هەولێر - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمی یادی بیست ساڵەی هاتنی تیمی زەیتوونی سوپای كۆریای باشوور بۆ هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: دەكرێ زۆر لە ئەزموونی سەركەوتووی كۆریای باشوور فێربین
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/9/2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی بیست ساڵەی هاتنی تیمی زەیتوونی سوپای كۆریای باشوور بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە لەلایەن كونسوڵخانەی كۆریای باشوورەوە لە هەرێمی كوردستان ڕێكخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرس و وەزیرانی هەرێمی كوردستان و دیپلۆماتكارانی كۆریای باشوور و كەسایەتیی ئەكادیمی و سەربازیی هەرێمی كوردستان و كۆریا بەشدار بوون، نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، و وتی: هەموو لایەكتان بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی یادی بیست ساڵەی هاتنی تیمی زەیتوونی سوپای كۆریای باشوور بۆ هەرێمی كوردستان و دەسپێكردنی پەیوەندییەكانی هەولێر لەگەڵ كۆریا. بەخێرهاتنێكی تایبەتی بەڕێز (چۆی سونگ سوو) باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق دەكەم. ئەم یادە و پەیوەندییەكانی كۆریا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بۆ ئێمە زۆر گرنگ و مایەی بایەخێكی زۆرن.
راشیگەیاند: پەیوەندییەكانی كۆریای باشوور و عێراق بۆ كۆتاییی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێنەوە، بەڵام بیست ساڵ بەر لە ئێستا، هیچ پەیوەندییەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆریای باشووردا نەبوو. هەردوولا بە یەكتر نامۆ بوون. كاتێك ئەیلوولی 2004 یەكەم تیمی سەربازیی كۆریای باشوور بە ناوی تیمی زەیتوون بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان هاتن لە هەولێر جێگیر بوون، ئەوە بووە یەكەم هەنگاو و سەرەتای پەیوەندییەكانی هەردوولا.
رونیشیكردەوە: ئەمە لە كاتێكدا بوو كە هێزەكانی كۆریای باشوور، دوای پرۆسەی ڕزگاریی عێراق، بوونەتە بەشێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدان لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراق. ئەركی كۆریای باشوور لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، بە تەنیا ئەركی سەربازی یان ئابووری نەبوو، ئەوە ئەركێكی مرۆیی و ئاشتییانە بوو كە لەسەر هەست و سۆزێكی قووڵ بۆ یارمەتی و هاوكاری بنیات نرابوو.
جەختیشیكردەوە: ئەو كات ئەوان وەك دۆست و بە ناوی زەیتوون كە مانای ئاشتی و ئاوەدانی و درێژكردنی دەستی هاوكاری دەگەیەنێت، هاتنە هەرێمی كوردستان. ئێستاش خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەو دەستەواژەیان لەبیرە كە لەسەر ئەو پاسانەی بە دیاری هێنابوویان بۆ هەرێمی كوردستان نووسرابوو: ئێمە دۆستی ئێوەین. ئەوان بە هاتنیان بۆ ئێرە، گەل و كولتوورێكی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ناسی، گەلی كوردستانیش بە چەندین لایەنی ناوازەی كۆریای باشوور، ئاشنا بوو.
وتیشی: تیمی زەیتوون، ڕاستە سەربازی بوو، بەڵام ئەركی هاوكاریی مرۆیی و پشتیوانی پێشكەش بە هاووڵاتییانی كوردستان دەكرد. هەر ئەوە سەرەتای كردنەوەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی كۆریا بوو لە هەرێمی كوردستان كە لە نووسینگەی دیپلۆماسیی باڵیۆزخانەی كۆریاوە، ساڵی 2016 بۆ ئاستی كونسوڵخانە، بەرز بووەوە.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: نەخۆشخانەی زەیتوون، ڕاستە سەربازی بوو، بەڵام دەرگای بەڕووی هاووڵاتییاندا كردەوە و چارەسەری پزیشكییان پێشكەش كرد. لە پاركی شەهید سامی عەبدولرەحمان پەرتووكخانەیەكیان كردەوە، لەگەڵ زۆربەی وەزارەت و دامودەزگاكانی حكوومەتدا هاوكارییان كرد. سەربازانی ئەندامی ئەو تیمە، پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ هاووڵاتییاندا دروست كرد و كولتوور و دابونەریتی كۆرییان بە خەڵكی كوردستان ناساند. وای لێهات چەندین چیرۆك و زنجیرە درامای كۆری، لەناو بینەرانی كوردستاندا زۆر ناسراو و ناودار بوون.
وتیشی: ئاژانسی كۆیكا خزمەتێكی زۆری كرد و هێشتا لە خزمەت و ئەركەكانی لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە. ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا لە بنیاتنانەوەی زیاتر لە (60) قوتابخانە، (15) سەنتەری پزیشكی، نەخۆشخانە و پەرتووكخانەی زەیتوون، یارمەتیدان لە دامەزراندنی ئەنستیتیۆی كوردستان بۆ كارگێڕیی گشتی و دامەزراندن و كاراكردنی سیستمی كڕینی ئەلەكترۆنی. هەموو ئەمانە و چەندی دیكە، كار و خزمەتی دیاری كۆریا بوون لە هەرێمی كوردستان.
دووپاتیشیكردەوە: ئەو سەرەتایە دەسپێكردنی پەیوەندییەك بوو كە خۆشبەختانە تا ئێستاش زۆر دۆستانە و دوای بیست ساڵ، ئەمڕۆ ڕۆڵ و كاریگەری و ئامادەیی و جێپەنجەی دۆستانی كۆریامان لە زۆر بواری جیادا لە هەرێمی كوردستان، بە ڕوونی دیارە. دۆستی دڵسۆز و زۆر باشی ئێمە بوون و ستایش و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو هاوكاری و یارمەتییان.
باسی لەوەشكرد: بۆ خۆم یادەوەریی خۆش و زیندووم هەیە لەگەڵ یەكەم سەردانم بۆ كۆریا. ئەو گەرموگوڕی و دۆستایەتییەمان لەبیر ناچێتەوە كە لە كاتی گەیشتمان بۆ سیئۆل لە فڕۆكەخانە بە كوردییەكی زۆر جوان و پاراو پێشوازییان لێ كردین. ئێستاش كە یادی بیست ساڵەی ئەو سەرەتایە گرنگە دەكەینەوە، كۆریای باشوور و گەل و كولتوور و كاریگەرییەكەی بە تەواوەتی، لای گەلی كوردستان ئاشنایە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەر لە وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەشدا: بەو كار و خزمەتە زۆرەی كۆریای باشوور، تیمی زەیتوون، ئاژانسی كۆیكا و كۆمپانیا و هاوبەشە كۆرییەكانمان لێرە پێشكەشیان كردووە و دەیكەن، ئێستاش دۆستایەتییەكی پتەو لەنێوان هەردوولاماندا هەیه و بەردەوامە.
وتیشی: ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەو پەیوەندییانە زۆر خۆشحاڵ و شانازییان پێوە دەكەین. خوازیارین، چاومان لەوەیە و ئامادەین بۆ زیاتر فراوانكردن و برەودان بە هاریكاریی هاوبەشی نێوانمان لە هەموو بوارەكاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.
ئاماژەی بەوەشدا: چیرۆكی ناوازەی سەركەوتنی كۆریای باشوور، بۆ هەموو جیهان زۆر سەرنجڕاكێش و ئیلهامبەخشە. هەرێمی كوردستان و عێراق دەتوانن وانە و پەندی زۆر بەسوودی لێ وەربگرن. كۆریا بە دەست لێكەوتەكانی دوای جەنگەوە لە وێرانكاری و ئابوورییەكی لاوازەوە دەیناڵاند، بەڵام بە هاوكاری و یارمەتیی نێودەوڵەتی، قورسایی و فۆكەسی خستە سەر بنیاتنانەوەی مرۆڤ و ژێرخان و دامەزراوە بنەڕەتییەكان.
رونیشیكردەوە: لە ئەنجامی پلانی ستراتیژی و دەسپێشخەری و داهێناندا، كۆریا لە وێرانە و لە دۆخێكی سەخت و دواكەوتوو، بوو بە چواردەهەمین گەورەترین ئابووریی جیهان. بووە یەكێك لە توانا هەرە بەهێزەكانی تەكنەلۆژیا. مۆری خۆی خستە سەر پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و زانست لەسەر ئاستی جیهاندا.
وتیشی: ساڵی 1971، دوای جەنگ یەكێك لە كارە هەرە ژیر و دروستەكانی كۆریای باشوور، دامەزراندنی (پەیمانگەی پەرەپێدانی كۆریا) بوو. ئەو پەیمانگەیە سەركەوتووانە سیاسەت و ستراتیژی هەستانەوە و پەرەپێدان و پێشخستنی ئابووری و بنیاتنانەوەی مرۆڤ و كۆمەڵگەی كۆری داڕشت.
چەند ساڵێك دواتر ئەنجام و كاریگەریی گەورەی كاری ئەو پەیمانگەیە بە ڕوونی بەسەر پێشكەوتن و گەورەبوونی ئابووریی كۆریاوە دەركەوت. ئێمە دەكرێ لێرە بەپێی دۆخ و زەمینە و پێویستیی هەرێمی كوردستان ئەزموونەكەی ئەوان دووبارە بكەینەوە.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: وەفا و دڵسۆزی و وابەستەیی و گرێدانی هاووڵاتیی كۆری بە وڵاتەكەیان و بە خاك و بە نیشتمان و بە گەلەكەیەوە، بڕوا و متمانە و هیوای بە داهاتوویەكی باشتر، كار و كۆڵنەدان و خۆماندووكردن و قوربانیدانی كۆرییەكان، هۆكاری دیكەی سەرەكیی سەوكەتنی وڵاتەكەیان بوو. هەموو ئەمەش لە پەروەردە و فێركردن و پێگەیاندنی دروستەوە سەرچاوەی گرتبوو.
بەگشتی ئەزموون و چیرۆكی كۆریا بە ئێمە و هەموو مرۆڤایەتی دەڵێت: ئەگەر ئیرادە و خواستی پێشكەوتن و وەبەرهێنان لەسەر مرۆڤ و پەرەپێدان بە تواناكان هەبێت، هەمیشە دەرفەت هەیە كە هیچ گەل و نەتەوەیەك لە دواوە نەمێنێتەوە و هەمیشە ڕێگەی سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجە باڵاكان لەبەردەم گەلاندا كراوەیە.
وتیشی: لەم یادەدا جەخت لە هاوبەشییەكانمان لەگەڵ كۆریادا دەكەینەوە. هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەباری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە و دەرفەتی باشی بۆ كەرتی تایبەتی كۆری لە هەموو كەرتەكاندا هەیە.
ئەوان دەتوانن هێشتا كاراتر لە پەرەپێدان و پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی كوردستان، لە هاوكاریی بوارەكانی زانست، تەكنەلۆژیا، كولتووری و زۆر بواری دیكەدا، هاوبەش و بەشدار بن. ئاسۆی پەیوەندییەكانمان بە سوودی هەردوولا، دەكرێ زۆر فراونتر و گشتگیر بێت و بەردەوامی بەو كارانە بدەین.
لە كۆتاییدا، دوای بیست ساڵ، دەمەوێ لێرە، لە هەولێرەوە، سوپاس و ستایش و پێزانینی خۆم و خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ یەك بە یەكی ئەندامانی تیمی زەیتوون دووپات بكەمەوە. سڵاو و ڕێزیان بۆ دەنێرم لە هەولێرەوە، بەتایبەتی دەمەوێ لێرە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی تایبەتی بۆ جەنەراڵ هوانگ، یەكەم فەرماندەی تیمەكە، بۆ ئەفسەرانی پارك، كیم، لین و هەموو ئەوانی دیكە. پێیان دەڵێم: بە ناسینیان زۆر خۆشحاڵ بووین، بیریان دەكەین و ئێستا لە هەركوێ بن، هیوای تەمەندرێژی، شادی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
راشیگەیاند: زۆر سوپاس بۆ كونسوڵی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان و تیمی كونسوڵخانە بۆ سازدانی ئەم ڕێوڕەسمە و دووبارە بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەم.