بەسەرۆكایەتی سودانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی كۆبوەوە

ئەمنی
  • 21-12-2022, 23:09
  • +A -A

    بەغداد - INA
    سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوار شەممە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی كرد.
    وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لیوا یەحیا رەسوڵ لە بەیاننامەیەكدا كە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ چوار شەممە، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ویزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی كرد و تێدا دواپێشهاتەكانی رەوشی ئەمنی و فریاكەوتن لەوڵات لەگەڵ ئەو بابەتانەی ناو كارنامەی كۆبوونەوەكە تاوتوێكران. 
    ئاشكراشیكرد: سەرەتا كۆبوونەوەكە گفتوگۆی لەسەر هەردوو هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر بێ گوناهەكان لەهەردوو پارێزگای دیالە و كەركووك كرد، هەروەها ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نشتیمانی جەختی لەسەر دەركردنی چەند ‌راسپاردەیەكی كردووە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.   
     هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، كە كۆبونەوەكە باسی لە پرسی ‌گەرەنتی كردنی سنوور لەگەڵ توركیا و ئێرانی كرد. لەگەڵ كۆمەڵێك لەو ‌بابەتانەی تری ناو كارنامەی كۆبوونەوەكە و چەندین راسپاردە و بڕیاری گونجاو سەبارەت بەم بابەتانەشی دەركرد.