نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سكرتێری گشتیی ناتۆ كۆبووەوە

ناوخۆ
  • 15-02-2025, 19:36
  • +A -A

    میونخ - INA
    هەر لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێز مارك ڕۆتە، سكرتێری گشتیی پەیمانی باكووری ئاتڵەنتیك (ناتۆ)، كۆبووەوە.
    لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە و گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندی و هاوكاریی ناتۆ لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكاندا، تاوتوێ كرا.
    سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی كوردستانی بۆ پشتگیریی ناتۆ لە بواری بەهێزكردنی تواناكانی بەرگریی هێزەكانی پێشمەرگە دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ئەم پشتگیرییە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەدا، كردەوە.
    لای خۆیەوە بەڕێز ڕۆتە‌ پابەندیی ناتۆی بۆ بەردەوامیی پشتگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كرد بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەكان لە ناوچەكە.
    دۆخی سووریا و پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لایەنێكی دیكەی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو.