
هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، یاداشتێكی لەیەكتێگەیشتن لە نێوان ئیمارات و هەرێمی كوردستان تایبەت بە ئاڵوگۆڕ و پێشخستنی توانا كارگێڕییەكان واژۆ كرا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەرواێزی لوتكەی جیهانی حكومەتەكان لە دوبەی، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد قرقاوی وەزیری كاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات و سەرۆكی لوتكەی جیهانی حكومەتەكان، یاداشتێكی لەیەكتێگەیشتن لەنێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات لە بواری ئاڵوگۆڕی شارەزایی و نوێكردنەوەی كاروباری حكومەتداری واژۆ كرا.
ئاشكراشیكرد: یاداشتەكە نوێكردنەوەی یادداشتێكی پێشترە لەنێوان هەردوولا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە و تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری لە بواری دەوڵەتداری و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشكەوتووی ئیمارات لە ڕووی پێشخستنی كاروبارەكانی حكومەت و پەرەپێدانی توانا مرۆی و دامودەزگاكانی حكومەت.