
بەدواداچوون - INA
ڕۆژی دووشەممە بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتنی پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە پەیوەستە بە ئاگربەست و بەهێزکردنی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە.
عەبدولعاتی لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدوایچوو، وتی: "پێویستی سەرەتایی هەیە بۆ سەرکەوتنی پلانەکە، ئەوانیش چەسپاندنی ئاگربەست و دڵنیابوون لەوەی دۆخی کەرتی غەززە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ناوچەکانی فەلەستین مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی بتوانێت دەسەڵات بگەڕێتەوە غەززە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت".
ناوبراو وتی: "لە پلانەکەدا دیاری کراوە کە لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی غەززە بۆ ماوەیەکی ئینتقالی لە ژێر چەتری حکومەتی فەلەستین دابمەزرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "میسر و ئوردن دەستیان کردووە بە مەشق و ڕاهێنان بە کارمەندانی پۆلیسی فەلەستین وەک ئامادەکارییەک بۆ جێگیرکردنیان لە کەرتی غەززە".
عەبدولعاتی دووپاتی کردەوە کە "پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە پاڵپشتی بەرفراوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە"، ڕوونیشیکردەوە کە "لە ئێستادا میسر کار بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکات بۆ دەستەبەرکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە".