سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا دەكات

سیاسی
  • 6-02-2025, 17:11
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ میخائیل بوگدانۆڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و روسیای تاوتوێكرد.
    نوسینگەی رایگەیادنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ڕووسی بە سەرۆكایەتیی میخائیل بوگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە كرد.
    لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ كرا.
    نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە.
    نوێنەری تایبەتیی سەرۆكی ڕووسیا، هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆكی حكومەتی بۆ مۆسكۆ كرد.
    هاوكات سەرۆكی حكومەت، خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات كردەوە.
    لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كرا ، لەم ڕووەوە هەمواركردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێككەوتن لەسەر هەناردكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەمدرا.
    بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی سووریا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەكانی گەلی كورد و گشت پێكهاتەكانی سووریا.