
هەولێر - INA
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردیتان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند: هەرێم داوا دەكات هەرچی زووە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، بەسەرپەرشتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژیكردن و ڕێگریكردن لە جووتیارانی ڕەسەنی كورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی كەركووك لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كرد و ئاماژەی بەوە دا، كە ئەم ڕەفتارە، كارێكی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵكراو نییە . ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمكارییەكین بەرامبەر جووتیاران كە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن و دەبێت ئازادانە مافی كێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵكی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت.
سەرۆك وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی بۆ مافە ڕەواكانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دووپات كردەوە و جەختیش كرایەوە كە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2025 كە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی كرد، ئیتر كۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێك بهێنرێت تا جووتیاران سوود لە زەوییەكانیان وەربگرن كە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، سەرۆك وەزیران پوختەیەكی دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆك وەزیران لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی لە ڕۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و كۆبوونەوەكان و نوێكردنەوەی یادداشتی لەیەكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیمارات بۆ هاریكاری و هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو حكومەت لە كەرتە جیاوازەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە پێشكەش كرد.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی ئەم یادداشتی لەیەكتێگەیشتنەكە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشكەوتووی دامەزراوەكانی ئیمارات لە سێكتەرە جیاجیاكانی حكومەتی هەرێم.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێكخستنی ڕێكارەكانی كوالیتی كۆنتڕۆڵ و پۆلینكردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەرێم خرایەڕوو كە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی كرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا، پێشڤەچوون و بەربەستەكانیان ڕوونكردەوە.
هاوكات ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختی كردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگیی و هاریكاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و كۆنتڕۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەكانی هەردوولا، بە جۆرێك بەڵگەنامەكانی پشكنین و كۆنتڕۆڵی جۆریی كەرەستە و كەلوپەلەكان لای هەردوولا، وەك یەك بەركاربن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام وهاوئاهەنگی لە نێوان دەستەی پێوانەسازیی وكۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێم و فیدڕاڵ بدرێت لە پێناوی گۆڕینەوەی زانیاریی و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاست و دروستی بەڵگەنامە و بڕوانامەكانی پشكنینی هەردوو لا بۆ بەرهەمەكانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەكانی گەیاندنی بەرهەم و كاڵاكانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش دوای پشكنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و دروستیان و هەروەها سوودمەندبوونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەكانی دیكەی عێراق بە هەمان مامەڵە و ڕێكاری هاوشێوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەكانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازیی و ناوخۆی ڕاسپارد، كە بەردەوام بن لە پەیوەندی و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حكومەتی فیدڕاڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و میكانیزمی هاوبەش.
لە بڕگەی كۆتاییدا، ئەنجامی كۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایەڕوو كە لە هەولێر سازكرا و تایبەت بوو بە ڕێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتكردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازیی و پشتیوانی لە جێبەجێكردنی یاسای هەمواری یەكەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێم داوا دەكات هەرچی زووە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بكاتەوە و ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەكانە، چونكە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی ڕاسپارد، كە هەرچی زووە لەسەر ڕێكار و میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاریكاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بە تایبەتیش كە ئێستا یاساكە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و ڕێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەكە نەماوە و یاساكە نەخشەڕێگەی بابەتەكەی بە ڕوونی دەستنیشان كردووە.