ئەزموونەکانی بەکالۆریا.. لەنێوان ترس و دڵنیاییدا

  • 6-06-2018, 00:00
  • +A -A

    بەغدا/ سوها شێخلی وەرگێڕانی/ صباح کوردستان مامۆستایێك: لەهەندێك هۆڵی ئەزموونەکانی قۆناغی ناوەندیدا ئاڵۆزی دروستبوو، کێشە کەوتە نێوان خوێندکاران و چاودێران، خوێندکار سووربوو لەسەر پرسیارکردن و داواکردنی روونکردنەوە و چاودێریش بە سیستمێك سنوردارکراوە کە خوێندکار لێی تێناگات، ئەمەش بووە هۆی هاتنەئارای گرژی لەنێوان هەردوولادا لەو رۆژانەدا خوێندکارانی هەردوو قۆناغی کۆتایی ناوەندی و ئامادەیی لەدڵەڕاوکێدان و لەبەر سروشتی پرسیارەکانی ئەزموونەکانی بەکالۆریا لە ترس و نیگەرانیدا دەژین، چونکە دوو قۆناغی هەستیارن و نەخشەی چارەنوسی خوێندکاران دکێشن و هەلی تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیی دەستنیشان دەکەن، زۆربەی خوێندکاران لە گرانی پرسیارەکان دەترسن، تا کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ئاڵۆزی و وردەکارییە درێژدادڕەکان و ترس لە هاتنەوەی پرسیاری دەرەکی و مەینەتی و ئازارەکانی خوێندکارانی ساڵانی رابردوویان لەیادە. خوێندکار شەهد عەزیز لەیەکێك لە خوێندنگاکانی کچانی بەغدا دەڵێت "دراوسێیەکمان ساڵی رابردوو لە پۆلی سێی ناوەندی بوو زۆر گلەیی لە درێژی و ئاڵۆزی پرسیارەکان دەکرد، جەختیشیدەکردە سەرئەوەی کە زۆربەی خوێندکاران پێیانوابوو پرسیارەکان "تۆڵەکردنەوە" بوون و پێویست نەبوو وابن. شەهد بارودۆخی ئەو دراوسێیەی خۆی لەکاتی ئەزموونەکاندا وا وەسفدەکرد پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و بەدەم گریان و شڵەژانی دەروونی بەسەربرد، بەجۆرێك یەکێك لە تاقیکردنەوەکانی وەڵام نەدایەوە و دەفتەرەکە بە سپی جێهێشت، و ئێستایش لەدوای ئەوەی ساڵی رابردوو دەرنەچووە دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکەی زیاتر بووە و ترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونەکەی هەیە، هاوکات خوێندکارێکی دیکە کە سەرگەرمی خۆئامادەکردن بوو بۆ ئەزموونەکانی قۆناغی ئامادەیی وتی" ئەم قۆناغە چارەنوسسازە چونکە بڕیار لەسەر چارەنوسی خوێندنی زانکۆ دەدات". روونیشیکردەوە کە "پرۆسەی پەروەردەیی لە عێراقدا زۆر کەس گلەیی لێدەکات بەوەی کە بەربەست لەبەردەمیدا زۆرە دیارترینیان کەمی دەوامکردن لە چەندین خوێندنگادا، هەروەها زۆری ژمارەی بەشە وانەکان و کەمی خزمەتگوزاریی لە خوێندنگاکان و کێشەکانی بڕانی کارەبا و ئاو لەسەرووی ئەمانەشەوە ونبوونی ژمارەیەك کتێبی مەنهەجی". هەندێك خوێندکاری ئامادەیی ئاماژەیاندا بەدووبارە چاوخشاندنەوە بە سروشتی پرسیارەکان لەلایەن لیژنەکانی ئامادەکاریی و لەبەرچاوگرتنی ساڵی خوێندنی ئەمساڵ کە پشوو و بۆنە و لافاو و بارانبارینی زۆر بووە، جەختیشیانکردە سەر ئەوەی بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕیون، بۆیە پێویستە لیژنەکە رەچاوی بارودۆخەکە بکات، و هەندێك مامۆستاش خۆیان ماندوو ناکەن لە روونکردنەوەی زیاتر و پێویست بۆ وانەکانیان، رەنگە هەقی خۆشیان بێ لەو خوێندنگایانەی کە قەرەباڵغن. خوێندکارێکی قۆناغی سێیەمی ناوەندی وتی "هەست بەنائومیدی دەکەم کەوەی کە ساڵی رابردوو بەدەستییەوە ناڵاندمان و ترسی دووبارەبوونەوەمان هەیە، پیشبینیش دەکەم رێژەی دەرچوون وەکو ساڵانی رابردوو نزم بێت. مامۆستایەکیش کە ساڵی رابردوو چاودێری یەکێك لەهۆڵەکان بووە دەلێت "لەهەندێك هۆڵی ئەزموونەکانی قۆناغی ناوەندیدا ئاڵۆزی دروستبوو، کێشە کەوتە نێوان خوێندکاران و چاودێران، خوێندکار سووربوو لەسەر پرسیارکردن و داواکردنی روونکردنەوە و چاودێریش بە سیستمێك سنوردارکراوە کە خوێندکار لێی تێناگات، ئەمەش بووە هۆی هاتنەئارای گرژی لەنێوان هەردوولادا" روونیشکردەوە کە "رێنماییەکانی پەروەردە دەڵێن نابێ وەڵامی پرسیاری خوێندکاران بدرێتەوە، ئەمەش بۆ مامۆستای چاودێرەکان ناخۆشە و درێژی و ئاڵۆزی پرسیارەکانیش کێشەکەی زیاتر قووڵکردەوە". راسپاردەی بەسوود مامۆستای خانەنشین فازڵ عەباس کە پسپۆڕی بیرکارییە و زیاتر لە نیو سەدەی لە کاری وانەوتنەوەدا بەسەربردووە و چەندین جار چاودێری ئازموونەکانی گشتی بووە، وایدەبینێ نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ لە تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریا کاریگەریان بەرسە خوێندکاردا دەبێت و پێویستە پابەند بن بەو ئامۆژگارییانە بەو هیوایەی بەسەرکەوتووی بەکالۆریاکە تێپەڕێنن: - نابێ پێش کاتی دیاریکراو هۆڵی ئەزموونەکان بەجێبهێڵیت، زۆر حاڵەت هەبووە هەندێك خوێندکار دواتر بۆیان دەرکەوتووە کە وەڵامەکانی پێشتر بیرچووە، یان هەندێك جار پێداچوونەوە سوودی بۆ ئەوە دەبێت، لەوانەیە پرسیارێکت بیرچووبێت، یان شتێکی شاراوەت بێتەو یاد، یاخود بەو هۆیەوە ئاشکرا دەبێت بابەتێکی گرنگت بیرچووە، چونکە دەفتەری وەڵامدانەوە لەدوای رادەستکردنەوەی مامۆستای چاودێردا وەرناگیرێتەوە، بۆیە پێداچوونەوە پێویستە و دەبێ رێز لەکات بگیرێت. - ئەگەر خوێندکار بیەوێت سەرکەوتن و نمرەی باڵا مسۆگەر بکات هەمیشە دەبی ئەو پرسیارانەی کە لەبەردەمیدان بەپێی میتۆدی خوێندن لەبیری بێت و نابێ هەست بە دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی بکات. - نابێ ئەوەت لەخەیاڵدا نەمێنێت کە سەرکەوتن تەنها موڵکی خۆت نییە بەڵکو خۆشی سەرکەوتنەکە چەندین لایەن چاوەڕێی دەکەن، پێش هەمووان باوك یان کەسێکی تری نزیك دەیەوێ ئەو دیارییە بەنرخەی پێببەخشرێت و لەسەرکەوتنەکە و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریادا بەشداربێت، لەبیرت بێت کە سەرکەوتن واتا سەرکەوتنی خوێندنگاکە چونکە خوێندکار وەك تیشکێك وایە رووناکییەکەی لە کۆمەڵگا دەدات و شوێنپەنجەیەکە بەسەر تۆماری خێزاندا. ئامۆژگارییەکانی شارەزایەك شارەزای پەروەردەیی عیسام مەحمود ئامۆژگاری خوێندکارەکانی بەکالۆریا دەکات بەورەیەکی بەرز و میزاجێکی باش بڕۆنە ناو هۆڵەکانی ئەزموونەکن، و هەوڵبدەن هەست بە ماندووبوون و ترس نەکەن، بەو پێیەی کاریگەری خراپیان دەبێت، و باشتروایە خوێندکاران لانیکەم سێ جار پرسیارەکان بخوێننەوە بۆ ئەوەی بەباشی لێی تێبگەن، و پرسیارە ئاسانەکان لەلایەك دابنێن و ئەوانەیشی گرانن لەلایەکی تر، و سەرەتا ئاسانەکان وەڵامبدەنەوە، و دواتر خۆیان بۆ گرانەکان تەرخان بکەن و پێش ئەوەی دەفتەرکەیان رادەستی مامۆستایانی چاودێر بکەن چەندین جار پێداچوونەوە بکەن، و بەپێ پەلەکردن تەواوی کاتی دیاریکراو وەرگرن و بە رێنوسێکی روون و رێکوپێك وەڵامەکان بنووسن". بەڕێوبەری ئەزموونەکان بۆتیشك خستنەسەر ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەنجامدانی ئەزموونە گشتییەکانی هەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی، رۆژنامەی "صباح' چاویکەوت بە بەڕێوبەری گشتی بەهێزکردن و ئەزموونەکان شاکر نیعمە عەبد عۆن و وتی "بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەردە لەسەرەتای ساڵی خوێندنەوە سەرژمێرییەکی سەرجەم خوێندکارانی ناوەندی و ئامادەیی دەکەن و لیستی کۆتایی ناوی خوێندکارەکان ئامادەدەکەن، دوای دەستنیشانکردنی تێکڕاکانی نمرەی کۆششی ساڵانە ناوی ئەو خوێندکارانە دەردەهێنرێت کە مافی بەشداریکردنیان لە ئەزموون گشتییەکاندا نییە، و تەنها ناوی ئەوانە دەمێنێتەوە کە بەشداری لە ئەزموونەکان دەکەن. ئاماژەشیدا بەوەی ئەزموونەکانی قۆناغی ناوەندی لە ٢٧ی ئەم مانگە و هی قۆناغی ئامادەی لە ٢١ی مانگی حوزەیران بەڕێوەدەچن، و بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەردە لە بەغدا و پارێزگاکان بەرپرسن لە ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ئەزموونەکان و داوایان لێکراوە زوو لیژنەکان پێکبهێنن بۆ ئەوە ئەو خوێندنگایانە ئاشکرابکرێن کە بەکەڵکی هۆڵی ئەزموون نایەن، لیژنەکان سەردانی بنکەکانی کردووە، بۆ زانین بنکەکانی ئەزموونەکانی خوێندنی ئامادەیی کوڕان لەناو زانکۆکان دەبن و هی کچانیش لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکانی پەروەردەوە ئامادە دەکرێن". عەبد عۆن جەختیشیکردەوە کە لەکاتی دانانی پرسیارەکاندا رەچاوی کاتی تەرخانکراوی وەڵامدانەوە دەکرێت، بەشێوەیەك لەگەڵ ئەو سێ کاتژمێرە یان هەندێکجار ئەو سێ کاتژمێر و نیوەدا بگونجێن، و نابێ خوێندکار داوای روونکردنەوە لە مامۆستای چاودێر بکات، رەنگە مامۆستای چاودێر پسپۆڕییەکەی لەگەڵ بابەتەکەدا نەگونجێت و بە شێوازێکی هەڵە وەڵامبداتەوە، نابێ پرسیار بکرێت چونکە خوێندکاران دەتوانن لەکۆی هەموو پرسیارەکاندا پرسیارێك و چەند لقێك وەڵام نەدەنەوە، هەروەها نابێ مۆبایل و کاتژمێر و هەر شتێکی دیکە پەیوەندی بە ئەزموونەکانەوە نەبێت ببرێتە ناو هۆڵەکانی ئەزموونەکان. دەربارەی رۆژانی ئەزموونەکان، عەبد عۆن وتی "ئەزموونەکانی قۆناغی ناوەندی رۆژێك نا رۆژێك ئەنجامدەدرێن، و هی ئامادەیش زیاتر لە دوو رۆژ نێوانی هەر تاقیکردنەوەیەکە". خوێندکارە ئاوارەبووەکان بەڕێوبەری تاقیکردنەوەکان روونیشیکردەوە کە ئەو خوێندکارانەی ئاوارەبووان ئەوانەی کە مافی تاقیکردنەوەیان هەیە بارودۆخەکەیان چاککراوە و وەك هاوڕێکانی دیکەیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها دەربارەی خوێندکارانی ناوچە ئازادکراوەکانی وەك نەینەوا کە خوێندنگا و هۆڵیان نییە، عەبد عەبدون جەختیکردەوە کە لەهەر بەڕێوبەرایەتییەکدا چەند لیژنەیەك پێکهێنراون و ئەرکی ئامادەکردنی هۆڵەکانیان لەئەستۆگرتووە، هەروەك زانکۆی موسڵ هۆڵی بۆ تاقیکردنەوە گشتییەکانی ئامادەیی ئامادەکرد، بەهەمان شێوە باڵەخانەی ئەو ئامادەییانەی کە لە نهۆمێك زیاتر پێکهاتوون، و تاقیکردنەوەکانیش لەتەواوی عێراقدا لەیەك کاتی دیاریکراودا بەڕێوەدەچن، هاوکات دەربارەی لای راستی شاری موسڵ دەڵێت لای راستی شاری موسڵ بەبەراورد لەگەڵ لای چەپ ئامادەترە، چەندین باڵەخانەی خوێندنگاکان نۆژەن کراونەتەوە. بەڕێوبەری گشتی ئەزموونەکان کۆمەڵێك ئامۆژگاری بۆ ئەو خوێندکارانە خستۆتەڕوو کە بەشداری لە ئەزموونە گشتییەکانی ناوەندی و ئامادەیی دەکەن، و جەختیکردۆتە سەر ئەوەی کاتەکە گونجاوە بۆ پێداچوونەوە بە وانەکانیان یان بەشداریکردن لە خوولەکان و بەدواداچوونی ئەو پرۆگرامە تەلەفزیۆنیە پەروەردەییەکان و کەناڵی کەربەلا ، و خوێندن لەگەڵ هاوڕێکانیاندا بەباشترین شێوە، پشت بەو پرسیارە هەڵبژێردراوانە نەبەستن کە هەندێك مامۆستا بڵاوی دەکەنەوە، جونکە ئەزموونەکان سەرتاسەرین و تەواوی ناوەرۆکی کتێبەکان دەگرنەوە. داواشی لە خوێندکاران کردووە وەڵامەکانیان ورد بن و گوێ بەو دەنگۆیانە نەدەن کە باس لە دزرانی پرسیارەکان دەکەن، و خۆیان لە گزی و قۆپێ کردن بەدووربگرن کە بەو هۆیەوە ساڵی رابردوو زیاتر لە ٨ هەزار خوێندکار دەرنەچوو.