من کێم؟

  • 7-06-2018, 00:00
  • +A -A

    دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ نزیکەی سێ هەرزار ساڵ لەمەوبەر: لەسەر دەرگای پەرستگاکەی ئەپۆڵۆ لە دیلفی نوسراوە: "خۆت بناسە!" زۆرکەس دەڵێن ئەمە قسەی تێلیسی مایلیتۆسییە، بەڵام ئەوە بۆ من گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە ئەم (خۆت) ە کێیە؟ کە داوام لێدەکرێت خۆم بناسم، مەبەست لە چیە؟ بەڕاست هەر لە بنەڕەتدا من کێم؟ ئاوات ئەحمەد سوڵتان جارێکیان لە هاوڕێیەکم پرسی: تۆ کێیت؟ ئەویش زۆر بە سادەیی وەڵامی دایەوە: من (عیرفان ئەحمەدم)! وتم، زۆر باشە، من خۆشم ئەمە دەزانم؛ بەڵام گریمان تۆ بەیانی چوویت عەریزەیەکت داو ناوی خۆتت گۆڕی بۆ (عێزەدین) ئایا تۆ هەر هەویت، یان دەبیت بە شتێکی تر؟ هاوڕێکەم تاقەتی بەردەوام بوونی نەبوو، بەڵام من هەتا ئێستاش لەبەردەمی ئەم پرسیارەدا ڕادەوەستم و بیر دەکەمەوە. عیرفانی هاوڕێم خۆی لە پرسیارەکە ڕزگار کرد، چونکە پرسی (من) زۆر فەلسەفییانەیە، هەروەها زاراوەی من زۆر ئەبستراکتەو ناتوانرێت لەناو پێناسەیەکی دیاریکراودا چڕ بکرێتەوە، یاخود قەتیس بکرێت. ئەم زاراوەیە بەرهەمی بیرکردنەوەی ئێمەیە، پێناچێت غەیری ئێمە هیچ بوونەوەرێکی دیکە ئەم پرسیارەی هەبێت، یان ڕاستتر خاوەنی (من) بێت! جارێ با پرسەکە ڕابگرم، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ نزیکەی سێ هەرزار ساڵ لەمەوبەر: لەسەر دەرگای پەرستگاکەی ئەپۆڵۆ لە دیلفی نوسراوە: "خۆت بناسە!" زۆرکەس دەڵێن ئەمە قسەی تێلیسی مایلیتۆسییە، بەڵام ئەوە بۆ من گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە ئەم (خۆت) ە کێیە؟ کە داوام لێدەکرێت خۆم بناسم، مەبەست لە چیە؟ بەڕاست هەر لە بنەڕەتدا من کێم؟ ئەمە پرسیارە قورسەکەیە، دەمێکە فەیلەسوفان و دەرونناسان و سیاسەتمەداران و زۆری تریشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ئەم پرسیارە بۆچی قورسەو ناتوانین بە ئاسانی وەڵامی بدەینەوە؟ ناڕەحەتییەکە لەوەدایە کە ئەمە پرسیاری شوناسە: (چی) لە (من) (کێ)یە؟ ئەوەی کە منە چ بەشێکمە، یان کوێمە؟ ئایا من ئەوەم کە ئێستا هەم، یاخود ئەوەی کە بیست ساڵی تر دەبم‌و گۆچانم بەدەستەوەیە، یان ئەو منداڵەی کە هێشتا پێی نەگرتبوو؟ من... چیمە؟ ئایا ڕووکاری دەرەوەم (یان جەستەم) منە، یاخود هزرو بیرکردنەوەکانم؟ تۆ بڵێ هەست و سۆزەکان و یادەوەرییەکانم، ڕەنگە بارودۆخی دەرونی و کۆمەڵایەتی و شتی لەو جۆرەم بێت! من کێم؟ ئەگەر زانیمان هەر لە چەند ساڵێكدا هەموو شتێ لەمن دەگۆڕێت، هیچ خانەیەکم وەک خۆی نامێنێت، ئایا دەتوانم ئەم پرسیارە بە بەردەوامی بەرز بکەمەوە، یان نا! وەک دەبینی ئەمە پرسیارێکی قورسە، وەڵامدانەوەی ئاسان نیە. لێرەدا نمونەیەکم دێتەوە یاد کە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، نمونەیەک بە کەشتییەکەی سیسیۆس دەهێنێتەوە: پادشایەکی ئەفسانەیی ئەسیناییەکانە، بە کەشتییەکەوە دەڕوات‌و میناتۆرەکە دەکوژێت (ئەمەیان چیرۆکێکی ترە) ئەسیناییەکان بۆ ڕێز لێنان لەو قارەمانێتییە ماوەیەکی درێژ کەشتییەکە دەپارێزن و هەرجارەی کە پارچەیەکی دەڕزێت، ڕێک وەک خۆی دروستی دەکەنەوە، تا سەرەنجام هەموو پارچەکانی دەگۆڕن. ئایا ئەو کەشتییەی بەرهەم هات، هەر هەمان کەشتییەکەی سیسیۆسە؟ مەبەستم لەوەیە ئایا من بریتیم لە بەشەکانی جەستەم؟ ئەگەر دەستێک یان قاچێک یاخود گورچیلەیەکم لە دەست دا، ئیتر من بە منیی نامێنمەوە؟ دەست و قاچەکانم هی منن، بەڵام من نین! ئەمە پێم دەڵێت کە (من) بریتی نیە لە (جەستە)م. ئەی کەواتە چیە؟ ئایا من بەشێکی دیکەی ناجەستەییم هەیە؟ بۆ نمونە ئەگەر نەک دەستێک بەڵکو هەموو جەستەم لەدەستدا، بەشێوەیەک لە شێوەکان مردم، ئایا شتێک لە من دەمێنێتەوە؟ من جگە لە جەستەم چی ترم هەیە؟ ئەزمونی پێنج هەستەکەم (بیستن‌، چەشتن....)، یادەوەریی‌و بیرکردنەوەکانی ناو مێشکم، هەروەها هەست‌و سۆزەکانم (خۆشەویستی، بەزەیی، تووڕەیی... هتد). من ئەمانەشم هەن کە بەشێک نین لە جەستەم. دەتوانم بە هەموویان بەسەریەکەوە بڵێم: جیهانی ناوەوەم، ناخم، دەرونم.... هەر شێکی تر. یان پۆلێنیان بکەم بۆ هەستەکان، سۆزەکان، هزرەکان... لە چیرۆکی تەمسیلیی پاڵتۆدا، فەرمانبەرەکە دەمرێت، بەڵام خێوێک لەو جێدەمێنیت کە سەر ڕێگا بە خەڵک دەگرێت، ئەو خێوە لەهەموو شێکیدا لە فەرمانبەرەکە دەچێت، بەجۆرێک کە خەڵک دەیناسنەوە. ئێستا، ئایا ئەو خێوە هەمان فەرمانبەرەکەیە؟ پرسیارەکە لەبارەی شوناسەوەیە: ئاخر چۆن دەشێت، یەکە یەکە هەموو پارچەکانی جەستەم گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، کەچی من هەر (من) بم؟ دەبێت (منبوون)م لەسەرچی ڕاوەستابێت؟ دوای ئەوەی لەماوەی چەند ساڵێکدا منی (أ) نامێنێت‌و لەجیاتی ئەو منی (ب) دێتە ئاراوە، ئایا ئەو دوانە یەکسانن؟ ئەگەر نا، چی گۆڕاوەو تا چەند ئەو گۆڕانکارییە شوناسی (منبوون) دەگۆڕێت؟ ئایا ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە (من) فرە بم، نەک یەک؟ بەتایبەتی ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە من بە تەنها لە جەستەمدا گۆڕانکارییم بەسەردا نایەت، بەڵکو هزرو هەست و سۆزەکانم، چالاکییەکانم، پێگەم لە ناو شتەکاندا، هەموویان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئەوانە هیچیان (من) نیە، من دەبێت شتێکی جێگیر، نەگۆڕ، بەردەوام بێت، هەمیشەو هەردەم هەر بە منیی بمێنێتەوە. من جەستەم نەبم، هزریشم نەبم، کەواتە من کێم؟ لەڕاستیدا هەموو کەس دەزانێت کە ئەوانە من نیە، تەنانەت لە زمانیشدا ئەوە جیاکراوەتەوە: من هەست بە ماندووبوون دەکەم، من بیردەکەمەوە.... دەبینیت، ماندووبوون، بیرکردنەوە.... هتد. لەو ڕستانەدا من جیاوازە لەو شتانەی تر، هەستەکان، بیرکردنەوەکان، کردەوەکان هەن، لە بەرامبەریشیاندا (من) هەیە. بەڵام ئەوانە ئەزمونی منن، هەموویان بەسەریەکەوە ئاگایی من دروست دەکەن. زۆر باشە، ئایا من ئاگاییم؟ ڕێک وەک ئەوەی دێکارت دەڵێت، کە ئەو ئاگایی/هزر و جەستە/مادە بە دوو شتی جیا لەقەڵەم دەدات، بڕوای وایە کە هەریەکەیان بەجیا خاوەنی بوون و سەربەخۆیی‌ خۆیەتی. ئایا ئەمە وەڵامێکی گونجاوە؟ بەبڕوای من نەخێر! ئەی وەڵامەکە چیە؟ ئەوە لێدەگەڕێم بۆ خوێنەر.