لەپێناوی باڵاترین ماناو دەلالەت‌و هزردا ماندوو بوون، ئایا نابینن کە ئێوە لەبەردەم بەڵگە پرشنگدارەکەدان، کە دواجار تۆپێک لەنێوان قاچەکاندا هەمووتانی لەژێر هەتاوە بچووکەکەیدا یەکخستووە؟ ئەمە ئەو وانەیەیە کە دەبێت بە وردی بیخوێنین.