
بەغداد - INA
حیزبی دەعوەی ئیسلامی داوای هەڵوێستی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی كرد بۆ راگرتنی دەستدرێژیی زایۆنی بۆ سەر غەززە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە نێو بێدەنگی تەواوەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهان، قەوارەی داگیركەر ئاگربەستی لە غەززەی داگیركراو شكاند، و غەززە ڕۆژانە لەژێر بۆردومانی دوژمندا دەژی و لە ئەنجامدا سەدان شەهید و برینداری بێتاوانی لێكەوتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەی لە غەززە دەگوزەرێت، داوا لە موسڵمانان و ویژدانی زیندوو دەكات لە هەموو شوێنێكدا دەنگی خۆیان بەرزبكەنەوە بە ئیدانەكردن و توڕەیی بەرامبەر بەو ئازار و كارەساتانەی كە گەلی فەلەستین لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا تووشی دەبێت. جگە لە كەمی خۆراك و ئاو، تاوانە دڕندانەكانی هێزەكانی داگیركەر بەردەوامن لە ڕشتنی خوێنی بێتاوانەكان و لەناوبردنی ئەوەی كە لە غەززەی ماوەتەوە.
ئاشكراشیكرد: سەركردایەتی سیاسی ئەو قەوارەیە بە قەیرانێكی سیاسی خنكێنەردا تێدەپەڕێت، و هەوڵدەدات، بە هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەكە و قەیرانی ناوخۆی خۆی هەناردە بكات بۆ دەرەوە، بە بیانووی ئازادكردنی بارمتەكان، بەڵام خودا چاودێری دەكات، هەروەك داوای هەڵوێستێكی پتەوی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی كرد بۆ دژی ئەم دەستدرێژییە ناڕەوایە دژی كەرتی غەززە، و ڕاگرتنی ئەم تاوانە دژی گەلی ستەملێكراوی فەلەستینی.