بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان رێڕەوێكی گەورەی ئابوورییە كە بەندەری فاو لە ڕێگەی توركیاوە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئامادەی سیمینارێك بوو، كە لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەكەی بۆ هۆڵەندا و بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك بازرگان و نوێنەری 40 كۆمپانیای هۆڵەندی بەڕێوەچوو.
بەپێی بەیاننامەكە سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ هۆڵەندا و خواستی پەرەپێدانیان كرد، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە، و جەختیشیكردەوە: كە عێراق ئەمڕۆ بە دۆخی بوژانەوەدا تێدەپەڕێت، لە ئاستە جیاجیاكاندا، دوای تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕی داعش، كە گەلی عێراق سەركەوتنی بەدەستهێنا، بە پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هۆڵەنداش لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوو كە پاڵپشتی ئەم هەوڵانەیان كرد.
ئاشكراشیكرد: لەژێر ڕۆشنایی ئامادەیی و كارامەیی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق، داوامان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد كۆتایی بە ئەركەكانی لە عێراق بهێنێت كە 10 ساڵی خایاند، و وتیشی: حكومەت ئەولەویەتی هەیە، لەوانە چاكسازی لە ئابووری عێراق و ناتوانین بە تەنها بەردەوام بین لە پشتبەستن بە داهاتی نەوت.
رونیشیكردەوە: ئێمە لەسەر دوو ڕێگا دەڕۆین: یەكەمیان بەدیهێنانی چاكسازییە لە كەرتە جیاوازەكانی ئابوری و بانكی و دارایی و وەبەرهێنانی غاز، ئەوی تریان جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەیە كە هەلی كار دەڕەخسێنن و پێداویستیەكانمان بۆ خزمەتگوزاری و كاڵا پڕبكەنەوە، و وتیشی: عێراق ساڵانە بە بەهای دەوروبەری 70 ملیار دۆلار كاڵا هاوردە دەكات، لەگەڵ هۆڵەنداش ساڵانە بە بەهای نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار هاوردەمان هەیە.
راشیگەیاند: ئێمە دەستمان بە بەرنامەیەك كرد بۆ بەكارهێنانی ئاو بە شێوەیەكی گونجاو، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخەی كە ناوچەكە و جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنن، و تیشی: ئێمە پاڵپشتی جووتیارانمان كرد لە بەدەستهێنانی سیستەمی ئاودێری هاوچەرخ، هەوڵیش دەدەین وەبەرهێنان لە ئەزموونی سەركەوتووی هۆڵەندا بكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمی ئاو لە عێراق.
جەختیشیكردەوە: یەكێك لە دەرەنجامەكانی كۆبوونەوەكە لەگەڵ حكومەتی هۆڵەندا پێكهێنانی ئەنجومەنی هاوكاری نێوان عێراق و هۆڵەندایە، بۆ بەدواداچوون بۆ سەرجەم دۆسیەكان بە لیژنەی كشتوكاڵ و ئاویشەوە.
تەئكیدیشیكردەوە: كە سەركەوتوو بووین لە پەسەندكردنی بودجەی سێ ساڵە، كە پەیامی سەقامگیرییە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بەبێ دواكەوتن، و وتیشی: سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان لەگەڵ كەرتی تایبەت خەریكی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەبێت دوور لە حكومەت، كە ڕۆڵی ئەوان پلان و ڕێكخستن دەبێت، حكومەت، بۆ یەكەمجار، گەرەنتی سەروەری دەداتە كەرتی تایبەت تا 85٪ بۆ هەر پڕۆژەیەك كە جێبەجێ دەكرێت.
ئاشكراشیكرد: ئێمە پێویستمان بە كۆمەڵێك كارگە هەیە كە كەرەستەی بیناسازی بۆ شارە نوێیەكان دابین بكەن، و وەبەرهێنان لە سەرچاوە سروشتییەكاندا بكەن، و وتیشی: عێراق پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی پەسەند كرد، كە ڕێڕەوی گەورەی ئابوورییە كە بەندەری گەورەی فاو بە ئەوروپا لە ڕێگەی توركیاوە دەبەستێتەوە، تا دەگاتە بەندەری ڕۆتەردام.
رونیشیكردەوە: ڕێگای گەشەپێدان كات و تێچووی گواستنەوە كەم دەكاتەوەو هێڵی ئاسنینی بێ وەستان لەخۆدەگرێت، و بەندەری گراند فاوی گەورە لە ناوەڕاستی ساڵی 2025دا دەكرێتەوە، یەكێك لە كەشتییەكانیش بە شێوەیەكی ئەزموونی لە یەكێك لە پێنج جێگاكەی لەنگەری گرتووە.
سەرۆك وەزیران راشیگەیاند: ئێمە ڕەشنووسی یاسای هەمواركردنی ئابووریمان پێشكەشكرد، كە ژینگەیەكی سەرنجڕاكێش بۆ كەرتی تایبەت دەڕەخسێنێت، و ڕێگە بە ڕێژەی خاوەندارێتی كۆمپانیای بیانی تا 100% دەدات، و وتیشی: دەستمان كردووە بە چاكسازییەكی ڕیشەیی لە كەرتی دارایی و بانكی، و ڕێوشوێنەكانی پەیوەست بە پابەندبوون بە ستانداردە جیهانییەكان لە گواستنەوەی داراییدا، و بانكە نێودەوڵەتی و عەرەبییەكانیش دەستیان كرد بە كردنەوەی لقەكانیان لە عێراق.
جەختیشیكردەوە: لە ئێستادا سەرجەم نەتەوەكان لە عێراق كار دەكەن، لەسەر ئاستی یەكێتی ئەوروپاش كۆمپانیای فەرەنسی و ئیتاڵی و ئەڵمانی و ئیسپانی و نەمسایی هەیە، هەروەها كۆمپانیای ئاسیا و عەرەبی و وڵاتانی ناوچەكەش بونیان هەیە، و وتیشی: ئیرادە و كردار لەسەر هەموو ئاستەكانی دامودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق هەیە، بەمەبەستی هەنگاونان بەرەو واقیعێكی باشتر.