سەرۆك كۆمار بۆ زیلینسكی: عێراق ئامادەیە كار بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانی ئۆكرانیا و روسیا بكات

سیاسی
  • 22-01-2025, 20:18
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا ڤلادیمیر زیلینسكی كۆبووەوە، و رایگەیاند: عێراق ئامادەیە كار بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانی ئۆكرانیا و روسیا بكات.
    سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كارەكانی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ڕۆژی چوارشەممە 22 ی كانوونی دووەمی 2025 لە كۆنگرەی داڤۆس لەگەڵ سەرۆكی ئۆكرانیا ڤلادیمیر زیلینسكی كۆبووەوە.
    بە پێی بەیاننامەكە، لە كۆبوونەوەكەدا ژمارەیەك پرسی گرنگ لەسەر گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوتوێكران و تێیدا سەرۆك كۆمار تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی عێراق كردەوە كە داوای ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و پێویستی چارەسەركردن و یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان بە ڕێگای ئاشتیانە دەكات و ئاماژەی بە بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و ڕوونیكردەوە كە لە ململانێ چەكدارییەكاندا هیچ براوەیەك نیە .
    هاوكات سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەدا: كە عێراق لەلایەنەكانی ململانێكە وەك یەك دوورە و جەختی لە ئامادەیی عێراق كردەوە بۆ كاركردن بۆ نزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكانی هەردوولا.
    لە بەرامبەردا سەرۆكی ئۆكرانیا سوپاسی سەرۆك كۆماری كرد بۆ هەڵوێستی بێلایەنی عێراق سەبارەت بە ململانێی ئۆكرانیا و ڕوسیا و جەختی لەسەر خواستی ئۆكرانیا كردەوە بۆ بەهێزكردنی هاوكارییە دووقۆڵییەكان بەتایبەتی لە كەرتی كشتوكاڵ و هەناردەكردنی پێویستی عێراق لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی ئۆكرانیا بەتایبەتی گەنم و دانەوێڵەی جۆ.