
هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیكرد لە ئادریان ئاسلشتاین كونسوڵی گشتی نوێی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ ئادریان ئاسلشتاین كونسوڵی گشتیی نوێی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی، هەموو پشتگیرییەكی بۆ سەرخستنی ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان نیشان دا و خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هۆڵەندا، دووپات كردەوە.
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتی نوێی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەكاربوونی نیشان دا، هەروەها جەختی لە ئامادەیی و خواستی وڵاتەكەی بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە و هیوای خواست بتوانێت لە ماوەی ئەركەكەی و لە هەموو بوارەكاندا، برەوی زیاتر بە پەیوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا بدات.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، ئەو بوار و كەرتانەی بۆ هەردوولا گرنگن،و دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.