هەولێر - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنەراڵ كیڤن لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا دۆخی ئەمنیی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جەنەراڵ كیڤن لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا و شاندێكی یاوەری، دۆخی ئەمنیی ناوچەكەیان تاوتوێ كرد.
راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕا بوون كە داعش هێشتا مەترسییەكی جددی و ڕاستەقینەیە و بە پەلامارەكانی لە عێراق و سووریا، هەڕەشەی بەردەوام لە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات. لەمبارەیەوە جەختیان لە گرنگی و پێویستیی بەردەوامیی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هاریكاریی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیماناندا كردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دڵنیابوونەوە لە تێكشكاندن و لەناوبردنی یەكجارەكی داعش.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، لە تەوەرێكی دیكەدا دوایین هەنگاوەكانی پرۆسەی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و چاكسازی لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە خرانە بەر باس و داكۆكی لە سەرخستنی پرۆسەكە كرا.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكردەوە: كە هەرێمی كوردستان موكوڕە لە سەرخستنی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە و نەهێشتنی تەگەرەكانی بەردەمی، هەروەها ستایشی هاریكاری و پشتگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پرۆسەكە كرد.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری پێشمەرگە، سوپاسالاری پێشمەرگە و كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، باس لە دوایین پێشهاتەكان و ئەگەر و لێكەوتەكانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە پشێوی و ئاڵۆزیی زیاتر كردەوە.
شێخ نەعیم قاسم: شکست بە قەوارەی زایۆنیستی دەهێنین